سوودانی: هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق جدییە
  2023-11-08       640       

شەوی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا كۆبووە، لە كۆبوونەوەكە سوودانی هۆشداری بە سەركردەكانی لایەنە شیعیەكاندا لەوەی كە هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق جدییە.

ئاوێنە: ڕۆژنامەی عەرەبی جدید-ی قەتەری لە زاری چەند سەركردەیەكی عێراقییەوە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەدی شەوی ڕابردووی سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاو كردەوە.

ڕۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، دوای گەڕانەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تاران، شەوی ڕابردوو لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە، سوودانی ڕایگەیاندووە، ئەمریكا جدییە لە هەڕەشەكانی بۆ وەڵامدانەوە و كردنە ئامانجی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی داوای لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، فشار بكەنە سەر گرووپە چەكدارەكان بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانیان دژی هێزەكانی ئەمریكا، دەشڵێت:  ئێران توانای ئەوەی هەیە گوشار بخاتە سەر ئەو گرووپە چەكدارانە بە مەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە پەیامەكەی ئەمریكادا هۆشداریی ڕوون و ڕاستەوخۆی تێدایە لە وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ سەر ئەو گرووپە چەكدارانە،  ئەمەش مەترسییەكی ڕاستەقینە درووست دەكات و عێراق دەبێتە سەنگەری ململانێیەكان، ئەم هێرشانەش هەڕەشەیەكی گەورەی ئەمنی و ئابوورییە بۆ سەر عێراق، هەر بۆیەش سوودانی دەیەوێت تاران ڕۆڵی هێوركردنەوەی ئەو گرووپانە بگرێتە ئەستۆ.

سەرچاوەكە لە كۆتاییدا وتی: سەردانەكەی سوودانی بۆ هەندێك وڵاتی كەنداو بریتی دەبێت لە گەیاندنی پەیام بەو وڵاتانە، كە حكوومەتی عێراق ڕێگە نادات خاكی عێراق ببێتە شوێنی هەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندی و ئامانجەكانی ئەمریكا لەو وڵاتانە، لە داهاتوودا بەغدا ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە هەر هێرشێكی لەم جۆرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×