راوێژكارێكی سودانی: عێراق بەشداریی شەڕی ئیسرائیل و حەماس ناکات
  2023-11-08       467       

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی باشدان و کێشەکان بەرەو چارەسەربون دەچن، دەشڵێت"عێراق وەکو بڕیارە بەشداریی شەڕی ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە ناکات."

 ئاوێنە: فەرهاد عەلائەدین، راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروباری دەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە روداوی راگەیاند، ''پەیوەندییەکان و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستێکی باشدان و کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن یان بەرەو چارەسەربون دەچن."

 لەبارەی تەشەنەكردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، فەرهاد عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، ''عێراق بە هەمو شێوەیەک پشتگیری و هاوکاریی غەززەی فەلەستینی دەکات و ئێستاش هەوڵی دیپلۆماسی، سیاسی و مرۆیی دەدات، تەنانەت سێ جار لە رێگەی میسرەوە هاوکاری [مرۆیی]یان بۆ برا فەلەستینییەکان ناردوە" جەختیشی كردەوە''بەغدا سەرەڕای هاوکاری و پشتگیریی غەززە، بەڵام وەکو بڕیارە بەشداریی ئەو شەڕە ناکات، ئەوەی عێراق دەیەوێت بیکات، کۆکردنەوەی هاوکاریی ناوچەیی، دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیەنرێت."

 لبارەی سەردانەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغداو كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرهاد عەلائەدین وتی، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوە بو کە شەڕی نێوان گروپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل بەرەو وڵاتانی دیکە پەرەنەستێنێت.

 سودانی دوای ئەوەی شەوی 05-11-2023 لەگەڵ وەزیری دەرەوەس ئەمریكا کۆبوەوە، رۆژی دواتر سەردانی ئێرانی کرد، فەرهاد عەلائەدین رەتیکردەوە، سەردانەکان پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت و وتی، ''سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران زۆر پێشتر لە گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکخرابو و پەیوەندییان بە یەکدییەوە نەبوە، بەڵکو سەربەخۆ ئامادەکارییان بۆ کرابو."

 راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، عێراق وەک هاوبەشی ستراتیژی سەیری ئەمریکاو ئێران دەکات و نابێتە گۆڕەپانێک بۆ کێشەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە، وتیشی، ''لە هەمو دیدارەکاندا ئەم پەیامە بە رونی و ئاشکرا بە هەردو لا راگەیەندراوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×