لە بەسرە شەڕ لەنێوان سەرایا سەلام و عەسائیب روویدا و سێ کەس کوژران
  2023-11-09       360       

لە شاری بەسرە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو گرووپی چەکداری سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق روویدا، لەئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دووانیان چەکداری عەسائیبن. 
 
شەڕەکە کاتژمێر 09:20ـی شەوی رابردوو (چوارشەممە، 8-11-2023) لە گەڕەکی جیهاد لە نزیک بنکەی پۆلیسی جیهاد لە بەسرە روویدا.
 
هاوكات بەپێی وتەی شاهێدحاڵان لە هەردوولا، شەڕەکە دوای ئەو دروست بووە، کە چەکدارانی عەسائیب ئەهلی حەق گەنجێکی سەر بە رەوتی سەدریان لە پرسەی دایکیدا کوشتووە، کەسوکاری گەنجەکەش لە وەڵامدا دوو چەکداری عەسائیب ئەهلی حەقیان کوشووە.
 
هەروەها دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرە کەوتنە ئامادەباشی و ژمارەیەک رێگەی سەرەکی داخران و هێزە ئەمنییەکان بە فراوانی لە ناوچەکانی بەسرە بڵاوبوونەوە، بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی شەڕەکە.
 
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوکرایەوە و باس لەوەکرا هێرشی چەکداری کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی جیهاد و دوو پۆلیس بریندارن، فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و رایگەیاند، شەڕێک بووە لەنێوان دوو گرووپی چەکدار، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەباشی، تەقەکاران کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆدا بوون، دەستگیرکران و رێکاری پێویست لەبەرامبەریان گیراوەتەبەر.
 
جێی باسە لە سەرەتای تەمموزی 2022 لە بەسرە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەرایا سەلام و عەسائیب ئەهلی حەق روویدا. موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی ناکۆکن، پێشتر خەزعەلی لە رەوتی سەدر جیابووەوە و بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقی دامەزراند. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×