ئەبو ئالا وەلائی: تا هێرشەكانی ئیسرائیل رانەگیرێن، هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راناگیرین
  2023-11-10       360       

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لەعێراق رایگەیاند، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە رانەگیرێن، هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دژی هێزەکانی ئەمریکا راناگیرێن.

 ئاوێنە: ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گروپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، یەکێک لەو گروپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل و بونی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نیشاندەدات و بە یەکێک لە گروپەکانی نزیک لە ئێران هەژماردەکرێت، شەوی رابردو لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی"هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق تەنها ئەو كاتە رادەگیرێن، كە دەستدرێژیی زایۆنییەكان بۆ سەر غەززە رابگیرێت."

وتوشیەتی، "هیچ ئاگربەستێک بەرامبەر داگیرکاری ئەمریکی لە عێراق ناكرێت تاوەکو ئاگربەستی راستەقینەو پابەندبونی دوژمن پێیەوە لەگەڵ خەڵكەكەمان لە غەززە رونەدات".

ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لە پەیامەكەیدا وتویەتی"دەرچونی ئەمریکا لە عێراق بەسەلامەتی نابێت تا ئەوکاتەی کاروانی هاوکاریی مرۆیی و دەرمان بەشێوەیەكی گەرەنتیكراو نەگاتە غەززە".

 ئەبو ئالا جەختی كردۆتەوە كە "ئەمە پێداگری مقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق و هەڵوێستی تۆكمەیەتی بۆ پاڵپشتیكردنی گەل و موقاوەمەی فەلەستین."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی گرتۆتە ئەستۆ كە لەدوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لەماوەی نزیكەی مانگی رابردودا لە عێراق و سوریا كراونەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×