سبەینێ سەرۆکی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەسعودیە کۆدەبنەوە
  2023-11-10       228       

سبەینێ لە پایتەختی سعودیە، وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدەن و بڕیارە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە، لەبارەی دۆخی کەرتی غەزە ڕابگەیەنن.

ئاوێنە: وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی سبەینێ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەی جەنگی نێوان غەزە و ئیسرائیل دەدەن و پرسێکی دیکەش، پەیوەستە بە ئاوارەکانی فەلەستین و دابەشکردنی بەسەر وڵاتەکاندا کە پێشنیازی وڵاتانی جی حەوتە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

ئەمینداریەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی بڵاوی کردەوە، سبەینێ شەممە لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بەڕێوە دەچێت، و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆ کردنە لەبارەی دۆخی کەرتی غەزە، کە ماوەی ٣٥ ڕۆژە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی کۆمکاری عەرەبی، ڕەشنووسێک بخرێتە بەردەم سەرۆکانی وڵاتانی کۆمکار تایبەت بە شەڕی غەزە، کە تێیدا هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە دەخرێتە ڕوو، کە بریتی دەبێت لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین و ئیدانەکردنی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، کە بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەزە، ژمارەی قوربانییان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ زیاتر لە ١١ هەزار کەس بەرزبوونەتەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیش لە باکووری غەزەوە بەرەو ناوچەکانی باشوور کۆچیان کردووە .

لە لایەکی دیکەوە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا و کۆریای باشوور) پێشنیازیان کردووە، دانیشتووانی غەزە بەسەر وڵاتانی (میسر، عێراق، ئوردن و لیبیا) دابەش بکرێت و لەوێ نیشتەجێ ببن تا کۆتایی هاتنی جەنگ، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە و کە ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستینیان بە هێڵی سوور ناوبرد و داوا دەکرێت ئاگر بەست ڕابگەیەنرێت و هاوکارییە مرۆییەکان، بگاتە دەست هاووڵاتییان و ژیانی ژن و منداڵەکان بپارێزرێت.

بە پێی زانیارییەکانی میدیا عەرەبییەکان، ئەم هەنگاوە کە ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە لە کۆبوونەوەی سبەینێ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و هەڵوێستی سەرۆکی وڵاتانی بەشدار لە کۆمکاری عەرەبی وەردەگیرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×