لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بانگهێشتی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكەین
  2023-11-11       179       

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگهێشت دەكەن بۆ گفتوگۆ لەبارەی بڕیاری بانكەكە تایبەت بە هاوردەكردنی دراوی بیانی لە دەرەوەی وڵات.

ئاوێنە: مستەفا كەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لیژنەكەیان كار دەكات لەسەر بانگهێشتكردنی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بڕیاری هاوردەكردنی دراوی بیانی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لەبارەی ئەو هۆكارانەی كە بونەتە مایەی دەركردنی بڕیارێكی لەوجۆرە، لەبارەی ئەوەشی كە چۆن دەكرێت بڕیارەكە كاریگەری لەسەر دۆخی ئابوریی ناوخۆی عێراق هەبێت.

كەرعاوی وتوشیەتی، ترس هەیە لەوەی ئەم جۆرە بڕیارانە لەلایەن لایەن و كەسایەتییەكانەوە بەكاربهێنرێن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، بۆیە ئێمە بەدواداچونی بۆ بڕیارەكە دەكەین و لە چەند رۆژی داهاتوشدا دوای ئاگاداریی تەواوەتیمان لە وردەكانی بڕیارەكە، هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین.

رۆژی 8ی ئەم مانگە، بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا كە رێگە بە بانكەكان بدرێت بۆ هاوردەكردنی دراوی بیانی لە دەرەوەی عێراق و بڕیارەكەش مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×