ئایا دو ڕۆژ گفتوگۆکردن لەنێوان هه‌ولێرو به‌غدا کێشەی نەوتی‌ هه‌رێم چارەسەر دەکات؟
  2023-11-12       831       
كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم

بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی‌ هه‌رێم بۆ توركیا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، وه‌فدێکی وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی وەزیری نەوت گەیشتنە هەولێر. بڕیاره‌ وه‌فده‌كه‌ له‌ماوه‌ی‌ دو ڕۆژی‌ مانه‌وه‌یاندا له‌هه‌رێم ڕیككه‌وتن لەگەڵ ئه‌و کۆمپانیا نه‌وتییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌هه‌رێم كار ده‌كه‌ن، له‌هه‌مانكاتدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنی‌ كۆتایی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ نه‌وت.

ئاوێنه‌: بەیانی ئەمڕۆ وه‌فدێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بەسەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازییانلێکرا. 

حەیان عەبدولغەنی به‌رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، ئامانج لەسەردانی وه‌فدی‌ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دیدو بۆچونی هەردو حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بەدوبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بڕیارە وه‌فدەکەی حکومەتی عێراق تا دو ڕۆژ لەهەولێر ببمێننەوە، سەرلەبەری کێشەکان گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، تا بەزویی بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە بدرێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگای تورکیاوە.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی‌، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، هەوڵدەدەین لەکۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت".

حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە کرد،" هاتوین تا تەواوی کێشەکانی پێش هەناردەکردنی نەوت چارەسەر بکەین، چونکە هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق گرنگەو بودجە پێویستی پێیەتی، بەوپێەی سامانی سروشتی سەرەکی بۆ عێراق نەوتە."

راشیگه‌یاند، "دیدو بۆچونی هەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدوبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نزیکە لەیەکەوە، بەگوێرەی یاسای گشتی عێراقی فیدراڵ، ڕۆژانە دەبێ هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، بۆیە هەوڵدەدەین بەربەستەکان لەکوێبن لای بدەین و بەشێوەیەکی ئاسانتر نەوتی کوردستان هەناردە بکرێت."

وەزیری نەوتی عێراق ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، "وەک هەنگاوی یەکەم ڕێکەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ده‌كه‌ین كه‌ نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن‌و ڕێکەوتنی سەرەتایشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوەی کێشە بێت هەوڵی چارەسەری دەدەین لەم دوو ڕۆژەدا، هەروەها لێکتێگەشتنی باشمان هەیە لەگەڵ حکومەتی تورکیا."

لای‌ خۆیه‌وه‌ کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمیش بەوەکالەت ڕایگەیاند، "یەکێک لەهۆکارەکانی هاتنی ئەم وه‌فده‌ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێش دوو ڕۆژ سەرۆکی وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنکرا، ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئەم وه‌فده‌ بێنە کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان."

وتیشی،"لەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵ نزیکەی شەش دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆیە ئەم نرخە ناگونجێت لەگەڵ گرێبەستەکانمان، ئەوان هاتون تا تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکات."

نەوتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ساڵانێکە بۆتە "گرێ کوێرە"ی نێوان هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵ‌و کێشەکانی بەرەو تونێلێکی تاریک بردووە، ئەوەش وایکردووە هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی ئابوری خراپ ببات.

له‌دوای‌ ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌بڕیاری‌ دادگای‌ ناوبژیوانی‌ پاریس له‌ 25ی‌ 3ی‌ 2023، تائێستا دەیان جار وه‌فدی هەرێم‌و بەغدا کۆبونەتەوە، بەڵام نەگەشتوەنەتە ڕێکكەوتنی کۆتایی، ئایا سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق‌و دو ڕۆژ گفتوگۆکردن لەنێوان هه‌ولێرو به‌غدا کێشەی نەوتی‌ هه‌رێم چارەسەر دەکات؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×