نەرمین مەعروف: بەغداو هه‌ولێر گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەستپێده‌کەنەوە
  2023-11-13       214       

نەرمین مەعروف پەرلەمانتاری یەکێتیی لەپه‌رله‌مانى عێراق‌و ئەندامی لیژنەی دارایی، ئاشکرایکردوە، بەغداو هه‌ولێر نیازیان هەیە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بەئامانجی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ستراتیژیی درێژخایەن دەستپێبکەنەوە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌به‌غدا وتویه‌تى، "ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کۆتایی هێنانە بەناکۆکییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران فۆکەس کردن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت‌و غاز".

جەختیشیکردۆتەوە، ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هۆکاری دواکەوتنی دەرکردنی یاسای نەوت‌و غازە.

پەڕلەمانتارەکەی یەکێتیی باسی لەپێویستی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ‌و درێژخایەن لەنێوان هەرێم‌و بەغدا کردۆتەوە کە بەهۆیەوە بتوانرێت یاسای نەوت‌و غاز دەربکرێت.

ئاشکراشیکردوە، دۆسیەی نەوت‌و غازو هەندێک دۆسیەی تر هێشتا ئاڵۆزن‌و هیوادارن لەوبارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن.

پێشتر، شەریف سلێمان پەڕلەمانتاری پارتی لەپه‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکردبوو، ڕەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز هێشتا لای ئەو لیژنە حکومییەیە کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوەو حکومەتی هەرێمیش پێشنیازەکانی خۆی داوەتە ئەو لیژنەیه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×