كۆمپانیایەکى گەورەى نەوتى ئەمریکا عێراق بەجێدەهێڵێت
  2023-11-13       536       

شارەزایەكی ئابووری بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی، كە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی نەوت پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای نەوتی بەسرە فرۆشتووە و عێراق بەجێدەهێڵێت.

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری لەبارەی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی و جێهێشتنی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی، كە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی نەوت عێراق بەجدەهێڵێت، لە کاتێکدا كۆمپانیاكە پشكی ٢٢.٧٪ی خۆی بە كۆمپانیای نەوتی بەسرە لە كێڵگەی قورنە/١ی فرۆشت، كە یەدەگی ئەو كێلگەیە دەگاتە ٢٠ ملیار بەرمیل و نزیكەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت لە ڕۆژێكدا، كە دەکاتە ٩% بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقە.

ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری ڕۆشتنی ئەو كۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكی لە نێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیاكە، سەبارەت بە بڕی ئەو باجانەی، كە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل دەیدات، چونكە عێراق داوا دەكات كۆمپانیا ئەمریكییەكە بڕی ١٢٠ ملیۆن دۆلار بدات، لە كاتێكدا كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی تەنها ١٢ ملیۆن دۆلار، هێشتا نازانرێت ئایا پرسی ئەو باجانە یەكلایی كراوەتەوە یان ڕەوانەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دەكرێت.

كێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە ١،  لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن كۆمپانیا ئەمریكیەکەوە پەرەی پێدراوە و فراوانتر كراوە، یەدەگی نەوتی ئەو كێڵگەیە بە نزیكەی ٨.٥ ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، بە تێكڕا ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.

بەپێی داتا فەرمییەكانی عێراق، كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلى ئەمریكی خاوەنی ٦٠٪ی گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەكان بووە، كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراقی ٢٥٪ و كۆمپانیای ڕۆیاڵ داچ شێڵ ١٥٪ی گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەكان بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×