"لەچەند رۆژی داهاتودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حەلبوسی دەردەکرێت"
  2023-11-18       882       
محەممەد حەلبوسی


به‌وته‌ی‌ سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح، لەچەند رۆژ داهاتودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حەلبوسی، سه‌رۆكی‌ دورخراوه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق دەردەکرێت. ده‌شڵێت، چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە کە روبەڕوی حەلبوسی دەکرێتەوەو لەسەری سزا دەدرێت.

ئاوێنه‌: عەلی زوبەیدی، سەرکردە لەهاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گەشتکردن لەحەلبوسی قەدەغەکراوەو لەژێر فەرمانی مانەوەی زۆره‌ملێدایه‌، لەچەند رۆژی داهاتودا فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەردەکرێت.

رۆژی14ی11ی‌ 2023 دادگای باڵای‌ فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتاییهێنان بەئەندامێتی لەمحەممەد حەلبوسی هێناو بەمەش راستەخۆ حەلبوسی لەپۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوردەخرایەوە.

زوبەیدی رونیکردەوە، "بەدورخستنەوەی حەلبوسی، پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەباربراو چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە کە روبەوی حەلبوسی دەکرێتەوەو لەسەری سزا دەدرێت".

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح داوای لەدادگاو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پەلە بکەن لەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەلبوسی، دوای ئەوەی بەبڕیاری دادگای فیدراڵی تۆمەتی "ساختەکردنی" روبەڕو کرایەوە.

عەلی زوبەیدی ده‌ڵێت، "چەندین دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەبارەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا سوننەکان و سودمەندانی یاسای دەزگای شەهیدو خانەنشینی و دەستپاکی و دۆسیەی زەوییەکانی وەفا لەئەنبار روبەڕوی حەلبوسی دەکرێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×