گلەییەکان لەبورکانی دڵ‌و ناخدا دەکوڵێن یا دەبنە برین‌و وجودمان لەسوڕی کولانەوە دەھێڵنەوە
  2019-08-14       813       
ئەستێرە کەریم
ئەستێرە کەریم

مرۆڤ لەھەر کۆمەڵگایەکدا ژیا و ئیشیکرد ماف و ئەرکی تایبەتی و گشتی ھەیە، ھیچ مرۆڤێک نییە تەنھا مافی ھەبێ و ئەرکی نەبێت، ھەروەک چۆن ھیچ مرۆڤێکیش نییە مافی بەتەنھا ئەرکی ھەبێت و مافی نەبێت. ئەو مرۆڤانەی پێیان وایە تەنھا مافیان ھەیە و نابیت ئەرکیان پێ بسپێردرێت گەندەڵترین جۆری مرۆڤن و خۆیان بەرزتر لەھەر مرۆڤێک دەزانن، ئەوانەشی لەخەیاڵیان تەنھا خۆیان بەشایستەو خاوەنی ئەرک دەزانن و ھیچ مافێک بەڕەوا نابینن بۆ خۆیان و بەجۆرە پەروەردەکراون یەک پارچە لەکۆیلە و ملکەچ و سەرشۆر زیاتر ھیچی تر نین کە بەردەوام لەخزمەت مرۆڤی زاڵم و کۆمەڵگای ستەمکاردا دەژین، گشت بەھایەکی مرۆڤ بوونیان لێ داڕنراوە. 

ڕەنگبێت پرسیاری ھەقیەقەت چییە؟ ئازادی چییە؟ لەم کۆمەڵگایانە جۆرێک بێت لە وشیاری بەڵام ھیچ کەس و کۆمەڵگایەک ناتوانێت بانگەشەی وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە سەمەرەیە بکات، بڵێت ئەوەتا من، ئێمە ھەم خاوەن حەقیقەتین و ھەمیش ئازادیمان وەک ئەگەری گەشتی سەرکەوتن بەسەر یاسا پەنھانەکان بەدیھێناوە، ئەتوانین چۆڕێک لەم کانییە بەئێوەش ئەوداڵانی ببەخشینەوە. خۆ گەڕانیش بەدوای جەوھەر و کرۆک یا تەلیسم و شەپۆلە وونەکانی ئەم دوو پرسیارە، لەم مەملەکەتە زۆرجار مرۆڤ لەنێو چەمی تەنھایی و بێھیوایی گیردەکات، بەتایبەت ئەگەر ھەست بکەی لەناو کۆمەڵگایەکی لێوانلێو لەناماقوڵییەت سەرت دەرھێناوە، شعوری پەیامبەرێکی تەنھاو بێکەس لەناختدا گینگڵ بدات، بەجۆرێک لەناو کۆمەڵگایەکی ناماقوڵدا کە میراتگری بیرو یاسایەکی درێژخایەن و دێرینەی کولتوریی مەملەکەتی مەرگە.
 
دواتر دەبێت بەدوای چرکە ساتەکانی شکۆی ژیان و جوانی و ئازادی بگەڕێیت، لەھەناوی نیھلیزمێکی تاریکدا ئەوداڵی شکۆی ئەو ھیواو ئومێدانەبیت لەسەرەمەرگدان. بەپێچەوانەی تەوژمی کوشندەی بەندایەتی سەردەم گەشتی ژیان دەستپێبکەی، گومانی تێدانییە، بەبێ دەستکەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ماوەیەکی کەمی ژیانی خۆتدا، ڕەشبینی مرۆڤ بەرەو کەناری پڕ لەشپرزەیی شێتی پەلکێش دەکات یا وەک سۆفییەکی کز و تێکشکاو و خەڵوەتکێش لەکونجی ژوورێکی ئەنگوستەچاودا خۆ دیل دەکەین. لەنێو جوگرافیای ئازار و ژانێکی فەوتێنەر زیندانی دەبین، تا ئەو سنورەی ماناکانی جوانی و مرۆڤ و ئازادی وەک بەفری ژێر تیشکی گەرمی نائومێدی دەتوێتەوەو ئاوێتەی خاک و خۆڵ ئەبێت، ئیدی کەس لەچیرۆکی سوێی توانەوە و ڕەشبینی ناگات. لەنێو تابلۆی ژیان دەسڕێینەوە. ڕەنگێکی بەد و ناشرین جێگەی دەنەخشێنێ. 

بۆ چرکە ساتێک من دیمەنی ئەم پڕۆسەیە لەناخمدا خۆی بزواند، خاپورکردنی کۆمەڵگایەکی ناماقوڵ ئەرکی من نییە، بۆ دەبێ خۆم دووچاری ئەم گێژاوە ڕۆح کوژە بکەم، ئەگەر تەنھام کەن، دامببڕن و دەستبنێن بەڕوومەوەو ھاواری وەستانم بکەن. بۆدەبێ ھەناسەکانم لەپێناو نەوەیەک بفەوتێنم کە بەرھەمی مێژوویەکی پڕ لەگەندەڵی و نا شارستانی، میراتگری نەریتی ژن کوژی و بێنرخکردنی کەرامەتی مرۆڤ، میراتگری کولتوری بێبەھاکردنی مرۆڤبوون و دەیەھا شۆڕشی لاوازو شکستخواردووی یەک لەدوای یەک، میراتگری نەوەیەکی خۆخۆر کە تووشی ھیستریا و شێتییەکی سەیر بووە، ڕۆژ دوای ڕۆژ مەودایی نێوان ئازادی و ژیان و سەربەستی و جیھانی سەردەم و ئەم نەوەیە فروانتر و دوورتر دەبێت، بەجۆرێک ئەتوانم ناوی بنێم لێکترازانی جیھانی ئەم کۆمەڵگای مەرگە. 

من وەک تاکە ژنێکی خاوەن بیرو باوەڕێکی بوێر گەشتی سەربەستی خۆمم دەستپێکرد، دەمویست پێش ھەموو شتێک پیشانی ئەم نەوەیە بدەم کە ئەمان بەرھەمی ناشرینییەکانی سەردەمی شۆڕشی شاخن، نەوەیەکی تێکشکاو و بێزاری دوونیای دوای خەونە ئاڵو واڵاکانی شۆڕش و ئەخلاقی ژنکوژی شۆڕشگێڕین. کە من ناوی دەنێم نەوەی کۆمەڵگایەکی پڕ لەناماقوڵییەت. کە خاوەنی ھیچ ئایدیایەکی بەرز و بەھای ئەخلاقی مرۆڤ دۆستانەی جوان نییە. 

ئەو میتۆدەیەی من کردم بە ئامرازی ڕەخنەکاری لەژیانی ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە، ڕەخنەگری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە دوور لەھەر ڕق و کینەیەکی پەنگخواردوو یا ھەستی کینەی قوربانییەک. ھەرسێ لایەنم لەنێو ھاوکێشەی ڕەخنەکاری ئەقڵانی گرێداوە. کاتێک ئەقڵ دەبێتە زمانی حاڵی ھەنووکەیی و ئێستایی مرۆڤ، ڕۆحە ڕۆشنگەرییە یاخییەکەی خۆی بەرجەستە دەکات بەڵام خاڵی لە ڕک و کینە، مرۆڤ ھەست دەکات خاوەن بەھاو نرخێکی گەورەو مەزنە لەبووندا، بەڵام کاتێک لەناو کۆمەڵگایەکی ناماقوڵدا دەژین دەچینە ژێر باری کۆیلایەتی و ڕێز نەگرتن و بچوکبوونەوەی مرۆڤبوونمان لەگشت لایەنە جیاوازەکانی ژیان، ئیدی بەناچاریبێت یا بەویستیکی وشیار دەبوایە خۆم بکەم بە ژنێکی تەواو ڕووت لەگشت بەھا فیزیکی کە جل و بەرگ و بەھا ئەخلاقیی و وەھمە ژیان کوژەکان وەک خەیاڵی ئایدۆلۆژیا و بنەمای ڕەووشتی و ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیکان. لەبەرئەوە کرۆکی مەبەستی من بڵندکردنی ئاوازی نا ، نەخێر، بەرامبەر ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە بوو کە بیست ساڵ ژیانمی وەک خۆرکە داخوراند. بەئومێدی گۆڕینی جیھانە بچکۆلانەکەمان. 

لەڕێگەی یاخیبوون و ڕووت بوونەوە لەم کۆمەڵگا ناماقوڵەی میراتگری بەھاو ئاکاری نەوەی سەرشاخە و وەک گەردن بەندی خنکێنەر لەملی نەوەی دواتر ئاڵاوە. من ھاتم یاخیگەری و یاخیبوون بکەم بە فۆڕمی ژیانێکی تازە، دووبارە بەھای بەرز ڕاگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و ئاکاری کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگا ناشرین و ژن کوژەمان بگۆڕم بۆ ئەخلاقی مرۆڤی یاخی، بەڵام یاخیگەری دوور لە ڕق و کینە، ھەڵگری پڕۆژەی بونیادنانەوە، جیاواز لە سەدەکانی ڕابردوو لە شۆڕش و یاخیگەری بنۆڕین و بیکەین بە فۆڕم و شێوازی ژیان کردن.

ھەستمکرد ئەم دۆخە لەناماقوڵییەت دەرئەنجامی ساتێکی دیاریکراو نییە، دۆخێک نییە لەیەک خاڵەوە ھاتبێ، بەڵکو کێشەکە لەو پنتەوەیە کە لەماوەی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو ھیچ گروپ و ھێز و ئایدۆلۆژیایەک نەیتوانییوە لانی کەم چالاکانە لەسەر ئاستی گۆمەڵگا دۆخێک بڕەخسێنن کە ئینسانی کورد بتوانێت تیایدا ئیش بکات، دواتر بتوانین دەرئەنجانی ئەو ئیشە لەسەر خودی کۆمەڵگاکەمان دەربکەوێ، بەجۆرێک دوای ٢٧ ساڵ کاتێک کۆمەڵگاکەمان بە ووڵاتانی دەورووبەر بەچەند قات گەورەو قەبەتر بەراورد دەکەین تێدەگەین ئێمە لەناو چ کەشێکی ناماقوڵدا دەژین و لەچ ئاستێکین بەرامبەر دواکەوتووترین ووڵاتی ناوچەکە، کە خۆمان زۆرترین ھێزو سەرمایەی مرۆییمان ھەبوەو ھەیە ھاوشان لەگەڵ سەرمایەی ژێر زەوی و سەرزەوی. 

بوارەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ تەسکتر و بچوکتر بوونەتەوە سەرەڕای تیرۆرکردنی ڕۆشنبیر و بەشەیتانیکردنیان، ئێستا پیاوی ئاینی و سیاسییە جاھیل و ورگ زلەکان کاریگەریان لە ڕۆشنبیر و چالاکوانێک بەچەند گەورەتر لەم کۆمەڵگایەی خۆمان، زەینییەت و بیری میللەتەکەمان لەئاستێکی کورت و لۆکاڵییە، توانای بڕینی سنورە ووردەکانی دەورووبەری خۆی نییە، توانای گۆڕینی کۆمەڵگای ئیستای نییەو نابێت ، کۆمەڵگایەک لافی ئەوە لێدەدات ژن نیوەی کۆمەڵگایە، کەچی ژن وەک ڕەگەز و پێکھێنەرێکی سەرەکی بەژداریان پێنەکراوە لەبەرھەمھێنانی کولتورو نەریت و سیاسەت ، خوڵقاندنی کۆمەڵگا و مێژوو، ھاوشانی پیاوان. لەبنیادنانی دیموکراسی و جیھانی تازەی کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەکە مرۆڤەکانی لێوانلێوە لە درۆ و دووڕووی و تەشھیر و سوکایەتیکردن بە یەکتر، ھەڕەشەکردن، بەردەوام لەسەنگەردان ئەگەر ھەر تاکە کەس و گروپێک لێبڕاوانە بێتە مەیدانی تێکۆشانی سەربەستی بێ ھیچ ویژدان و بەھایەکی مرۆڤانە و بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری دەدەن، تا ئاستی چۆک پێداھێنانی، خۆم سادەترین نموونەم کە نەک تەنھا لەلایەن ھێزێکی دیاریکراو بەڵکو تەواوی کۆمەڵگاکەم دژم وەستانەوە، تەنانەت ژنان زیاتر لەپیاوان بوون بە دوژمنی سەرسەختم لەکاتێکدا من تەواوی ژیان و بوونم خستە سەردەستم بۆ سەر ڕێگاخستنی خەباتێکی یاخیگەری تازە لەپێناو بەدەستھێنانی سەربەستی و گەیاندنی پەیامی پڕ لەناڵەو ژان و ئازاری ژنانی میللەتەکەم، بەڵام من بەگوڕتر لەجاران دەستم کرد بە تیکۆشان، ئەمە بۆ من چەند بەسوێ بوو کە ھاو ئازارەکانم دژم بووەستنەوە، بەڵام بێ ئومێدی نەکردم و جیگەی سەرسوڕمانیش نەبوو، کاتێک پیاو پشتئەستور بە ھێزی ئاین و نەریت و کولتوری سەدەھا ساڵە بێگومان توانای ئەوەی دەبێت ژنان کۆنتڕۆڵبکات و لەپڕۆسەی دەستەمۆکردنی تاکەکانی ئاسانتر ژن کۆیلەتر بکات. 

ئەم دۆخە کە جیگای خەم و ئەسەفە ئەمە بۆ ژن سەدان جار نالەبارترە، چونکە ژن لەم کۆمەڵگایە پێناسەیەکی تەواو جیاواز لەمرۆڤی بۆ دەکرێت، کاتێک بییەوێ بێتە ئەم چوارچێوەیە و خەبات بۆ ئازادییەکانی بکات، نەک تەنگا گروپێک بەڵکو کۆمەڵگا بەدرێژایی ھەزار ساڵە لەگشت سێکتەرەکانەوە بە لێشاو جەلادی بۆ ئامادە کردووە لەگەڵ دەرکەوتنی بکەونە وێزەی و شین و شیتاڵی بکەن، تا ھەرگیز جارێکی تر ھیچ ژنێک زەفەری نەبێت قسە لەسەر سەربەستی و مرۆڤبوونی خۆی بکات بەبێ ئیزنی کۆمەڵگا. 

ھەتاوەکو ئەمڕۆش ژنی کورد وەک تاکێکی سەربەخۆ خاوەنی ھیچ جۆرە ئازادییەکی ڕاستەقینە نییە کەلە ڕەفتارو بیرکردنەوەی ژنانەی خۆی سەریھەڵدابێت، گشت جوڵان و کردارو گوفتار و ڕەفتارێکی ژن لەژێر وردبینی و دووربینی کۆمەڵگاو سیستەمی پیاو سالاریدا بووەو ھەیە، ژنان توانای ھەڵبژاردن و بڕیاردانیان لێ زەوترکراوە، ھێز و گوڕی ئەوەیان نییە بڕیار لە دواڕۆژ و بەرنامەی ڕۆژانەیان بدەن لەژیاندا. تا ئەو سنورەی کە گرنگترین ڕەھەند لەکۆمەڵگا دەبێتەھۆی گۆڕینی ژن و ھاتنە ناو کۆمەڵگا بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بریتییە لە خۆ بوونیادنان لەباری فیکری و مەعریفی لەڕیگەی خوێندن و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن لەسەرجەم بوارەکان تا ووردتر ئاگاداری ژیان و سەردەمەکەی بێت، لەبەر چاوی ناشرین و قێزەون کراوە. 

ئازادی بووە بە ووشەیەکی بێزراوی سەرزاری سیاسیی و پیاوانی ئاینی، وەک گرتوخانەیەکی مەترسیدار ژیانمانی پێ دەنەخشێنن، کە ھیچ نییە جگەلە لە فۆڕمێکی تری کۆیلایەتی، ئیتر کۆمەڵگاکەمان بەدرێژایی مێژووی ٢٧ ساڵی ڕابردوو بووە بە کارخانەیەکی سەیرو سەمەرەی بوونەوەری مشەخۆری کۆپیکراوی یەک لەدوای یەک، کە لەلایەکەوە لەناو زیندانی سەختی ترادسیۆن و دیندا ڕزیوە و لەلایەکی ترەوە بووە بە قەراول و پاسەوانی ئەم زیندانەی کەخۆشی دیلیەتی، لەم ناماقوڵیەتەدا جیاوازی فیکر و ئایدیاو شێوازی ژیانکردن بە ترسناکترین دیاردە دەستنیشان دەکرێ کە دەرکەوتنی تەواوی ئاسایش و ئەمنی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە، لەبەر ئەوەیە جەنگی من وەک ئەستێرە جەنگیکی ئەقڵی و شێوازێکی تەواو سەربەستانەیە لەگەڵ کولتورو نەریتێکی دێرینی نا ئەقڵانی و ناماقوڵییەت، دەرکەوتنی جیاوازی شەڕ و ململانێی من بۆ دووبارە مانا بەخشینە بە بێمانای ژیانمان و بەخشیینی بڕێک لەم ماقوڵییەتە بەم کۆمەڵگا و ژیانە سەرشارە لەناماقوڵییەی، نیگەران و ڕەشبین نابم گەر ڕووبەڕووی تەواوی کۆمەڵگا ببمەوەو لەگەڵ دەیەھا نەوەی دێرین تا ئیستا بکەومە جەنگی سەربەستی مرۆڤبوونم و ژنبوونم. 

لەبەرئەوە تەوەری سەرەکی خەبات و یاخیبوونی من پرسی ئازادی ئەقڵییە بۆ ووشیاربوونەوە، چرکە ساتێکە ژیری مرۆڤی کورد جارێکی تر خۆی لەتەواو زنجیر و قاوغی ڕزیوو ژەنگگرتووی سەدەھا ساڵە دادەماڵێ و دواتر خۆی لەسەر بنەمای ووشیارییەکی ژیرانەتر و سەردەمیانەتر و سەربەستانەتر خۆی دروست دەکاتەوە، لەم گۆشەنیگایەوە ژن، پیاو، جیاواز لە جاران خۆیان بە وویست و ئیرادەی ئازادانەی خۆیان وێنەی مرۆڤ بوون دەنەخشێنن، مرۆڤ بوون پێگەو شوناسیان دیاریدەکات نەوەک ھیچ ھێز و ئاین و ئایدۆلۆژیایەک لەسەر بنەمای جیاکاری جەستەیی. ژنی کورد لەوە ووشیار دەبنەوە کە ئارایشی سیما و قۆندەرەی بەرز نیشانەی سەربەستی و "عەلمانی" بوون نییە. 

بەداخەوە کەئێستا لەکوردستان ڕەوتێکی جاھیلی بەناو "عەلمانییەت" ئەوەندەی ئارایشی ڕووخساریان وەک سەربەستی نیشانداوە نیو ھێندە گرنگیان بە ئارایشی فیکر و دەروون و خۆڕۆشنبیرکردنی ژن نەداوە. بۆئەوەی ژن بتوانێت لەباو ئەم گۆماوە ڕزگاری ببێت وا پیشان دراوە کە دەبێت ژیانی بکات ئارایشی ڕووخساری و لەبیری بچێت کە خاوەن ژیری و ئەقڵێکە تەنھا بەھۆی ئەم ژیرییەوە دەتوانێت خۆی و جیھانی بگۆڕێت، ھەموو ھەموو خەمی ژنی کورد جوانترین جل و بەرگ و گران بەھاترین زێڕ و مۆبایلە و خۆڕازاندنەوەی ڕووخسارە نەک بیرو ژیری، ئەمە زەقترین دیاردەی کۆمەڵگا دواکەوتووەکانە، من لەسوید دەژیم، دیمەنی جل و بەرگی سادە و نەبوونی زێڕ و ئارایشی ڕووخسار ھەر لە نەبوونی میکیاج تا پێڵاوی تەخت و ئاسودە لەکاتی کارکردن لەناو فەرمانگە و شوینە گشتییەکان جوانترین دیمەنی وڵاتیکی پێشکەوتووی وەک سویدن بۆ ژن کە خاوەنی ووشیارترین و ژیرترین ژنی دونیان لەگشت بوارەکاندا، بەڵام بەداخەوە لەکۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک خۆمان ژنان تەنھا خەمیان سوراو سپیاو و زێڕو کوالیتی مۆبایلی بەرزە، کۆمەڵگایەک خاوەنی بەد بەخترین ژن و نا ووشیاترین و بەشخوراوترین ژنی دوونیاین کە توندوتیژی دژ بە ژنان لەھەرە ترۆپکی خۆیدایە، ھەر لە ناو خێزان تا سزاو بێزارکردن و ھەراسانی سێکسی لەلایەن پیاوانەوە کەچی ژنان تەنھا لەڕێگەی قۆندەرەی بەرز ھەست بە بەرزی مرۆڤ بوونیان دەکەن، سەرباری ئەو ھەموو توندوتیژییە دژ بە ژنان لەھەناوی ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە کەچی ژنان بێباکانە خەریکی ئارایشی ڕووخسار و جل و بەرگی ڕازاوەن، نەوەک لەڕێگەی ئەقڵ و بیر و ژیریان دروستر لە مرۆڤبوون و ماف و ئازادییەکانیان بگەن و پەی پێببەن. ئەوکات مرۆڤ دووچاری ڕەشبینی دەبێت کە دەبینێ کۆمەڵگا ژنانی خراپتر لەپیاوان پەروەردەو ئامادە کردووە تا ڕێگە بە ھاو خەم و ھاو ئازارەکانی خۆی کە ژنە نەدات، بێتە دەنگ و ھاوارو ناڵەی گشت ژنانی ھەتککراو بەشخوراو بگەیەنێت بەگوێی کۆمەڵگاو جیھانیش. 

دابونەریت و کولتوری کۆمەڵگاو پاسەوان و فەرمانبەرانی ئەم سیستەمە پیاوسالارییە بوون بەئامرازێک لەپێناو زیاتر کۆیلەکردنی مرۆڤ، لەڕیگەی بەکارھێنانی توندو تیژی، ئەگەر لەوڵاتانی پێشکەوتوو یاسا ھۆکارێکی بەھێزبێ بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ماف و ئەرکی تاک و گروپ لەپێناو پاراستنی نەزمی کۆمەڵگا، ئەوا لەم کۆمەڵگایەی خۆمان کە سەراپای پیاو و عەقڵییەتی پیاوسالاری بەڕێوەی دەبەن تەنھا یاساو ئامرازێک توندوتیژییە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا کە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتوە، تەنانەت لەکاتی بەخێرھاتن کردنی میوان لەناو زیندانی ماڵەکان، توندوتیژی لە کلاسیکیترین فۆڕمی خۆی لەناخی ئەم کۆمەڵگایە خۆی مانیفێست دەکات، چ لەڕێگەی بەکارھێنانی توندوتیژی پۆشینی جۆری جل و بەرگ، چ لەکاتی تێکەڵی کیژو کوڕ لەساتی میوانی. 

ھەمیشە ڕێکخراو و دامودەزگا مەدەنی و زانستییەکان چالاکترین توێژن بۆ بەرھەمھێنانی ووشیاری لەلای تاک و تەواوی کۆمەڵگا، بەڵام لەکۆمەڵگای کوردستان گشت ئەم دامو دەزگایەو خودی پڕۆسەی خوێندن کەتەنھا فەرمانبەری پاسیڤی خوێنەوار دروستدەکات، بوون بەبەشێک لە سیستەمیکی توندوتیژ و توخمێکی سەرەکین لەفەراھەمکردنی ناووشیاری، ڕەگەزێکی بەھێزن لە کوشتن و تیرۆرکردنی جوڵەو بزاوتی ووشیارییەکی خاوەن ویژدانی ژیرمەندانە، ئەم چیینە خۆیان وەک بار بەسەر کۆمەڵگاوەن، بوون بە ھۆکاری دواخستن و پەکخستنی ووشیاری لەلای تاکی کوردستانی، کە جوانترین نموونەی کۆمەڵگایەکی ناماقوڵیان شێوە بەخشیوە تەنھا داھێنانێک مرۆڤ بچوک و ئەقڵ کورت و کولەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەشانازییەوە لەڕێگەی تەکنۆلۆژیایی سەردەم پیشانی جیھانی دەدەن نوێترین شێوازی توندوتیژی و ژن کوژییە، دڵنیابن ئەم ڕووداوانە و تەنانەت توندوتیژی بەردەوام خۆی دووبارەو ھەزار بارە دەکاتەوە بەجۆری دڕندانەتر و نامرۆڤانەتر، لەبەر ئەوەی چینی خوێندەوار و بەناو زانستخواز و ووشکبیرە خوێنەوارەکان لەھەناوی ئەم دامەزراوانە بوونەتە مشەخۆری دەسەڵات و گروپە سونەتی و دەستە و حیزبە کۆنخوازەکان، وەک دیوار و بەربەستی بەردەم بزاوت و تەوژمیکی نوێخواز قیت بوونەتەوەو ڕیگە دەگرن لە ووشیاری کۆمەڵگا و تاک. 

تۆ بڵێی مانای ئەقڵ و ئازادی چی بێت لەناو کۆمەڵگایەکی تەواو ناماقوڵ، ئەگەر ئەمە بۆ تەواوی چیینی ھەژارو داماو وابێت، گەلۆ من دەپرسم ژن بوون چ واتایەک دەبەخشێ؟!! بەڕاستی ئەگەر پرسیار ئەوە بێت عەدالەت ، ئازادی چییە؟!! من لەسەدەی بیست و یەک و لەناخی بۆگەن و ڕزیوی کۆمەڵگایەکی لێوانلێو لەناماقوڵییەت دەپرسم ئەرێ ژنبوون چییە؟!!! بۆ دەبێت بەدرێژای سەدەھا ساڵ کەسێک نەبێت ئەم پرسیارە بکات، ئەوانەشی خۆیان ژنن و دەپرسن ئەرێ ژن بوون چییە؟!! بۆچی بەدەردی لەیلا قاسم دەبردرێن و تەواوی کۆمەڵگاو مێژووی ھەزار ساڵەی دەبنە گورگێکی دڕ و دەکەونە گیانی پرسیار کارانی؟!. 

ڕەنگبێت بۆ ئێوەی دانیشتوانی باشور پرسیارێکی گاڵتەجاڕانەو پێکەنیناوی بێت، بەڵام بۆ منی پەروەردەی کۆمەڵگای ئەورووپی پرسیارێکە لەڕێگەیەوە بەگژ تەواوی مێژووی ھەزار ساڵەتان ئەچمەوەو پیشانتان ئەدەم ژیانی ئێوە شێوەی ژینە لەنێو دارستان و جەنگەڵێکی تاریکی دابڕاوی بێ دەرەتان،کە ھەرگیز پەی پێنابەن تا بۆ چرکە ساتێک درواسێی و کۆمەڵگاکانی دەرەوەی دوورو نزیکی خۆتان نەبینن و داوەرییەکی واقیئی و ژیرانە و ئینسافانە نەدەن لەسەر وەھمی ژیانی خۆتان و ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵگاکانی تر، ئەم قسەیەی من بۆ ئەو لێشاوە لە گەنج و لاو کە ملی غەریبییان گرتۆتەبەر نەک تەنھا بۆ لووقمە نانێک بەڵکو بۆ ھەناسەیەکی بێگەردی سەربەستی و چرکە ساتێک ژیان بەشکۆی مرۆڤ بوون تەواو دروست و واقیئەیە. 

ئەم دۆخە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گروپ و حیزبە بەناو سەردەمەکانی ئەم مەملەکەتە ھیچ نیین جگە لە کۆمەڵێک لە مەلاو چەتەو بازرگانی خوێنمژ جارێکی تر لەپڕۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەجۆرێکی تازەتر و لەڕێگەی بەکارھێنانی میتۆدێکی ترەوە ژنان دەکەن بەبیانووی پێشکەوتنی کۆمەڵگا. 

دووبارە ژن دەبێتە ئامرازی دەستی پیاو بۆ شەرئییەتدان بە سیستەمی نێرسالارانە، ژن وەھا پیشان دەدەن کە کچی پیاو و ژنی پیاو خوشکی پیاو....تا دوایی، ئەمە خۆی ناشرینترین و قێزەونترین جۆری فێڵبازانەی توندوتیژییە لەبەرگی پێشکەوتن، بۆ نموونە ئیستا پڕۆسەی سیاسی لەباشور دوای ئەو ھەموو ڕووداوە چاوەڕوانکراونە لەناوچەکە گوزەرا، لەسەروبەندی پرسی ھەڵبژاردندایە کە لەکۆمەڵگای ئەورووپی دوای سەدەھا ساڵ لێکەوتەی مەدەنیانەی جوانی بەرھەم ھانی، بەلام لەدۆخی ووڵاتانی دواکەوتووی خۆمان جگە لە بەدبەختی و قوڕێکی خەستتر ھیچی لێ نەکەوتۆتەوە، بووە بەئامرازێک ھێزە ئیسلامییە ووشکبیر و ڕێوییە کۆنەپارێزەکانی زیندوو کردۆتەوە لەبەرگی مەڕدا، حیزبە بەناو ئەلمانییەکانی کردوە بە دڕندەترین و داپڵۆسێنەرترین دەزگای سیاسی کە کرۆکی خێڵی پاراستوە، سەرباری ئەم دیمەنە شێواوە کەچی خەڵک بەئومێدەوە لەم ئامرازە دیموکراسییە دەڕوانێ بۆ گۆڕانکاری، دەبینین ژنان دەبێتە ئامرازی شەرئییەتدان بەدەسەڵاتی پیاو سیستەمەکەی، ڕیگەنادەن مەودای چالاکی و ڕاپەڕاندنی ئەرک و چالاکی ژنان لەم چوارچێوەیە وەک پێویست دەربکەوێت. ناو زڕاندن و سوکایەتیکردن و شکاندنی کەرامەتی ژنان لەسەر ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتیمان کارێکی ھێندە چێژ بەخشە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە لەکایەی سیاسەت و سەروبەندی ھەڵبژاردن ھەزارجار خراپتری بەسەر کەسایەتی ژن دەشکێتەوە. 

ژنان دەبێت پابەندی ھەمان دین و ئایدۆلۆژیاو حیزب و دەستەوتاقم و گروپ بن کە پیاو و نێرەکانی ناو خێزان ھەڵی دەبژیرن، ئەگەر ژنان مافی دەنگدانیان ھەبێت کەچی یەک زەڕە لەو جۆرە توندوتیژییەی کەم نەکردۆتەوە کە ژنان ئازاد نین لەچۆنییەتی بەکارھینانی ئەو مافە بەسەربەستی و بەدڵخوازی خۆی، لەگەڵ ویست و ئارەزووی ژنبوونتدا نییە، ئەمانە بەشێکی ھەرە کەمن لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لەکاتی ھەڵبژاردن. بۆ، چونکە کاتێک ھەڵبژاردن لەھەلومەرجێکی نادیموکرات و نامەدەنیدا دەکرێت ،لەدۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری نامەدەنی و نا دیموکراتدا ئەزموون دەکرێ، ئەگەری بەھێز و گەورە ئەوەیە جارێکی تر ببێتە ھۆی زەمینە سازی بۆ پراکتیزەکردنی توندوتیژی و خوڵقاندنی تراژیدیای دڵتەزین لەبەرامبەر تاک بەگشتی و ژن بەتایبەت، کێشەی سەرەکی ئەوەیە پرسی سەربەستی و ئازادی تاک بەھەڵە پێناسەکراوە، ئاخر مرۆڤ گەلێک دیلی زیندانێکی ئەشکەوت ئاسای ھەزار ساڵەبن، لەناو ئەم ئەشکەوتەشدا ژن وەک شەیتان و ناشرینترین بوونەوەر شوناس و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، گیرۆدەی دەستی بوونیادێکی ئاینی و ئەخلاقی و نەریتی کۆن و سواو بێت، تۆ بڵێی چۆن ڕێگە بە ژنان دەدرێت بەئازادی و سەربەستانە بەژداربێت لەگۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی کە پیاوان دەپارێزێ؟!! 

ئیتر نابێت ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان ببنە بەشێکی لەھەڵمەتی پڕوپاگەندە و ھاندانی نەوەکانیان بۆ ڕەوایەتیدان بە جۆرێکی تری کۆیلایەتی، ھەرچەندە سەختە لەم ھەلومەرجە ووشیاریەکی وا دروستبێت بەڵام ھەموو ئەمانه‌ وایکرد من ئازایانەتر وەک ژنێک بێمە مەیدانی خەبات و ببمە ئاڵا ھەڵگری دید و ڕێباز و خەباتێکی یاخیگەری جیاوازتر و ژیرانەتر و سەربەستانەتر. 

لەبەرئەوە بەناشرینترین شیوە و توندترین ھێز خەریکی ئەوەن من لەکار بخەن و ھەوڵی دەمکوتکردنم بدەن، ئەوکەسانەی تەنانەت ژنانیش بەکاردەھێنن بۆ ڕەشبینکردن و بێئومێدکردنی ئەستێرە دەبێ بزانن نەشەپۆلی زەریا بە بێژەنگ بەری پێدەگیرێ وە نە خۆری پرشنگدار بە بێژەنگ تاریک دەکرێ.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×