حەلبوسی لەبارەی ئەو سكاڵایانەی دژی تۆماركراون: عێراق جێناهێڵم و هەر كاتێك ئامادەم بچمە بەردەم دادگا
  2023-11-30       332       

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو سكاڵایانەی لەدژی تۆماركراون، هێرشدەكاتە سەر سكاڵاكارەكان و ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستەش ئاشكرادەكات كە حزبەكەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی ئەنجامیداوەو كۆمپانیاكە تۆمەتباردەكرێت بەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكات. دەشڵێت: لەسەر سكاڵاكان چۆتە دادگاو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە. جەختیش دەكاتەوە، عێراق جێناهێڵم و هەر كاتێك ئامادەم بچمە بەردەم دادگا.

ئاوێنە: محەمەد حەلبوسی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەندێك كەس سكاڵایان لەبەردەم فەرمانگەی حزبەكان دژی من تۆماركردوە، لەوانە جەمال كەربولی، كە خۆی لەسەر چەند پرسێكی گەندەڵی لەلایەن دادگاوە سزادراوەو دواتر لێخۆشبون گرتییەوە.

وتیشی، یەكێكی دیكە لە سكاڵاكارەكان "حەیدەر مولا"یە كە سێ جار لە هەڵبژاردنەكان دورخرایەوە لەسەر "سی ڤی و رەفتارەكانی"، هەروەها یەكێكیتریان پارێزگاری پێشوتری ئەنبارە كە ئەویش لەسەر گەندەڵی لە هەڵبژاردنەكان دوخرایەوە.

هەروەها وتیشی، سكاڵاكارێكی دیكە "فارس تەها"ی كە دو سكاڵای یاسایی لەدژ تۆماركراون، تەها عەبدولغەنی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، یەكێكی ترە لە سكاڵاكارەكان كە "بە پێشێلكردنی یاسا" ناسراوەو سكاڵاكارێكی دیكەشیان "باسم خەشان"ە كە خاوەنی دو رەگەزنامەیەو "پرسیاری من بۆی ئەوەیە كە هەڵوێستی چی بو كاتێك ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ قەوارەی زایۆنی راگەیاند."

هەروەها لەبارەی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییەی كە حەلبوسی و حزبەكەی گرێبەستیان لەگەڵ كردوەو كۆمپانیاكە بە پشتیوانیكردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكرێت، حەلبوسی وتی، "هەندێك دەڵێن كۆمپانیاكە پشتیوانی لە قەوارەی زایۆنی دەكات، خۆ ئەمریكاش بە هەمو دامەزراوەكانییەوە پشتیوانی لە قەوارەی زایۆنی دەكات، ئەمەش شتێكی شارەوا نییە."

هەروەها وتیشی، كۆمپانیاكە ئەمریكییەو لەلایەن كەسانی ئەمریكییەوە خاوەندارێتی ئەكرێت و هیچ كەسێك لەو كۆمپانیایە كە كار دەكات خەڵگری رەگەزنامەی دیكە جگە لە ئەمریكا نییە، گرێبەستكردنیش لەگەڵیدا شارەوا نەبوە.

وتیشی، سروشتی گرێبەستەكە كاركردن و پەیوەندیكردن لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانی حزب لەناو ئەمریكاو هەروەها پەیوەندیكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكیش لەخۆدەگرێت.

جەختیشی كردەوە، یاسای حزبەكان هیچ ئاماژەیەكی بە رێگری لە حزبەكان بۆ گرێبەست و مامەڵەكردن لەگەڵ هیچ دەزگایەكی راگەیاندن، نەداوە.

جەختیشی كردەوە كە حزبەكەی بەرلەوانی دیكە دەنگی لەسەر یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل داوەو وتیشی"یەكێك لەوانەی سكاڵای لەدژ تۆماركردوم دەنگی لەسەر یەكێك لە بڕگەكانی یاساكە نەدا."

حەلبوسی وتی، لەبارەی سكاڵاكانەوە لەبەردەم دادگا ئامادەبوەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە، جەختیشی كردەوە كە وەك هاوڵاتییەك و وەك كەسایەتییەكی سیاسی پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی یاسا.

هەروەها وتیشی، هەر سكاڵایەك لەلایەن هەر كەسێكەوە لەدژمان تۆماربكرێت، دەچینە بەردەم دادگا، ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین وڵاتەكەمان وڵاتی دامەزراوەكان و یاسا بێت.

سەرۆك لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق جەختیشی كردەوە"عێراق بەجێ ناهێڵم و لە هەركاتێكدا ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، هەر كەسێك سنوری یاسا ببەزێنێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×