"بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی 'ئەتروش' یەك ملیۆن بەرمیلی لەمانگێكدا تێپەڕاند"
  2019-08-21       881       

كۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبی بۆ وزە، رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی "ئەتروش"ی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركردوەو بۆ یەكەمجار لەسەرەتای دەستپێكردنی بەرهەمهێنانەوە لەو كێڵگەیە، ئاستی بەرهەمهێنان لەمانگی تەمموزدا یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندوە.

ئاوێنە: كۆمپانیای ئەبوزەبی بۆ وزە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئاستی بەرهەمی كۆمپانیای "ئەلتاقە" سەر بە كۆمپانیای ئەبوزەبی لەكێڵگەی ئەتروش بۆ یەكەمجار لەمانگی تەمموزدا یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندوە.

كۆمپانیاكە هێمای بۆ ئەوە كردوە تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستادا لە كێڵگەی ئەتروش دەگاتە نزیكەی 34 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا ئەوەش لەگەڵ ئامانجەكانی كۆمپانیاكە بۆ چارەكی دوەمی ساڵی 2019دا دێتەوە.

كێڵگەی ئەتروش دەكەوێتە دوری 85 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژئاوای شاری هەولێر و لەساڵی 2011 بۆ یەكەمجار دۆزرایەوەو پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتیش لەو كێڵگەیە لەساڵی 2017ەوە دەستی پێكردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×