ڤیدیۆ..ژنی شەڕڤانێكی ئەمریكی شەهید پەیامێك ئاڕاستەی ترەمپ دەكات
  2019-10-11       9872       

چێڵسی نیهاوس، هاوسەری شەڕڤانێكی ئەمریكی شەهیدە، لەبارەی دۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستانەوە لەبەردەم هێرشەكانی توركیا، لە پەیامێكدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دەڵێت، تۆ بە بڕیاری كشانەوە لە سوریا، خیانەتت لە من و باوكی منداڵەكانم و دو منداڵەكەم و كورد كردوە. ئێستا چاوەڕێین بزانین لەو بارەیەوە چی دەكەیت.

ئاوێنە: چێڵسی نیهاوس، لە پەیامەكەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوە كردوە كە ئەو هاوسەری شەڕڤانێكی ئەمریكی شەهیدە بەناوی "جەبك كلپش" كە بە "دەلیل ئەمریكا" ناسراو بوەو لە مانگی یەكی ساڵی 2018 شەهیدبو، خاوەنی دو منداڵی 5 ساڵان و 10 ساڵانە.

چێڵسی لەپەیامەكەیدا لەبارەی كوردەوە دەڵێت"ئەوان ببون بە خێزانی باوكی منداڵەكانم، كاتێكیش شەهید بو بونە خێزان بۆ من و منداڵەكانیشم. لەگەڵ شەڕڤانەكانی تری پەیەگەدا شانبەشانی منداڵەكانی و خۆم وەستابون تا بیهێنینەوە بۆ نیشتمان. كاتێك بەسەر تابوتەكەیدا دەلاواینەوە كە لە فڕۆكەخانە دایان دەگرت. كاتێك كە پرسەمان بۆ گێڕا ئەوان لە باوەشیان دەگرتم و فرمێشكەكانی چاویان بۆ دەسڕیمەوە. منداڵەكانم خۆشبەخت بون كە لە شیكاگۆ لەناو كۆمیونیتی كوردیدا لەگەڵ منداڵە كوردەكان یاریان دەكرد.باوكەكانیشان تابوتەكەی باوكی منداڵەكانمیان هەڵگرتبو لە "كارگۆبەیەوە" بۆ شوێنی پرسەكە، كە ئەوە یەكێك لە كاریگەرترین روداوە چاوەڕوان نەكراوەكان بو لە ژیانمدا بینیبێتم."

هەروەها دەشڵێت"من شەخسی خۆم شانبەشان هەڵپەڕیوم لە كۆمیونیتی كوردیدا لە "ناشڤڵ" لە ئاهەنگی نەورۆزدا، كە بەباشی نەمدەزانی. كۆمیونیتی كوردی لەگەڵ خۆبەخشە رۆژئاواییەكاندا یەكێك لە گەورەترین ئەو دڵانەن كە لەژیانمدا ناسیومن. من شانازی دەكەم كە بەخێزانی خۆم ناویان بەرم بەڵام ئەمڕۆ تۆ خیانەتت كرد لە خێزانەكەم."

چێڵسی دەشڵێت" تۆ دڵی كوردەكان و دڵی خۆبەخشە ئازاكانت شكاند كە خۆبەخشانە شەڕیان دەكرد كە لەهەندێك حاڵەتدا شەهید دەبون تا جیهان لە چنگی ئەو دڕندانە بپارێزن كە پێیان دەوترێت داعش. تۆ تفێكت كردە ناوچەوانیان بە بڕیارەكانت."

هەروەك دەشڵێت"من لەڕاستدا ناتوانم تێبگەم لەوەی تۆ چۆن بیرت دەكردەوە كە بڕیارت دا رێگە بدەیت بە توركیا هێرش بكاتە سەر باكوری سوریا."

لەكۆتاییدا دەشڵێت"ئێستا سەربای تەواوی خیانەتەكانت كە لە منت كردوە لە منداڵەكانمت كردوە لە باوكیانت كردوە لە خۆبەخشە رۆژئاواییەكان و لە تەواوی كوردت كردوە. ئێمە خۆڕاگرین و ئێمە بەهێزین. هاوڕێیەكم هەیە ئەو رۆژە پێی وتم وا دەزانێت كە منداڵەكانم و من یەكێك لە بەهێزترین خێزانەكانی ئەمریكاین، ئێستا نازانم ئەوە وایە، بەڵام ئێمە زۆر دژوارین، ناهێڵین لەو ئاستە دابەزین، ئێمە شەڕ بۆ دادپەروەری دەكەین لێرە لە ئەمریكا، هەروەك براكانمان لە كوردستان شەڕدەكەن بۆ ژیانیان. ئێمە راناوەستین تا بارودۆخەكە باش دەبێت. ئێستا سەرۆكی بەڕێزم دەپرسم، لەم كاتەدا كە چەندەها كەس لە سوریا بێتاوان گیان لەدەست دەدەن، تۆ چی دەكەیت لەوبارەیەوە؟ چاوەڕێ دەكەم."

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×