ناڕەزایەتییەكان لە مەریوان بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان بەردەوامن
  2019-11-20       730       
دیمەنی یەكێك لە شەقامەكانی مەریوان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، ناڕەزایەتی خەڵكی مەریوان بەشێوەی داخستنی دوكان و بازاڕەكان بەردەوامن و هێزێكی زۆری سوپای پاسداران هێنراوەتە شارەكە.

ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە شاری مەریوانەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، مانگرتنی دوکان و بازاڕ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتاری خۆپیشاندەران ئەمڕۆش بەردەوامە.

هەروەها وتیشی، هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران شەقامەکانی ناو شاریان قۆڕخکردوە و بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ لە دەروازەکانی شاردا خاڵی پشکنینیان داناوە.

سەرچاوەیەکی دیکە باسی ناجێگیربونی دۆخی تەندروستیی ١٨ بریندار لەنەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا”و “فەجر”ی مەریوانی کرد و وتی، هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران لە هەمەدانەوە بۆ مەریوان بەڕێکراون، ئەو نەخۆشخانانەیان گەمارۆداوەو بریندارەکانیان خستوەتە ژێر چاودێرییەوە.

هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان دەڵێن کە لەناو هێزەکانی سوپای پاسداراندا كەسانی بیانی دەبینرێن.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی ڕابردو تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکان کرانەوە و لە گۆڕستانی مەریوان بەخاک سپێردران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×