توركیا: لەگەڵ روسیا پرسی بەردەوامی بونی شەڕڤانانی یەپەگە لەناوچەكانی رێككەوتن تاوتوێ دەكەین
  2019-11-21       788       

خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا تاوتوێی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەردەوامی بونی شەڕڤانانی یەپەگە لەو ناوچانەی كە رێككەوتنی نێوان هەردو وڵات دەیانگرێتەوە، دەكات.

ئاوێنە: خڵوسی ئاكار، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، روسیا رۆژی 29ی تشرینی یەكەم توركیای ئاگاداركردۆتەوە كە 34 هەزار شەڕڤانی یەپەگەو زیاتر لە سێ هەزارو 200 پارچە چەكی قورس بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر بۆ نێو سوریا لەسەر سنوری توركیا، كشێنراونەتەوە. 

وەزیری بەرگری توركیا وتیشی"لەگەڵ روسیا تاوتوێی ئەو ئەنجامانە دەكەن كە پێچەوانەی ئەم ئاگاداركردنەوەیەی روسیان."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە توركیا جەختی كردۆتەوە كە یەپەگە هێشتا لەناوچەی منبج بە "جلی سەربازی سوپای سوریاوە" بونی هەیە و ئەنكەرە داوای لە روسیا كردوە ئەو "كێشە"یە چارەسەر بكات.

وتیشی، وتوێژەكانمان لەگەڵ روسیا لەبارەی زیادكردنی گەڕانە سەربازییەكان لە تەلرەفعەت بەردەوامە.

رۆژی دوشەممە، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندبو كە ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات ئەگەر شەڕڤانانی یەپەگە لە ناوچەكە نەبرێنە دەرەوە.

بەڵام دوێنێ چوارشەممە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەنكەرە، مۆسكۆی دڵنیاكردۆتەوە كە پلانیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)و كشاندنەوەی شەڕڤانانی یەپەگەش لە ناوچەكە لەتەواوبوندایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×