2020-01-24   4204     
عەلی حەمە ساڵح، رەشید تاھیر
عەلی حەمە ساڵح ئاشكرای دهكات كه چەند ڕۆژێک لهمهوبهر رەشید تاھیر، بریكاری پێشوتری وهزیری دارایی حكومهتی ههرێم بهلێبوردنی گشتی ئازاد کراوە. ئهو دهڵێت، "ئێمه دژی ئهو لێبوردنهینو داوامانکردوە دەستەی نەزاھە ئەم دۆسیە تەمیز بکاتەوە".
ئاوێنه: عەلی حەمە ساڵح، سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لهپهرلهمانی كوردستان لهڕونكردنهوهیهكدا ڕایگهیاندووه، "گەندەڵی بۆ لێبوردن نییە، دژی لێبوردنی رەشید تاھیر دەوەستینەوە".
لهڕونكردنهوهكهدا هاتووه، "بەتۆمەتی دەوڵەمەندبون بەشێوەی نامەشروعو بەکارھێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی شەخسی، ڕەشید تاھیر بریکاری پێشوی وەزیری دارایی، لەڕێگای دەستەی دەستپاکیەوە دراوە بەدادگا، بەڵگەی پێویست ڕەوانەی دادگا کراوه".
عەلی حەمە ساڵح دهڵێت، "بەڵام بەداخەوە دادگا، بەیاسای لێبوردنی گشتی ساڵی ٢٠١٢ ڕەشید تاھیر بەخشی، لهکاتێکدا ئەم یاسای لێبوردنە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بوە! پاشان ساڵی ٢٠١٧ یاسایەکی دیکەی لێبوردنی گشتی دەرچوە، بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی ٢٠١٧ رەشید تاھیر ئازاد نەدەکرا، رۆشتون لێبوردنی گشتی ٢٠١٢ یان بەکارھێناوەو چەند ڕۆژێکیش پێش ئێستا ئازادیانکردوە."
ئاماژهی بۆ ئهوهشكردووه كه بیانوەکە ئەوەیە ئەو دەستکەوتو دەوڵەمەندبونە نامەشروعە ھی ساڵانی پێش ٢٠١٣ یە!
سهرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ڕاشیگهیاندووه، "داوامانکردوە دەستەی نەزاھە ئەم دۆسیە تەمیز بکاتەوە، ھیوادارین دادگا لەبەرژەوەندی گشتی بڕیاڕ بدات."
ئاماژهی بۆ ئهوهشكردووه، "پێشتر بەڕێوبەری گشتی باج بەلێبوردنی گشتی داخرا... دۆسیەی گەندەڵی ئاشتی ھەورامیو چراخانی خێزانی پاش ئەوەی دەیان بەڵگەمان خستە بەردەست داداگا، بەڵام داخرا. ئێستا ھەوڵێک ھەیە دۆسیەی فەرمانگەی جێبەجێکردن (تەنفیز) ی سلێمانیش دابخرێت."
عەلی حەمە ساڵح جهخت لهوه دهكاتهوه كه بەدڵنیاییەوە ئەم دۆسیانە لای ئهوان داناخرێت، "چەندین ساڵە ئێمە بێ کۆڵنەدان دۆسیە دەدەینە دادگا، بەڵام بەداخەوە دادگا ھیچی نەگەیاندوەتە ئەنجام."
ئهو، دروستكردنی دادگایەکی تایبەت بەدۆسیەکانی گەندەڵی لەدادوەری ئازاو ئازاد بەبێ دەستێوەردانبه پێویست دهزانێت.