لە هەولێر دو كەس بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركران
  2020-02-14       546       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دو كەسیان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێك دەستگیركردوەو ئەوەش دوای دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلە دزراوەكە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر لە حاڵەتێكی دزینی ئۆتۆمبێلێك لە گەڕەكی ئازادی ئاگاداركرانەوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێكۆڵینەوەی وردكردو بە ماوەیەكی زۆر كەم توانرا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە و تۆمەتبارەكانیش دەستگیر بكرێن.

لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید دلێر نەجاڕ رایگەیاند، پاش ئەوەی هاوڵاتییەك بە ناوی (ا. ح. ع.) ئاگاداری كردینەوە كەوا ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تیۆتا یارس)ی لێ دزراوە، تیمەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوەی وردو چڕكردو توانرا لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوەو دو تۆمەتباریش دەستگیربكرێن.

عەمید دلێر نەجاڕ رونیشی كردەوە، ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن هاوڵاتییەكی بەڕەگەز ئێرانی دزرابوو دواتریش بە لایەنی دوەمی فرۆشتبو، بۆیە هەردو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ع. ح. م.)و (ا. ع. ح.)، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەو بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلەكە دەستگیركران و ئۆتۆمبێلەكەش ڕادەستی خاوەنەكەی كرایەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دادخواز سكاڵای یاسایی دژی تۆمەتباران تۆماركرد، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوەو لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×