پارێزگای هەولێر ١٠ بڕیاری تایبەتی بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا راگەیاند
  2020-02-26       805       
ئەمڕۆ ٢٠٢٠.٢.٢٦ بەئامادەبوونی بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەر (١٠) قایمقامی قەزاکانی سنوری پارێزگای هەولێر و زۆربەی بەڕیوەبەرایەتیە گشتییەکان و فەرمانگە پەیوەندییدارەکان و پۆلیس و ئاسایش سازکرا، لەکۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی لای خوارە بڕیاریان لەسەر درا.

ئاوێنه‌: دەقی بریاری پارێزگای هەولێر تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا.

١- جەخت کردن و پابەندبوون بەسەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی ٢٠٢٠.٢.٢٥ تایبەت بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، هەروەها جێێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٠.٢.٢٢ کە بڕیاریان لەسەر درابوو، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێت.

٢- سەرجەم قایمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران کە دەبێ بەهەموو توانایانەوە چاودێری بازاڕ و کاڵاکان و کەل و پەلی پزیشکی و سوتەمەنی بکەن، هەرکەسێک بیەوێت بازاڕ ئیستغلال بکات دەبێ ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەری بگیرێتەبەر.

٣- هەتا کاتێکی نادیار سەرجەم ئەو گروپە گەشتیاریانە ڕادەگیرێت کە بە ئامانجی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان.

٤- یادکردنەوەی بۆنەکانی ئادار و ئازادی و نەورۆز بەشێوەی مەراسیم و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ ڕادەگیرێت، هەروەها ئەو شوێنانەی ئاهەنگی شەوانە سازدەکەن ڕادەگیرێت.

٥- لەڕۆژی 2020.2.28 بەدواوە تا کاتێکی نادیار لەسەرجەم کافتریا و شوێنە بازرگانییەکان نێرگەلە قەدەغەدەکرێت، هەروەها بۆسەلامەتی هاوڵاتیان شوینەکانی مەساج و سینەماکان نابێ کاربکەن، هەروەها دەبێ سەنتەرەکانی وەرزش و لەش جوانی و گه‌رماو و مەلەوانگەکان پەیڕەوی تەواوی ئەو ڕێنماییانە بکەن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر پێیان دەگەن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن. هەروەها دەبێ هاوڵاتیان لەم ماوەیە خۆیان بپارێزن لەسەردانیکردنی بازاڕی ئاژەڵ و پەلەوەران.

٦- سەبارەت بە مەراسیم و پرسە و بۆنە ئاینیەکان داواده‌كه‌ین له‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینی ڕێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی هاوڵاتیان.

٧-سەبارەت بە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان کۆبوونەوە ڕێوشوێنی پێویستی داناوە و دەبێت دەست بەجێ بەجێکردنی بکرێت.

٨- سەرجەم فەرمانگەکان ڕادەسپێرین کە قەڵەباڵغی لەدام و دەزگاکان کەمبکرێتەوە و داواش لە هاوڵاتیانی دەکەین بۆ ئەم مەبەستە هاوکاربن و ڕوونەکەنە شوێنە قەڵەباڵغەکان و تا بکرێت ئەم ماوەیە خۆیان لەسەردان و سەفەر بۆ شارەکان ببپارێزن، هەروەها سەردانی نەخۆش جگە لە یاوەر لەگەڵ نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

٩- بۆسەرجەم بازگەکانی سنوری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابین دەکرێت و دەبێ ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.

١٠-لەسەر ئاستی پارێزگا و هەروەها لەسەر ئاستی هەر (10) قەزایی سنوری پارێزگای هەولێر ژووری عەمەلیات پێک دەهێنرێت و دەبێ ڕۆژانە کۆبوونەوە بکرێت و هەموو ڕێکارێک بگیرێتەبەر لە پێناو خۆ پارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیانی شارەکەمان. دەبێ لەم ماوەیەدا بەجدی تر و چڕو پڕتر چاودێری پاک و خاوێنی ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتییەکان بکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×