بەدرێژایی مێژوی هاوچەرخی مرۆڤایەتی تاوەکو سەروبەندی ئێستا، کە جیهان لە لوتکەی داهێنان و پێشکەوتنی هزری و ڕۆشنگەریدایە هێشتا نەتوانراوە تێگەشتنێکی هاوسەنگ بۆ چەمکی ئازادی و سنورکانی لەنێوان تاکو کۆمەڵگەدا فەراهەم بکرێت، بە پێچەوانەی هەلومەرجەکانی قۆناغەکەشەوە، رۆژ بە ڕۆژ زیاتر شاهیدی ئەوە دەبین، کە لێرەو لەوێ بەناوی ئازادیخـوازیی و نوێخـوازییەوە دەست لە هەڵبژاردەو شێوازی ژیانی ئەوانی دیکە وەردەدرێت بۆ ئەوەی قەناعەتێک بەسەر قەناعەتێکی دیکەدا بسەپێنرێت، بەبێ ئەوەی هەمان دیدو بۆچون لەوانی دیکە بە قبوڵ بزانرێت، ئەمەش یەکێکە لەبەربڵاوترین دیاریدە دژ بە یەکەکانی ئەم سەردەمە، کە تێیدا ئازادی لە مافێکی هاوبەشەوە دەگۆڕدرتت بۆ پاساوێکی زەق بۆ زەوتکردنی ماف و ئازادی ئەوانی دیکە، لەهەمانکاتدا گەوەرترین پێشێلکاریشە بەرامبەر ئەوەی پێ دەگوترێت ئازادی.
تۆ، کە (ئازادی) بەپێی تێڕوانین و قەناعەتەکانی ّخۆت پێناسە دەکەیت منیش هەمان مافم هەیە تێگەیشتنێکی جیاوازم بۆی هەبێت، ئەم جیاوازییە تا ئەو کاتە کێشە دروست ناکات، کە هیچ یەکێک لە ئێمە هەوڵی ئەوە نەدەین پێناسەی خۆمان بەسەر ئەوی دیکەدا بسەپێنین، بەڵام کاتێک تۆ خۆت بە خاوەنی تێگەیشتنی دروست بۆ ئازادی دەزانیت و داوا لە من دەکەیت بە پێی ئەو تێگەیشتنە بژیم، ئیتر مافی هەڵبژاردن و ئازدی کەسی من لەکوێدایە؟
هاوکێشەکە ئاڵۆزنیە و ڕونە، ئازادی بە مانای ئەوە نییە تۆ فیکرو دیدگات چی دەخوازێت ئەوە زاڵ بکەیت و منیش قناعەتم جیە و چۆنە ئەوە بە سەرتۆدا بیسەپێنم، واتە هەردوکمان ئەبێ قەناعەتمان بەو بیردۆزە هەبێت، کە مافەکانی ئێمە تائەو جێگەیەیە سنوری مافی ئەوانی دیکەی تێیدا نەبەزێنرێت
بەڵام لەم فەزا شێواوەی ئێستادا، کە بە مەودایەکی زۆر مانای ئازادی فۆرمێکی وایـی پـێدراوە، هەمو شتێک بگوترێت و هەمو هەڵس وکەوتێکیش پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، ئیتر ئەم مەوعیزەیە سوودی چیە؟
لە کۆتاییشدا پرسیارەکە هەر ئەوەیە، ئازادی بە پێوانەی کێ؟ ئەگەر بە پێوانەی تۆ بێت، مافی من لە جیاوازبوندا چی لێ دێت؟ ئەگەر بە پێوانەی منیش بێت، هەمان مافی تۆ دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پێوەر دەبێت بنەمایەکی هاوبەشی هەبێت، کە هیچکاممان نەتوانین بە ناوی ئازادییەوە سنوری ئەوی دیکەی پێ ببەزێنین، کەوانە ناکرێت ئازادی بۆ یەکێکمان مافی سەپاندن بێت و بۆ ئەوی دیکە ئەرکی قبوڵکردن.