رۆشنبیری‌ بێ هه‌ڵوێست‌و مه‌لای‌ بێ هه‌ڵوێست تر!

میران عوسمان
  2020-02-28     446
ڕۆشنبیرو مه‌لا، دو توێژی‌ دیاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌مان قدوه‌و ئاراسته‌كاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ن‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵك چاویان له‌ده‌می‌ ئه‌مانه‌، ئه‌م دو صنفه‌ وه‌ك باقی‌ كارةكتةرةكانى دیكه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌ وه‌زیفه‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان جێبه‌جێ ناكه‌ن‌و دابڕاون له‌خه‌ڵك، ئه‌مانه‌ له‌و شوێنه‌ی‌ پێویسته‌ قسه‌ بكه‌ن بێده‌نگن‌و له‌و جێگه‌ی‌ ده‌بێت بێده‌نگبن قسه‌ ده‌كه‌ن!

ئه‌مانه‌ له‌زۆر شتدا له‌گه‌ڵ یه‌ك دژو ناكۆكن، به‌ڵام تاكه‌ شت كه‌ له‌سه‌ری‌ كۆكن بێده‌نگبون‌و نه‌بونی‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌ئاست ئازارو كێشه‌كانی‌ خه‌ڵك، ئه‌وان له‌ئاوازێك ده‌خوێنن‌و خه‌ڵكیش به‌ده‌ست كێشه‌هایه‌كه‌وه‌ گیریانخواردووه‌.

رۆشنبیران به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ر توێژێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر روداوو پێشهاتێكدا به‌كرده‌یی خاوه‌نی ده‌نگ‌و ره‌نگ‌و هه‌ڵوێستی خۆیان بن، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئاستی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دابن كه‌ له‌پێناسه‌ گشتییه‌كه‌دا له‌خه‌ڵكی‌ ئاسایی جیایان ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك گرامشی رۆشنبیران به‌سه‌ر دو جۆردا دابه‌ش ده‌كات: رۆشنبیری ئۆڕگانی‌و رۆشنبیری باو، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌ڵێت: مرۆڤ هه‌مویان رۆشنبیرن، له‌كاتی خۆیدا هه‌ست به‌شته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌ركه‌ رۆشنبیرییه‌كه‌، وه‌زیفه‌ی هه‌مو مرۆڤێك نییه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا.

به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا وه‌زیفه‌و ئه‌ركی‌ ڕۆشنبیره‌كانی ئێمه‌ كورت بۆته‌وه‌ بۆ گه‌وره‌كردنی‌ مه‌لا مه‌زهه‌رو مه‌لا هه‌ڵۆو عه‌بدولله‌تیف سه‌له‌فی‌‌و خۆ خه‌ریككردن به‌ده‌ركردنی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوو نوسینه‌وه‌ی‌ چه‌نه‌ها لاپه‌ڕه‌ی‌ دورودرێژ له‌سه‌ر قسه‌كانیان‌و خۆ ماندو كردن پێیانه‌وه‌. 

له‌وه‌ختێكدا ئه‌م كاره‌ی‌ ئه‌وان پێوه‌ی‌ سه‌رقاڵن جۆرێكه‌ له‌دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ئه‌ركه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یان‌و خۆدزینه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌یه‌ له‌كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵك‌و خۆ خه‌ریككردن به‌شته‌ بێ ئه‌رزشه‌كان.

رۆشنبیرانێكمان هه‌یه‌ تاكه‌ كارو پیشه‌یان بۆته‌ نوسین‌و ئیمزاكردنی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ دورودرێژو بێ تام، ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ زۆر جار ڕوداوه‌كان ده‌گوزه‌رێن‌و تێپه‌ڕیون، به‌ڵام ئه‌وان دێن‌و گه‌رمی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌یاننامه‌ی‌ دورودرێژی‌ له‌سه‌ر ده‌نوسن، ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ مه‌لا مه‌زهه‌ر به‌نمونه‌!

ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ به‌جۆرێك دورن له‌گرفت‌و ئازاره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان، زۆر له‌وجودی‌ خۆیان گه‌وتره‌تر مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك بینیمان له‌كاتی‌ هێرشی‌ توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ دورودرێژیان به‌زمانی‌ كوردی‌ بۆ ئه‌مریكا نارد! به‌ڵام كاتێك گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندانێكی‌ ناڕه‌زایی بۆ گوزارشتكردن له‌موعاناته‌كانی‌ خه‌ڵك ئه‌نجامده‌درێت له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێم، ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ ونن! (جگه‌ له‌و گردبونه‌وه‌ بێ ترس‌و بێ وه‌یانه‌ی‌ بۆ رۆژئاوا سازده‌كرێت).

به‌شێك له‌م ڕۆشنبیرانه‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا ده‌ژین‌و ئاماده‌نین بێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م‌و ئازاره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیاندا بژین، چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشڕه‌وی‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵك بكه‌ن. وه‌ك ده‌بینین له‌وێوه‌ وتاری‌ درێژ دادڕو بێزاركه‌رمان بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ جێییه‌ك ناگرێت. ئه‌وانه‌شیان كه‌ له‌كوردستانن له‌كۆشكی‌ جوان‌و ڕازاوه‌و گرانبه‌هاكاندا ده‌ژین‌و زۆربه‌ی‌ جار له‌مه‌جلس‌و دانیشتنه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداراندا حزوریان هه‌یه‌!

بۆیه‌ كاتێك ته‌ماشی‌ ڕۆشنبیره‌كان ده‌كه‌یت‌و بابه‌ته‌كانیان ده‌خوێنیته‌وه‌و هه‌ست به‌م دابڕان‌و ونبونه‌یان ده‌كه‌یت له‌كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ست به‌نائومیدی ده‌كه‌یت‌و له‌به‌رامبه‌ر رۆڵیان له‌هه‌نگاونانیان به‌ره‌و ریفۆرمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا.

به‌درێژایی مێژو رۆشنبیران خاوه‌ن پێگه‌ی تایبه‌تی بون‌و ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ی به‌ترسه‌وه‌ لێیڕوانیون، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌ چۆن وابكات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت رۆشنبیر بخزێنێته‌ نێو خۆی‌و بیكاته‌ به‌شێك له‌خۆی، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ باوه‌ی كه‌ ده‌كرێ‌ له‌م رێگایه‌وه‌ كاریگه‌ریی رۆشنبیر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و مه‌ترسی ئه‌و له‌سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ست به‌و ترسه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ناكرێت له‌ڕۆشنبیران، به‌و پێیه‌ی‌ ڕۆشنبیران خۆیان كه‌نارگیرو بێده‌نگن!

وه‌ك چۆن ڕۆشنبیره‌كان له‌وه‌زیفه‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان لایانداوه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ش مه‌لا یان پیاوانی‌ ئایینیش به‌هه‌مانشێوه‌ دابڕاون له‌خه‌م‌و گرفته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان، ده‌توانین بڵێن كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ مه‌لاكانی‌ ئێمه‌ له‌مڕۆدا ئه‌مانه‌یه‌: حه‌رامه‌ له‌ماڵه‌وه‌ سه‌گت هه‌بێ، حه‌رامه‌ ژن به‌بێ مه‌حره‌م سواری‌ تاكسی‌ بێت، ئایا به‌گۆره‌وییه‌وه‌ دروسته‌ نوێژ بكرێت، جائز نییه‌ به‌یه‌ك ده‌ستنوێژه‌وه‌ چه‌ند نوێژێك بكه‌ی‌... ئه‌مانه‌و چه‌ندین  وه‌همی‌ تر مه‌لاكانی‌ ئێمه‌ی‌ گیرۆده‌ كردووه‌.

ناڕه‌زاییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌، گردبونه‌وه‌یه‌ك نابینیت مه‌لاكان چالاكانه‌ به‌شداریی تێدا بكه‌ن، له‌گه‌ڵ خه‌م‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ خۆیاندا بن، ئه‌گه‌ر توێژێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ موچه‌یه‌كی‌ خه‌یاڵی‌ زۆرو زه‌وه‌ندی‌ هاوشێوه‌ی‌ وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌كان وه‌ربگرتایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رك‌و خزمه‌تێكی‌ كه‌مدا، ئه‌وا مه‌لاكان هه‌زارو یه‌ك فه‌توایان بۆ ده‌رده‌كردو حه‌رامیان ده‌كرد، به‌ڵام له‌به‌رمبه‌ر نادادپه‌روه‌ری‌ موچه‌ی‌ پله‌ باڵاكان‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداراندا بێده‌نگن!

كاتێك گوزارشتی‌ ده‌قێكی‌ شانۆییان به‌دڵ نابێت‌و ڕه‌خنه‌ له‌سه‌رو سیمایان ده‌گرێت، پڕ به‌مینبه‌ره‌كانیان هاوار ده‌كه‌ن‌و  فه‌توا له‌سه‌ر فه‌توا ڕیز ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌ نادادی‌‌و سته‌مه‌ی‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌كرێت بێده‌نگ‌و خامۆشن!

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×