بانكی ناوەندی: عێراق و توركیا لەسەر ئەنجامدانی حەواڵە بە یۆرۆ و لیرەی توركی رێككەوتون
  2023-12-02       236       

بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لایەنی عێراقی و توركی لە كۆبونەوەیاندا لە ئیستانبوڵ لەسەر دو خاڵ رێككەوتون كە یەكێكیان رێككەوتنە لەسەر ئەنجامدانی حەواڵەكان بە هەردو دراوی یۆرۆ و لیرەی توركی.

ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، گفتوگۆكانی وەفدی هاوبەشی عێراقی پێكهاتو لە لایەنی حكومەت، بانكی ناوەندی، كۆمەڵەی بانكە تایبەتە عێراقییەكان و كەرتی بانكی، لە ئیستانبوڵ تەواوبون و وەفدە عێراقییە هاوبەشەكە سەرلەبەیانی دوێنێ گەڕاونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندی، لە كۆبونەوەكەدا وەفدە عێراقییە هاوبەشەكەو لایەنی توركی لەسەر دو خاڵ رێككەوتون كە یەكەمیان ئەوەیە، رێككەوتون لەسەر ئەنجامدانی رێكخستنە بانكییەكان لەنێوان بانكەكانی هەردو وڵات لەڕێگەی بانكە نێوەندگیرەكانەوە بەشێوەیەك كە گەرەنتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ گەورە بازرگانان و هاوردەكاران و ئەنجامدانی حەواڵەكان بە هەردو دراوی یۆرۆ و لیرەی توركی، بكات.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردولا رێككەوتن لەسەر رێكخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچوك بە دینار بەرامبەر بە یۆرۆ یاخود لیرەی توركی و رێكخستنی حەواڵەكان بەشێوەی كۆكراوەو ئەوەی كە پارەسپاردن لە نێو عێراق بە دینار بێت، پارەدان لە توركیا بە یۆرۆ یان لیرە بێت بۆ باركردنی كاڵا لە توركیاوە بۆ عێراق.

بانكی ناوەندیی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو هەنگاوە ئاسانكاری دەكەن بۆ حەواڵەی دەرەكی بۆ هەزاران بازرگانی عێراق و دورخستنەوەیان لە كاركردن بە ئامڕازە ناشەرعییەكان.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەم هەنگاوانە لەچوارچێوەی رێكخستنی بازرگانی و حەواڵەی دەرەكیدا دێن بەپێی بنەماو رێكارە دروستەكان و لە چوارچێوەی ئەو پلانە گشتگیرەشدان كە بانكی ناوەندی گرتویەتییەبەر بۆ كردنەوەی دەروازەو كەناڵ و هەمەچەشتكردنی دراوەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری سیستمی دارایی و پاراستنی لە مەترسییەكان و دابینكردنی هاوردەكردن بە نرخی رەسمی و كۆنترۆڵكردنی تێكڕای هەڵاوسان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×