بەرگریی شارستانی غەززە: ناتوانین تەرمەکان لەژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکان ھەڵبگرینەوە
  2023-12-03       337       


بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لەغەززە ڕایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، تیمەکانیان ناتوانن تەرمەی ئەو کەسانەی کە کەوتونەتە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکان ھەڵبگرینەوە. 

ئاوێنه‌: مەحمود بەسەل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لەغەززە لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە.

ڕاشیگەیاندووە، "بەھۆی ئەوەی ئامێرو کەلوپەلی پێویست لەبەردەستماندا نییە، ناتوانین تەرمی ئەو کەسانەی کە کەوتونەتە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکان لەغەززەو باکوری کەرتی غەززە، ھەڵبگرینەوە".

باسی لەوەیش کردووە، "داوا دەکەین ئامێرو کەلوپەل بۆ تیمەکانمان دابین بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی ئەو کەسانەی کە کەوتونەتە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕوخاوەکانی‌ غەززە، ھەڵبگرینەوە".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی ھۆشداری ئەوەی دا کە ئێستا کەرتی غەززە لەڕوی تەندروستییەوە بەدۆخێکدا تێپەڕ دەبێت، کەس پێشبینی ناکات و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن، غەززە بەسەختی بۆردومان دەکرێت، جێگای مەترسییە.

تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس لەپەیامێکدا ڕاشیگەیاندووە، دوێنێ شەممە، تیمەکانی سەربە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی، سەردانی نەخۆشخانەی نەسار-یان لەباشوری کەرتی غەززە کردووە کە بۆیان دەرکەوتووە ھەزار نەخۆش لەنەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن لەکاتێکدا نەخۆشخانەکە توانای وەرگرتنی ھەموو ئەو نەخۆشانەی نییە.

باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانیان لەنەخۆشخانەکە ئەوەیان بینیوە کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بەدوای شوێنی حەوانەوەدا دەگەڕێن، جگە لەوەیش نەخۆشێکی زۆر لەبەر نەبونی جێگای پێویست لەسەر زەوی چارەسەر وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس ڕاشیگەیاندووە، "ئێستا کەرتی غەززە لەڕوی تەندروستییەوە بەدۆخێکدا تێپەڕ دەبێت، کەس پێشبینی ناکات، جارێکی دیکە داوا دەکەم لێکتێگەیشتنی مرۆیی بۆ ڕاگرتنی‌ شەڕ لەغەززە ڕابگەیەندرێت".

پێشتر تەندروستیی غەززە بڵاویكردبوه‌وه‌، لەدوای کۆتایهاتنی ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غه‌ززه‌ چڕکردۆتەوەو چەندین باڵەخانەو یەکەی نیشتەجێبونی کردۆتە ئامانج. ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 24 كاتژمێری‌ ڕابردوداو بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 184 کەس کوژراون‌و زیاتر لە 600 کەسی دیكه‌ش برینداربون.

هەینیی رابردو، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماس بۆ ماوه‌ی‌ 4 رۆژ راگەیه‌ندراو دواتر دوجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاتژمێرو جاری دووەمیش 24 کاتژمێر. 
 
لەماوه‌ی‌ ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی‌و بیانی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ئازادکران، لەبەرامبەردا 240 زیندانیی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکرا، هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری ڕه‌وانه‌ی‌ غەززە كرا.
 
بەیانیی رۆژی هەینی، 1ی‌ 12ی‌ 2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس کۆتاییهات‌و هەردولا شەڕیان دەستپێکردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×