ئهمشهو هێزێکی سەر بەحەشدی شەعبی لەگوندی مامەی قەزای دوبز لهسنوری پارێزگای كهركوك لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانکراونو پێنج چهكداری هێزهكه کوژران.
ئاوێنه: ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لەسێ سەرچاوەی ئەمنی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە شەوی یەکشەممە لهسنوری پارێزگای كهركوك پێنج ئەندامی گروپێکی چەکداری عێراقی لەھێرشێکی ئاسمانیدا کوژراون.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو چەکدارانە لەکاتێکدا کراونەتە ئامانج کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ھەڵدانی موشەک دژی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق.
لەلایەکی دیكەوە میدیاکانی نزیک لەحەشدی شەعبی لەزاری سەرچاوەیەکی بزوتنەوەی نوجەباوە بڵاویانکردەوە، لەئەنجامی ھێرشەکەی ئەمریکادا دو ئەندامی بزوتنەوەکەیان کوژراون.
هەرچەندە تائێستا رونکردنەوە لەبارەی هێرشەکەوە نەدراوە کە لەرێگەی درۆنەوە بووە یان فڕۆکەی جەنگی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، لەناوچەی رەبیعەوە شەش موشەک ئاراستەی خاکی سوریا کراوە بەئامانجی هێرشکردنە سەر بنکەو بارەگا سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکاو هاوپەیمانان لەو وڵاتە.
بەگوێرەی ڕاگهیهندراوێكی پێشتری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە 17ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لەعێراق و سوریا، کە 32 جار لەسوریا و 29 جار لەعێراقەوە بووە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 59 سەرباز برینداربون. لەبەرامبەردا ئەمەریکا چوار جار ئەو هێزانەی بۆردومان کردووە، کە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانیان.