زانیاری لەسەر فرۆشی دۆلار بە گەشتیاران بڵاوکرایەوە
  2023-12-04       290       

ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمان سەرنجی خستەسەر ڕێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکە حکومییەکان بە گەشتیاران.

مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، “رێکارەکانی بانکە حکومییەکان بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لەم دواییانەدا ئەرێنی بووە، سەبارەت بە پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی بۆ بەدەستهێنانی دۆلار”.

کەرعاوی ئاماژەی بەوەشکرد، “لیژنەکەی هیچ ژمارە و ئامارێکی دروستی لەبەردەست نییە سەبارەت بە بڕی ئەو دۆلارەی کە بە هاووڵاتیانی گەشتیار لە ڕۆژێکدا یان تەنانەت لە مانگێکدا دەفرۆشرێت”.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لە ١٧ تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، کردنەوەی هۆڵێکی تایبەتی بۆ بانکە ئەهلییەکان بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕاگەیاند.

پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕوونیکردەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بانکەکە، “نرخی ئاڵوگۆڕ بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە هاوردەوە نەک بە بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها نرخی ئاڵوگۆڕ لە عێراق پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە، چونکە گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی دراوی قورسە”.

ناوبراو ئاماژەی بە چەندین هۆکار کرد کە کاریگەرییان لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕ هەیە، گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بازرگانیکردنی ناوخۆیی لە بازاڕەکان بە دراوێکی تر جگە لە دراوی نیشتمانی، هەروەها نەبوونی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر بەندەرەکان و قاچاخچێتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو کاڵایانە کە بە فەرمی دەچنە ژوورەوە شاهیدی سەقامگیری نرخن، چونکە هاوردەکردن بە نرخی فەرمی دەیگرێتەوە”.

هاوکات دووپاتی کردەوە، هۆڵێکی تایبەت بۆ بانکە ئەهلیەکان بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەکرێتەوە، ڕێژەی سوود بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەو بڕە پارانەی لە بانکەکاندا دانراون بۆ ٪٧.٥ بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ دانانی بڕە پارەکانیان لە بانکەکان و دەرهێنانی بارستەی نەختینەی لە دەرەوەی بانکەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×