راوێژكاری سودانی بۆ كاروباری دەستور: رەشنوسی نوێی پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی تەواو بوە
  2024-01-01       351       

حەسەن یاسری، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەستور رایگەیاند، كاری ئامادەكردنی رەسنوشی نوێی پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی تەواو بون و رەشنوسەكە رادەستی سەرۆك وەزیران كراوە بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندبكرێت و پاشان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان تاوتوێ بكرێت بەر لە ناردنی بۆ پەرلەمان.

ئاوێنە: حەسەن یاسری، كە هاوكات سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەی كردوە كە بە ئەندامێتی نوێنەرانی سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی دەوڵەت و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە راسپێردرابو بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پڕۆژە یاساكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، ناوەڕۆكی رەشنوسە نوێیەكەشی خستۆتەڕو.

بەپێی قسەی یاسری، ئەو هەموارانەی كە لە رەشنوسە نوێیەكەدا هاتون، پابەندبون بە دەستور لەخۆدەگرێت كە بەگوێرەی دەستور، دەبێت دادگای فیدراڵ لە دادوەران و یاساناسان و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی پێكدێت. هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی رەشنوسەكە نوێیەكە دەبێت سەرۆكی دادگاكەو جێگرەكەی دادوەر بن.

هەروەها راوێژكارەكەی سودانی ئەوەشی خستۆتەڕو، لە رەشنوسە نوێیەكەدا جەخت كراوەتەوە كە كاندیدكردنی دادوەرانی دادگاكە لەدەست دەسەڵاتی دادوەریدا دەبێت.

هەروەها رونیشیكردۆتەوە، كاندیدكردنی ئەندامانی دادگای فیدراڵی بەگوێرەی رەشنوسە نوێیەكە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەبێت، ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەش پێكدێن لە؛ ئەنجومەنی دادوەری كە دادوەرەكان كاندیدەكات، هەروەها لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كە وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ سەرۆكایەتی دەكات و هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم و سەرۆكی لیژنەی راگری سەرجەم كۆلێژەكانی یاسا لە عێراق ئەندام دەبن تێیداو كاندیدكردنی یاساناسان بۆ ئەندامێتی دادگای فیدراڵی دەكەوێتە ئەستۆ.

وتوشیەتی، هەروەها دیوانەكانی ئەوقاف ئەركی كاندیدكردنی شارەزایانی فیقهی ئیسلامیان بۆ ئەندامێتی لە دادگای فیدراڵی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوەشی وتوە، پاشان ئەو كاندیدانە رەوانەی لیژنەیەكی ناوەندیی باڵا دەكرێن كە پێكدێت لە هەریەكە لە سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەو لیژنەیە هەڵدەسێت بە دیاریكردنی ئەندامانی دادگای فیدراڵی لەنێو ئەو ناوانەی كە كاندیدكراون.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەركی لیژنە ناوەندییە باڵاكە خۆی لە پاراستنی جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان تواناكانی پێكهاتەكان و دڵیاكردنەوەی هەمواندا دەبینێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×