لە ماوەی سێ ڕۆژدا چوار ژن لەسێدارە دراون
  2024-01-03       434       

ڕژێمی ئێران سەرباری فشار و سەرکوتکارییەکانی بەرامبەر ژنان، لە کۆتا ڕۆژەکانی ٢٠٢٣دا، لە سێ ڕۆژدا چوار ژنی لەسێدارە داوە و بەوەش ژمارەی ئەو ژنانەی لەو ساڵەدا لەسێدارە دراون گەیشتە ٢٥ ژن.

ئاوێنە: ڕژێمی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدایە، بە شێوەیەک لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا و لە ماوەی سێ ڕۆژدا، چوار ژنی لەسێدارە داوە، بەکۆی گشتی لەو ساڵەدا ٢٥ ژن لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی “ئەنجوومەنی ژنانی ئێران”، ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان وەک ئامڕازێک بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و ڕێگریکردن لە ئەگەرەکانی درووستبوونی هەر ناڕەزایەتییەک، کە پشکی شێر بەر کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و ناڕازییە سیاسییەکان و ژنان دەکەوێت.

هەر بەپێی بڵاوکراوەکانی ئەنجوومەنەکە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەسێدارەدان بە ڕێژەی ٤٣٪ زیادی کردووە، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٢٠٠ کەس لەسێدارەدراون، بە گشتیش لەو ساڵەدا نزیکەی ٨٥٠ زیندانی لە سێدارە دراون، ١٥یان زیندانی سیاسیین و ٢٥یان ژنن، لەو ژمارەیەش ١٠ ژن زیاترە بەراورد بە تێکڕای گشتیی ساڵانی ڕابردوو، کە ١٥ ژن لەسێدارە دەدران.

بە کۆی گشتیش لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، تا ئێستا ٢٢٨ ژن لە گرتووخانەکانى ئێراندا لەسێدارە دراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×