ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی و ئیسرائیل دەستیان لە تەقینەوەكانی ئێراندا هەبوبێت
  2024-01-03       472       

ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی و ئیسرائیل دەستیان لە تەقینەوەكانی ئەمڕۆی شاری كرمانی ئێراندا هەبوبێت كە تێیاندا زیاتر لە 100 كەس كوژران و زیاتر لە 200 كەسیش برینداربون.

ئاوێنە: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك دەستی لە تەقینەوەكاندا نەبوە، هەر قسەیەكی وا بكرێت مایەی گاڵتەجاڕییە."

هەروەها وتیشی"هیچ هۆكارێك نییە كە باوەڕ بەوە بهێنین ئیسرائیل دەستی لەو تەقینەوانەدا هەبوە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ماتیۆ میلەر لەبارەی كوژرانی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی، ناتوانێت هیچ هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەوە بكات كە چ لایەنێك ئەو هێرشەی ئەنجامداوە بەڵام ساڵح عاروری بە "تیرۆریستێكی دڕندە كە دەستی بە خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی سورە" وەسف كرد.

جەختیشی كردەوە كە ئەمریكا هێشتا نیگەرانە لە ئەگەری تەشەنەكردنی شەڕی غەززە بۆ بەرەی دیكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×