سودانی: جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان دەكەینەوە بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق
  2024-01-05       331       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی بە "مەترسیدارترین" روداوەكانی ناوچەكە ناودەبات و جەختیش لە "هەڵوێستی نەگۆڕ"ی خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكاتەوەو دەشڵێت، خەریكی دیاریكردنی وادەیەكین بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەبارەی دەستنیشانكردنی رێوشوێنەكانی كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانان لە عێراق.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهەدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیدا وتەیەكی پێشكەشكرد.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی"چوار ساڵ لەمەوبەر و لە بەرەبەیانی 3ی كانونی دوەمی 2020دا، ئیدارەی ئەمریكا كردەوەیەكی قێزەونی ئەنجامدا كە تێیدا فەرماندەی سەربازیی عێراق ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كوشت."

وتیشی"تیرۆركردنی میوانی عێراق جەنەراڵ قاسم سولەیمانی، لێدانێكی دوهێندە بو لە عێراق و دابونەریتەكانی و دەستدرێژیش بو بۆ سەر دو وڵات."

سودانی ئاماژەی بەوەشدا "عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، بەم كردەوەیە پێشێلی بنەما سەرەكییەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كرا."

هەروەها وتیشی"لەدوای 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە ناوچەكەمان بەهۆی سیاسەتە دەستدرێژیكارانەو تاوانكارییەكانی دەسەڵاتی داگیركەرەوە لەدژی فەلەستینییەكان لە دۆخی پڕ تەنگژەدا دەژی."

هێمای بۆ ئەوەش كرد"هۆشداریمان دا لەوە كە بەردەوامی كردەوە دڕندانەكان لە غەززە، لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر ناوچەكەو جیهان دەبێت، ئەمڕۆ هەست بە بەركەوتنی كاریگەرییەكانی لە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە، دەكەین."

بە بڕوای سودانی"روداوە مەترسیدارترەكان ئەوانەن كە زیاتر لە جارێك لە عێراق دوبارە بونەتەوە ئەویش لەڕێگەی هێرشی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی."

جەختیشی كردەوە "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی رەسمی سەربە دەوڵەتە و لەژێر ركێفی دەوڵەتدایەو بەشێكی دانەبڕاوە لە هێزە چەكدارەكانمان."

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی"چەندین جار جەختمان لەوە كردۆتەوە كە لەكاتی رودانی هەر پێشێلێكاری یان دەستدرێژییەك لە لایەن هەر لایەنێكی عێراقییەوە بێت یان لە ئەگەری پێشێلكردنی یاسا عێراقییەكاندا، ئەوا حكومەتی عێراق تاكە لایەنە كە لەسەریەتی بەدواداچون بۆ راستی ئەو پێشێلكارییانە بكات."

هەروەها وتیشی"حكومەتی عێراق لایەنی راسپێردراوە بۆ سەپاندنی یاساو پێویستە هەموان لەڕێگەی ئەوەوە كاربكەن و هیچ كەسێك مافی دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق نییە."

سودانی دوپاتیكردەوە"ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە هێزە ئەمنییەكانمان دەكەنە ئامانج و پێشێلی رۆحی دەقی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەكەن."

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی لە توانای حكومەت و ئامادەیی حكومەت كردەوە "بۆ وەرگرتنی بڕیاری گونجاو لەپێناو پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق."

سودانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕو بنەڕەتی خۆمان دەكەینەوە بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق لەدوای كۆتاییهاتنی پاساوی مانەوەیان."

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی"ئێمە خەریكی دیاریكردنی وادەیەكین بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەڕێگەی لیژنەی دوقۆڵییەوە بۆ دیاریكردنی رێوشوێنەكانی كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەوەش پابەندییەكە كە حكومەت هەرگیز دەستبەرداری نابێت."

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×