کاتێ ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەناوی "شارستانییەتەوە" سەردەبڕان
  2024-01-06       807       
پۆرتریەتی شەڕی روباری بێر - ئێدمۆند جەی فیتزجێراڵد

دۆناڵد ل. فيكسيكۆ*

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

  بە کۆتایی هاتنی جەنگی هیندییەکان لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا، کەمتر لە ٢٣٨ هەزار لە دانیشتووانی ڕەسەن مابوونەوە لە کۆی نزیکەی پێنج ملیۆن، کە لە پێش هاتنی ئەوروپییەکان لە کیشوەری ئەمریکای باکووردا دەژیان.

 

  لە ڕۆژێکی ساردی مانگی مایسی ١٧٥٨دا، کچێکی تەمەن دە ساڵی قژ سووری ڕوخسار شڵ چاودێریی منداڵەکانی دراوسێکەیانی دەکرد لە دێهاتی ڕۆژاوای ویلایەتی پەنسلڤانیا. لە چەند ساتێکی کەمدا، ژیانی ماری کامپێڵ بۆ هەتاهەتایە گۆڕا کاتێ کە هیندییەکانی دێلاوێر فڕاندیان و بۆ ماوەی شەش ساڵ شاردیانەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەکەی خۆیانیان کرد. ماری یەکێک بوو لە نزیکەی دووسەد حاڵەتی پێزانراوی دیلە سپیپێستەکان، کەوا زۆرێکیان بوون بە داشی دامەی شەڕ و ململانێی بەردەوام لەسەر دەسەڵات و ئەمە هێزە ئەوروپییەکان و کۆڵۆنیالیستە ئەمریکییەکان و گەلانی ڕەسەنیشی گرتەوە کە لە هەوڵی نەپساوەدا بوون بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵک و خاک و شێوازی ژیانی خۆیان.

دواجار کاتێ کە ماری گەڕێنرایەوە بۆ ناو خێزانە سپیپێستەکەی و هەندێ بەڵگە ئاماژە بەوە دەکەن کەوا ئەم کچە  ژیان و گوزەرانی خۆش بووە لە ناو ئەو خێڵە هیندییەدا کە گرتبوویانە خۆیان و چیرۆکگەلی لە جۆری بەسەرهاتی ئەم کچە وەک چیرۆکی هۆشداریی لێهات لە نێو نیشتەجێ سپیپێستەکاندا و بوو بە مایەی ترس و تۆقین لە هیندییە "دڕندە و کێوییەکان" و حاڵەتێکی   شێتبوونی مەزنیی( پارانۆیا)ی دروستکرد کە بەردەوام لە هەڵکشاندا بوو بۆ ڕقلێبوونی گشتگیر لە هیندییەکان.

لەو دەمەوە کە ئەوروپییەکان گەیشتنە کەناراوەکانی ئەمریکا، سنوور بوو بە ناوچەی جیاکەرەوەی نێوان شارستانییەتی پیاوی سپی و جیهانی سروشتیی   تۆڕ و ڕامنەکراو بوو بە ڕووبەرێکی هاوبەشی جیاوازیی بەرفراوان و پێکدادراوی وا کە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی پەلکێش کرد بۆ ڕێگەدان بە زیاد لە ١٥٠٠ جەنگ و هێرشکردن و پەلاماردانی هیندییەکان، کە زیاترینی هەر دەوڵەتێکی تری جیهانە دژ بە خەڵکە ڕەسەنەکەی خۆی ئەنجامدرابێت. بە نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی "جەنگی هیندییەکان" لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا، کەمتر لە ٢٣٨ هەزار کەس لە گەلانی ڕەسەن دەرباز بوون و مانەوە، کە ئەمەش دابەزینێکی توند بوو لە خەمڵاندنی پێنج تا پانزە ملیۆن کەسیان کە لە ئەمریکای باکووردا دەژیان کاتێ کۆڵۆمبس لە ساڵی ١٤٩٢دا گەیشتە ئەوێ.

تەنانەت لەوەش بنەڕەتیتر ئەوەیە کەوا دانیشتووانی ڕەسەن بەتەواوی جیاواز بوون: پێستیان تارێک بوو، زمانەکانیان بیانی بوون و دنیابینی و باوەڕە ڕۆحییەکانیان لە دەرەوەی تێگەیشتنی زۆربەی پیاوانی سپیپێستەوە بوو. بۆ نیشتەجێ داگیرکەرەکان کە دەترسان یەکێک لە ئازیزانیان ماری کامپێڵی دوای ئەو بێت، هەموو ئەمانە دەبوونە هۆکاری ورووژاندنی ڕقلێبوونی   ڕەگەزپەرستی و پارانۆیا و وایکردبوو کە بە ئاسانی گەلانی ڕەسەن وەک   کێوی و دڕندە و بتپەرست وێنا بکەن و بە ناوی شارستانییەت و مەسیحییەتەوە کوشتنیان بە پێویست بزانرێت.

لە خوارەوە هەندێ لە دژەکردارترین جینۆساید دەخەینەڕوو کە دەرهەق بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان ئەنجامدراون:

 

کوشتاری گنادێنهوتن

لە ساڵی 1782دا، تاقمێک پیاوانی میلیشیا لە پەنسلڤانیا ٩٦ کەسیان لە هیندییەکانی دێلاوێر کوشت لەوانی کە بووبوونە مەسیحی و ئەمەش ڕقێکی ئەستوور و هەڵکشاو دەگەیەنێت لە خەڵکی ڕەسەن. کاپتن دێڤید ویلیەمسۆن فەرمانی بەو خەڵکە بە مەسیحیبووەی دێلاوێر کردبوو، کە بەوە سەرکۆنە کرابوون گوایە هێرشیان کردووەتە سەر نیشتەجێکانی سپیپێستەکان، کەوا هەر جارە و دوو کەسیان بڕۆن بۆ دووکانی مس فرۆشتن و لەوێ پیاوانی میلیشیاکان بە چەکوش و پاچی دارین لێیاندابوون و تا مردن وازیان لێنەهێنابوون.

ئەوەی کە سەیر و سەمەرەیە دیلاوێرییەکان یەکەمینی ئەو ئەمریکییە ڕەسەنانە بوون کە یەکەم نیشتەجێبوویەکی سپیپێستیان بە دیل گرتبوو و یەکەم کەسانێکیش بوون کە چوار ساڵ لەوەوپێش ئیمزایان لەسەر پەیماننامەیەکی ئەمریکی - هیندی کردبوو، ئەو پەیماننامەیەی کە بوو بە پێشەنگی ٣٧٤ پەیماننامەی تر لە ماوەی سەد ساڵی دواتردا. لە گەلێ   حاڵەتدا و لە سایەی بەکارهێنانی دەستەواژە بەناوبانگەکەی "ئاشتی و دۆستایەتی"، ٢٢٩ دانە لەم ڕێککەوتننامانە بوون بە هۆی دەسبەردار بوون و وازهێنان لە زەوی و زاری خێڵەکان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە بەخێرایی پەلی دەکوتا و فراوان دەبوو. زۆرێک لە پەیماننامەکان دانوستانیان لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هیندییەکان دەکرد، بە دامەزراندنی سیستەمێکی بازرگانی بۆ دەرپەڕاندنی بەریتانییەکان و کاڵاکانیان، بە تایبەتی ئەو چەک و چۆڵانەی کە خستبوویانە دستی هیندییەکان.

شەڕی تیپیکانۆی

لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠کاندا، دەرکەوتنی تێکۆمسێی سەرکردەی کاریزمیی جەنگی شاونی، لەگەڵ براکەیدا کە بە پێغەمبەر ناسرابوو، خێڵە جۆراوجۆرە هیندییەکانی هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی کە بەرژەوەندییان وا دەخوازێت شەڕی ناوخۆی خێڵەکییان بوەستێنن و هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان. بڕیاری حاکمی هەرێمی ئیندیانا (کە دواتر بوو بە سەرۆک)، ویلیەم هێنری هاریسۆن، لە ساڵی ١٨١١دا بە پەلاماردان و سووتاندنی پرۆفێتستاونی پایتەختی هیندییەکان لەسەر ڕووباری تیپێکانۆی، لە کاتێکدا کە تێکۆمسێ لە ‌هێرشدا بۆ سەر چۆکتاوەکان دوور ڕۆیشتبوو بۆ دەستکەوتنی جەنگاوەران، بوو بە هۆی دنەدانی سەرکردەی شاونی تاوەکوو جارێکی تر هێرش بکاتەوە. بۆ ئەمجارەیان بەریتانییەکانی قەناعەت پێکرد کە شانبەشانی جەنگاوەرانی ئەم دژ بە ئەمریکییەکان بجەنگن. مردنی تێکومسێ و شکستخواردنی لە شەڕی تایمز  Thamesلە ساڵی ١٨١٣دا وایکرد کە سنووری ئۆهایۆ "ئارام بێت" بۆ نیشتەجێ سپیپێستەکان (مستەوتینەکان) - لای کەمەکەی بۆ ماوەیەکیش بێت.

جەنگی کریک

لە باشوور جەنگی ساڵی ١٨١٢ وەرگەڕا بۆ جەنگی مڤسکۆک کریکی ساڵانی ١٨١٣ - ١٨١٤، کە بە جەنگی کوتەکە سووریش دەناسرا. ئەوجا بە هۆی   ناکۆکی و ململانێی نێوان دەستە و تاقمەکانی هیندییە کریکەکان خۆیان، میلیشیا ئەمریکییەکانیش لە شەڕەکەدا بەشدار بوون شانبەشانی بەریتانی و ئیسپانییەکان، کە پشتیوانیی هیندییەکانیان دەکرد بۆ یارمەتیدانیان لەوەی کە نەهێڵن ئەمریکییەکان دەستدرێژیی بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانیان.

سەرکەوتنە سەرەتاییەکانی کریک بوو بە پاڵنەری ئەوەی کەوا جەنەراڵ ئەندرو جاکسۆن بە دوو هەزار و پێنجسەد جەنگاوەرەوە، کە زۆربەیان میلیشیای تەنەسی بوون، لە سەرەتای نۆڤەمبەری ١٨١٤دا تۆڵە بکاتەوە، واتە تۆڵەی ئەو کوشتارە بکاتەوە کە لە فۆرت میمس کریکەکان بەرپایان کرد. جاکسۆن و پیاوەکانی ١٨٦ کریکیان لە ناوچەی تالوشاتچی سەربڕی و وەک دەیڤی کرۆکێت دەیگوت "وەک سەگ تۆپاندمانن!".

لە حاڵەتێکی ئەوپەڕی نائومێدیدا، ئافرەتەکانی مڤسکۆک کریک منداڵەکانی خۆیان کوشت بۆ ئەوەی سەربازەکان بە بەرچاوی دایکەکانەوە سەریان نەبڕن. هەر کە ژنێک پڕی کرد بە منداڵە کۆرپەکەیدا بیکوژێت جەنگاوەڕێکی بەناوبانگی هیندی منداڵەکەی لە دەست دایکەکە هەڵپڕووکاند و دواتر دای بە ژنەکەی خۆی بۆ ئەوەی وەک منداڵی خۆیان بەخێوی بکەن.

جاکسۆن بەردەوام بوو لە سەرکەوتن لە جەنگی کوتەکە سووردا و لە شەڕێکی یەکلاکەرەوەدا لە هۆرسشوو بێند (واتە ناڵە ئەسپی چەماوە).  پەیماننامەی دواتر کریکی ناچار کرد کە دەسبەرداری زیاد لە ٢١ ملیۆن ئەیکەر زەوی ببن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ڕاگواستنی زۆرەملێ

یەکێک لەو پرسە سەخت و تاڵانەی کە مشتومڕێکی زۆری نایەوە لە کۆنگرێسدا پرۆژەیاسای ڕاگواستنی هیندییەکان بوو لە ساڵی ١٨٣٠دا، کە سەرۆکی دواتر ئەندرو جاکسۆن فشاری زۆری کرد بۆ پەسەند کردنی. هەرچەندە زۆرێک لە یاسا دانەران ناڕەزاییان دەربڕی و بەرهەڵستییان کرد بەو پێیەی کە بێمۆرالییە، بەڵام دواجار پرۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی پیران (سەنات) تێپەڕی بە ٢٩ دەنگ لە بەرانبەر ١٧ دەنگدا و بە پەراوێزێکی تەنانەت کەمتریش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. بە گوێرەی بیرکردنەوەی جاکسۆن زیاتر لە ٣٠ خێڵی هیندیی ڕۆژهەڵات بەربەست بوون لە بەردەم ئەوەی بە مافی خواوەندیی نیشتەجێ نوێکانی (واتە مستەوتینە ئەوروپییەکان - و) دەزانی بۆ پاککردنەوەی ئەو دەشت و دەرە کێوییانە و بنیاتنانی خانووبەرە و چاندنی لۆکە و بەروبوومەکانی تر.

ساڵی ١٨٣٣، لە وتاردانی ساڵانەی لە بەردەمی کۆنگرێسدا، جاکسۆن سەرکۆنەی هیندییەکانی کرد و وتی "ئەوان نە خاوەنی زانیاری و زیرەکین، نە پیشەسازی، نە ئاکار و ڕەفتاری مۆراڵی و نە حەز و ئارەزووی پەرەسەندن، کە ئەمانە پێویستن بۆ هەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە حاڵەتی ئەواندا. ئەمانە لە ناوجەرگەی توخم و ڕەگەزێکی تری باڵادەستدا هەڵکەوتوون .... بۆیە پێویستە بەزەروورەت خۆیان ڕادەستی هێزی دەوروبەر بکەن پێش ئەوەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ون ببن".

لە ماوەی ساڵانی ١٨٣٠ تا ١٨٤٠، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان ٦٠ هەزار هیندیی ڕاگواست - کە چۆکتاو، کریک، چێرۆکی و ئەوانیتر بوون -  لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ئاڵوگۆڕ بۆ هەرێمێکی نوێ لە ڕۆژئاوای میسیسیپی. بە درێژایی ئەو ڕێگایەی گواستنەوەیان کە بە "کاروانی فرمێسک Trail of Tears" ناسراوە هەزارانیان لێ مردن. لەگەڵ پێشڕەویی سپیپێستەکانیشدا بەرەو ڕۆژاوا، ئەو زەوی و زار و ناوچانەی بۆ هیندییەکان تەرخانکرابوون بەردەوام لێیان کەمدەبووەوە.

لەسێدارەدانەکانی مانکاتۆ

ڕادەست کردنی مووچەی ساڵانە و ئەو دەرماڵانەی کە بەپێی پەیماننامە حکوومییەکان دەبوو بدرێنە هیندییەکان بە سستی دەدرا و بوو بە هۆی ئەوەی  خەڵکە ڕەسەنەکەی سیوکسی داکۆتا، کە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی سنووری مینیسۆتادا حەشار درابوون، تووشی برسێتی و نائومێدیی ببن.  پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر کێڵگەکانی سپیپێستەکانی دەوروبەری خۆیان لەپێناوی دەستکەوتنی خۆراکدا سەری کێشایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی کوشندە، داکۆتاییەکان هەر کۆڵیان نەدا و بەردەوام هێرشیان دەکرد و بوو بە هۆی بەرپابوونی جەنگی لیتڵ کراوی ساڵی ١٨٦٢ (واتە قەلەڕەشی بچووک - وەرگێڕ)، کە تێیدا ٤٩٠ نیشتەجێی سپیپێست (مستوطن) کوژران و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئەوجا سەرۆک لینکۆڵن سەربازی ناردنە سەر و شکستیان بە داکۆتاییەکان هێنا و لە پاش زنجیرەیەک دادگایی بەکۆمەڵ، زیاد لە ٣٠٠ کەس لە پیاوانی هیندیی داکۆتا سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپاندن.

لە کاتێکدا کەوا لینکۆڵن زۆربەی سزاکانی سووک کردبوو، ڕۆژێک لە دوای جەژنی لەدایکبوون (کریسماس) بەرپرسانی سەربازی لە مانکاتۆ بە یەک وەجبە ٣٨ داکۆتاییان هەڵواسی، کە ئەمە گەورەترین لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوو لە مێژووی ئەمریکادا. زیاد لە چوار هەزار کەس هاتبوونە سەر شەقامەکان بۆ بینینی ئەم دیمەنە و گەلێکیشیان سەبەتەی پێداویستیی گەشت و سەیرانیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو. پاشان هەر سی و هەشتەکەیان لە گۆڕی کەم هەڵکەندراودا ناشتن بە قەراخ ڕووباری مینیسۆتادا، بەڵام پزیشکەکان زۆربەیان هەڵدایەوە و تەمەکانیان دەرهێنا بۆ مەبەستی پزیشکی.

کوشتاری ساند كريك

ئەو هیندییانەی کە شەڕیان دەکرد بۆ بەرگری کردن لە میللەتەکەیان و پاراستنی نیشتمانەکەیان پاساوی تەواویان دا بە دەست هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ کوشتنی هەموو هیندییەکی سەر سنوور تەنانەت ئەگەر شەڕکەریش نەبوایەن. لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ١٨٦٤دا، قەشەیەکی پێشتری میتۆدی (کە ڕیبازێکی مەسیحیی ئیجیلییە - و)، بە ناوی جۆن چیڤینگتۆن، سەرکردایەتیی هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر هیندییەکانی شاین و ئەرەپاهۆ لە مۆڵگەکەیاندا (محمیة) لە ساند کریک، کە دەکەوتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆلۆرادۆوە. هێزەکەی ئەم کۆنە قەشەیە لە حەوتسەد پیاو پێکهاتبوو، کە زۆربەیان جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە فەوجەکانی یەک و سێی کۆلۆرادۆ و شەوی پێشتر ‌هێندەیان مەی خواردبووەوە کە تەواو سەرخۆش و مەستی کردبوون بە ڕادەیەک کەوا چیڤینگتۆن و پیاوەکانی خۆیان هەڵدەکێشا کە بۆ کوشتنی هیندییەکان دەچن. ئەم پیاوە کە جارێکیان مسیۆنێر (مژدەدەر) دەبێت لە ناو هیندییەکانی ویاندۆتدا، ڕایدەگەیەنێت کەوا "نەفرەت لەو کەسەی هاوسۆزە لەگەڵ هیندییەکاندا! ... من بۆ کوشتنی هیندییەکان هاتووم و پێموایە ئەوە ڕاست و دروست و شکۆدارییە کە لە ژێر ئاسمانی خودادا هەموو هۆکار و ئامرازێک بۆ کوشتنی هیندییەکان بەکاربێت".

ئەو بەیانییە سارد و شوومە، چیڤینگتۆن سەرکردایەتیی پیاوەکانی خۆی کرد و هەڵیانکوتایە سەر دووسەد کەسی شاین و ئەرەپاهۆ. بلاک کیتڵ (واتە کترییە ڕەش)ی سەرۆکی شاینەکان ئاڵایەکی ئەمریکای بەستە کۆڵەکەیەکەوە و بەپێی راسپاردەکان دایگرت وەک ئاماژەیەک کەوا گۆندەکەی ئارامە و داوای ئاشتی دەکات. کاتێ چیڤینگتۆن فەرمانی هێرشی دا بلاک کیتڵ ئاڵایەکی سپیی بەستە ژێر ئاڵاکەی ئەمریکاوە و بانگەوازی بۆ خەڵکەکەی خۆی کرد کە سەربازەکان نایانکوژن، بەڵام ئەم سەربازانە ١٦٠ کەسیان قەتلوعام کرد، کە زۆربەیان    ژن و منداڵ بوون.

 

لەشکرکێشییەکانی کەستەر

لەم سەروبەندەدا قارەمانێکی شەڕی ناوخۆ لە ڕۆژئاواوە دەرکەوت. جۆرج ئارمیسترۆنگ کەستەر بە سواری ئەسپەکەیەوە کەوتە پێش هێزی سوارەی حەوتەم کە زۆربەیان ئێرلەندی بوون و لە سەر ئاوازی مەی خواردنەوەی ئێرلەندیی "گاری ئۆین Gary Owen" کەوتنە ڕێ. کەستەر دەیویست ناوبانگ پەیدا بکات و کوشتنی هیندییەکان باشترین دەرفەت بوو بۆ ئەم خولیا و مەراقەی - بەتایبەتی ئەوانەیان کە بێچەک و ئاشتیخواز بوون و بە تەما نەبوون کەس پەلاماریان بدات.

ئەوجا لە سەر فەرمانی جەنەراڵ فیلیپ شێریدان، کەستەر و هێزی سوارەی حەوتەمی، لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ١٨٦٨دا، هێرشیان کردە سەر شاینەکان و ئەرەپاهۆکانی هاوپەیمانیان لە سنووری ڕۆژئاوای هەرێمی هیندییەکان و لە نزیک ڕووباری واشیتاوە. لە پاش سەربڕینی ١٠٣ جەنگاوەری هیندی، بێجگە لە ژن و منداڵ، کەستەر پەیامی نارد بۆ شێریدان کە "سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستهاتووە" و پاشان کەوتە وەسف و سەنای کارەکەی و نووسیبووی "یەک، هیندییەکان لە شیرینیی خەودا بوون. دوو، ژن و منداڵ کەمترین بەرگرییان کرد. سێ، هیندییەکان تووشی سەرسوڕمان بووبوون و سەریان لێشێوابوو بە هۆی گۆڕانکاریی لە سیاسەتی ئێمەدا".

دواتر کەستەر هێزی سوارەی حەوتەمی ئاڕاستەی پێدەشتەکانی باکوور کرد دژ بە لاکۆتا و ئەرەپاهۆکان و شاینەکانی باکوور و خۆی فش دەکردەوە و دەیگوت "حەوتەم دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەر شتێکدا بکات کە دێتەڕێی و هیندییەکانی هەموو جیهان ئەوە نین کە بتوانن هێزی سوارەی حەوتەم ببەزێنن".

دواجار بە خەیاڵی سەرکەوتنێکی لەناکاوی مەزنی تر، لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٨٧٦دا، کەستەر هێرشی کردە سەر گەورەترین کۆمەڵی جەنگاوەرانی هیندی لە پێدەشتە بەرزەکاندا - لە نزیک ڕووباری لیتڵ بیگ هۆرنی مۆنتاناوە. بەڵام بە کوشتنی کەستەر لەسەر دەستی هیندییەکان، دوا هەڵوێستی سوارەی حەوتەم تەنها چڕکردنەوە واتەوات و پرۆپاگەندە بوو بۆ تۆڵەکردنەوەیەکی سەربازی لەپێناوی دابینکردنی "ئاشتیدا" لەسەر سنوور.

 

کوشتاری وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار)

تووڕەیی دژ بە هیندییەکان ڕوو لە هەڵکشان بوو لە کۆتایی ساڵانی ١٨٨٠کاندا، لە کاتی پەیدابوونی بزووتنەوەی ڕۆحیی "سەمای تارماییەکان Ghost Dance"دا کە لە ناو بیست خێڵدا تەشەنەی کرد لە شانزە ویلایەتدا و بوو بە مایەی هەڕەشە و مەترسیی لەسەر ئەو هەوڵ و کۆششانەی کە خرابوونەگەڕ بۆ ئاسیمیلەکردن و تواندنەوەی کولتووریی گەلە خێڵەکییەکان. سەمای تارماییەکان یان ڕۆحەکان، کە پەیامی ئەوەی بڵاو دەکردەوە گوایە هیندییەکان لەبەر ئەوە شکستیان هێناوە و لە مۆڵگەکاندا (محمیات، reservations) حەشاردراون چونکە خواوەندەکانیان تووڕە کردووە بەوەی کە وازیان لە داب و نەریتی خۆیان هیناوە و بانگەشەی ڕەتکردنەوەی ڕێگە و ڕێبازی سپیپێستەکانی دەکرد. لە دیسەمبەری ١٨٩٠دا و چەندین هەفتە لە دوای کوشتنی سیتینگ بوڵ  Sitting Bull(واتە گای دانیشتوو - و)ی   سەرۆک و ڕابەری بەناوبانگی سیوکس، لە کاتی گرتنیدا، هێزی سوارەی حەوتەمی سەر بە سوپای ئەمریکی لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ سەماکەری ڕۆحیی کوشت لە ناوچەی "وۆندد نی wounded knee"ی داکۆتای باشووردا. بۆ کۆمەڵکوژییەکەی لاکۆتای لە چەک داماڵراو، سەرۆک بنیامین هاریسۆن نزیکەی بیست سەربازی بە مێداڵی شەرەف خەڵاتکرد.

   

 نەرمی نواندن و بەرگەگرتن

لە پاش سێ ساڵ لە ڕووداوەکەی "وۆندد نی - ئەژنۆی بریندار" ، پرۆفیسۆر فەرێدریک جاکسۆن توێرنەر لە کۆڕ و کۆمەڵێکی بچووکی مێژوونووساندا لە شیکاگۆ ڕایگەیاند کەوا "چیتر سنوور داخراوە" و بە تێزە بەناوبانگەکەی مشتومڕی لەسەر هەڵاواردنی (ئیستیسنائیی) ئەمریکا دەکرد. پەیکەرە ناودارەکەی ئیرڵ فرەیزەر "کۆتایی ڕێگا" کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٥ لە پێشانگای پەنەما - پاسیفیکی نێودەوڵەتیدا دەرکەوت لە سان فرانسیسکۆ و ئایدیای توخم و ڕەگەزی شکستخواردووی لەناوچووی بەرجەستە کردبوو. بۆ گاڵتەجاریی دەوران، تەنها لە پاش کەمێک زیاتر لە سەد ساڵ، دانیشتووانی هیندییە ئەمریکییە بەرگەگرەکان توانییان تا سەدەی بیست و یەک بمێننەوە و بۆ زیاد لە پێنج ملیۆن کەس گەشە بکەن.

 

  *دۆناڵد ل. فيكسيكۆ، پرۆفیسۆری مێژووە لە زانکۆی ئەریزۆنا - ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دانەر و نووسەری پانزە کتێبە لەسەر هیندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×