هێرشكرایە سەر كەشتییەكی بەریتانی لە کەنداوی عەرەبی
  2024-01-28       396       

كۆمپانیای ئەمبریی دەریایی بەریتانی بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو كەشتییەكی بازرگانی بەریتانی لە کەنداوی عەرەبیدا هێرشى كراوەتە سەر، دەشڵێن، بەشی بەرگری كەشتییەكە وەڵامی هێرشەكەی داوەتەوە و شەڕە تەقە لە نێوان هەردوولادا درووست بووە، بەڵام تیمی كەشتییەكە سەلامەتن.

میدیا جیهیانیەکان و كۆمپانیای ئەمبریی دەریایی بەریتانی هەواڵی هێرشكردنە سەر كەشتییەكی وڵاتەکەیانى لە کەنداوی عەرەبی بڵاو کردەوە.

كۆمپانیا بەریتانییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك چەكدار بە بەلەمێكی بچووك لە كەشتییەكی بازرگانی بەریتانیا لە دەریای عەرەبی نزیك بوونەتەوە و تەقەیان كردووە، دواتر بەشی بەرگری كەشتییەكە وەڵامی هێرشەكەی داوەتەوە و شەڕە تەقە لەنێوان هەردوولادا درووست بووە، بەڵام تیمی كەشتییەكە سەلامەتن.

ڕوونیشی كردەوە، ڕووداوەكە بە دووری ٧٠٠ میل دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی سەڵاڵەى عومان ڕوویداوە.

هەروەها، لەوبارەوە، هێزی دەریایی فەرەنسا وێنەی هێرشی یەمەنى بۆ سەر كەشتیی نەوتهەڵگری “مارلین لواندا” بڵاوكردەوە.

میدیاكانی ئێرانیش دەڵێن، دوێنێ كەشتییەكی هەڵگری سووتەمەنی بۆ سوپای ئیسرائیل لەلایەن هێزی دەریایی یەمەنەوە كراوەتە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وایكرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×