ئەمریکا و بریتانیا: 36 پێگەی گروپە یەمەنییەکانمان بە ئامانجگرت
  2024-02-04       278       

ئەمریکا و بریتانیا رایانگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە 36 پێگەی ژێرزەمینی حوسییەکانیان بۆردومانکردوە، هێرشەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سور بوە، بەو پێیەی شەش موشەکی کروز تێکشکێندراوە کە ئامادەکرابۆ بۆ ئەوەی ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان بکرێت.

ئەمریکا و بریتانیا لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، 36 پێگەی ژێرزەمینی تایبەت بە گروپە حوسییەکانی یەمەنیان بۆردومانکردوە، کە بریتیبون لە کۆگای چەک و موشەکهاوێژ و چەندین کەرەستەی جەنگی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (centcom)  ئاماژەی بەوەکردوە، هێرشەکان بۆ بەرگریکردن بوە و شەش موشەکی کروزی دژە کەشتی تایبەت بە حوسییەکانی یەمەن تێکشکێندراوە، کە بۆ هیرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور ئامادەکرابون.

ئەوەشخراوەتەڕو، ئەم رێکار و هێرشانە ئازادی گواستنەوەی دەریایی و ئاسایشی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان دەپارێزێت.

لە بارەی هێرشەکانەوە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەم کارە هاوبەشەی ئەمریکا  و بریتانیا پەیامێکی رون ئاڕاستەی حوسییەکان دەکات، ناوەڕۆکەکەشی بریتییە لەوەی روبەروی بارگرانی و سەختی زیاتر دەبنەوە ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان رانەگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×