وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسڕائیلە و مەرجەکانى حەماسیش بۆ ئاگر بەست ڕاگەیەندرا
  2024-02-07       438       

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی ڕابردوو گەیشتە ئیسڕائیل و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە لەبارەى پرسى ڕاگەیاندنى ئاگر بەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کۆبوەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، مەحاس ژمارەیەک مەرجى بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست بڵاوکردووەتەوە و پێدەچێت ئەمڕۆش ئیسرائیل وەڵامیان بداتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوى کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا شەوی ڕابردوو گەیشتە ئیسڕائیل.

ئاماژە بەوەش کراوە، پاش گەیشتنى بە ئیسرائیل وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە لەبارەى پرسى ڕاگەیاندنى ئاگر بەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کۆبوەوە.

ئاژانسەکە بەشێک لە مەرجەکانی حەماسی لەبارەى ڕاگەیاندنى ئاگر بەست لەگەڵ ئیسرائیل بڵاو کردووەتەوە، کە بەمجۆرەن:-

دەشڵێن، قۆناغی یەکەم بزووتنەوەکە داوای دانوستانی ناڕاستەوخۆ دەکات لەگەڵ ئیسڕائیل بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ، کە ماوەى ٤٥ ڕۆژ درێژەى دەبێت و تێیدا ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان دەستپێدەکات لەگەڵ گەیاندنی هاوکاری تەواو بە خێزانە فەڵەستینییەکان.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە قۆناغی دووەمدا حەماس دیلە ئیسرائیلیەکان ئازاد دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی خێزانە فەڵەستینیەکان.

 باس لەوەش کراوە، قۆناغی سێیەم هاوشێوەی قۆناغی یەکەم ٤٥ ڕۆژ دەخایەنێت، کە تیایدا تەرم و ڕوفاتی قوربانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

لە کۆتایدا ئاژانسى ڕۆیتەرز باسى لەوە کردووە، پێدەچیت هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل وەڵامى مەرجەکانى حەماس لەبارەى ڕاگەیاندنى ئاگر بەست بداتەوە.

جێگەى ئاماژەیە، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە چەند رۆژى ڕابردوودا بە مەبەستى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل سەردانى هەریەکە لە وڵاتانى، سعودیە، قەتەر، میسر و ئەمشەویش گەیشتە ئیسرائیل.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×