لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم دو سكاڵای تر لە دادگای فیدراڵی تۆماردەكرێن
  2024-02-23       549       
دیمەنێكی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی بۆ داواكردنی موچەكانیان

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە یەكشەممەی داهاتو دو سكاڵای تر لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماردەكەن، ئەوەش لەسەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و موچە پاشەکەوتکراوەکان بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: لە ساڵی 2015وە حكومەتی هەرێمی كوردستان 15 موچەی فەرمانبەرانی نەداوە، 44 موچەشی بە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردن و لێبڕینی بەشێكی موچەكە دابەشكردوە، ئەوەش لە نێوان چارەكێكی موچەكە یان لێبڕینی سەدا 21.

یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێكدا بە (كەركوك ناو)ی وت "یەکشەممەی داهاتو 25ی شوبات، لەسەر راگرتنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و موچە پاشەكەوتكراوەكان لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەكەم، چونكە دو مافی فەرمانبەرانن".

ئەو هەڵوێستەی یوسف محەمەد دوای ئەوە دێت كە چوارشەممە 21ی شوبات، دادگای فیدراڵی عیراق چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و موچەخۆرانی حكومەتی هەرێم دەركرد، لە نێویاندا "پێنەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران پێشێلكردنی مافەو وەزارەتی دارایی عیراقی پابەند كرد، بە پێدانی مانگانەی موچەكانیان لەڕێی بانكە فیدراڵییەكانەوە".

یوسف محەمەد وتی "لە بڕیارەكانی دادگادا ئاماژەی بە راگرتنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و موچە پاشەکەوتکراوەکان نەكراوە، بۆیە ئەو سكاڵایە بە زەرور دەزانم". وتیشی "پێموایە دەبێت دانەوەی موچە نەدراوەکان بخرێتەسەر هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق".

لەبارەی بڕیارەكانی دادگا لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم، یوسف محەمەد وتی "پێویستە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی  بڕیاربدەن لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ بونی هیچ قەرزێک و پێویستە هەرێم-یش پابەندی رێککەوتنەکان بێت لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیرانی موچەخۆران و داهاتی ناوخۆ، لەوانەش داهاتی نەوتی و نانەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا بەبێ دروستکردنی هیچ کێشەیەک".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×