زانیاریی لەبارەی ئەو سكاڵایانەی دژی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و چەند بەرپرسێكی دیكە لەئەمریكا تۆماركراون
  2024-02-24       1395       

ماوەی کەمتر لە دو هەفتە ماوەتەوە لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە دادگای فیدراڵی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرس و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان و هەروەها  چەند كەسایەتییەكی ئەمریكی.

ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا: هەفتەی ڕابردو، 15ی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی لە واشنتن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.

دەنگی ئەمریکا تەواوی پەڕاوەکانی کەیسەکە و فەرمانی دادگاکەی دەستکەوتوە کە لە لایەن دادگاکەوە بڵاوکراونەتەوە.

سكاڵاكان 3 لایەن كردویانە: (رێكخراوی KURdISTAN VICTIMS FUND، مەکی ڕەڤەند، JOHN DOES 1-5000).

ناوی  JOHN DOES 1-5000، دەستەواژەیەکە لە دادگاکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت، ئیدی دەکرێت یەک کەس بێت یان 5 هەزار کەس بن.

هەر سێ لایەن لە ڕێگەی دو پارێزەرەوە سکاڵاکانیان لە دادگای واشنتن تۆمارکردون، ئەوانیش پارێزەر Paul Mickelsen کە وەک خۆی دەڵێت، زیاتر لە 17 ساڵ ئەزمونی لە کارەکەی هەیە و زیاتر لە 2500 سکاڵای یاسایی لە دادگاکان تۆمارکردوە و بە یەکێک لە باشترین پارێزەرەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا دادەنرێت. پارێزەی دوەم James R. Tate ە، زیاتر لە 40 ئەزمونی لە کارەکەی هەیە و گەیشتوەتە بەرزترین پلەی لێهاتویی کە پارێزەر دەتوانێت پێی بگات.

هەردو پارێزەرەکە داوادەکەن بڕی 9 ملیار دۆلار سزای دارایی بسەپێنرێت بەسەر ئەو کەسانەی لە کەیسەکەدا تۆمەتبارکراون بەوەی دەستیان هەبوە لە ئەشکەنجەداندا و بەپێی یاسایەکی ئەمەریکا بۆ پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجەدان، داوادەکەن قوربانییەکان قەربوکردنەکانیان زیاتر بکرێن و بگاتە 3 هێندە.

هەروەها داوای سەپاندنی 9 ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بسەپێنرێت بەسەر ئەوانەی تۆمەتبارکراون بەپێی یاسای دژە تێرۆری ئەمەریکا، وە داوا دەکەن دادگا بڕیاری قەرەبوی قوربانیانی ئەو تۆمەتانە بدات.

لەگەڵ ئەوانەشدا داوادەکەن دادگا بڕیار بدات تۆمەتباران تەواوی خەرجییەکانی ئەم کەیسە بدەن.

دەنگی ئەمەریکا بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ هەوڵی دا هەڵوێست و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە بزانێت لە ڕێگەی ئۆفیسی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ وەڵامێکیان نەبوە و هەرکاتێک وەڵامیان هەبێت بڵاوی دەکەینەوە.

فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە و تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردوە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکایین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن. سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

لە کەیسەکەدا باس لەوە کراوە مەسرور بارزانی گرین کارتی هەیە، واتە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە ئەمەریکا هەیە، بەو پێیە بە کەسێکی ئەمەریکایی دادەنرێت، هەرچەندە هاوڵاتی ئەمەریکایی نییە، ئەمەش وەک هاندەرێکە بۆ دادگا کەیسەکە لە ئەستۆبگرێت.

بە پێی یاسای ئەمەریکا، ئەگەر کەسێک هەڵگری گرین کارت (کارتی سەوز) بێت و تاوانبار بکرێت دەشێت کارتەکەی لێ وەرگیرێتەوە و کۆتایی بە مۆڵەتی مانەوەی بهێنرێت. بەڵام ئەمەش دەکەوێتە سەر شێوازی تاوانەکەی کە کردویەتی.

لە یەکێک لە تۆمەتەکان نوسراوە، کەسێک کە ناوی ئاشکرا ناکرێت، ئاشکرای کردوە تۆمەتباران لەگەڵ کەسانی دیکە کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکایان ڕفاندوە کە بە فەرمی کاری لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەکرد، پاشان بە شێوەیەکی بێ بەزییانە لێی دراوە هەتا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەیان لە دۆڵی بارزان فڕی داوە. لە فایلی کەیسەکەدا وێنەی تەرمێک کە لە دارستنانێکدا کەوتوە بڵاوکراوەتە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەوە تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکاییەیە.

لە تۆمەتێکی دیکەدا نوسراوە، لە گوندێکی هەرێمی کوردستان و لە ژێر پارێزی مەسرور بارزانی و کەسێکی دیکە وێسکی ساختە دەکرێت بە ناوی مارکەی Jack Daniel's ی ئەمەریکایی و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.

هەروەها دەرمانی ساختە بە ناوی مارکە و براندی ئەمریکایی دروستدەکرێن و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن. ساکاڵاکاران دەڵێن مانگانە بە لایەنی کەم 20 ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو دەرمانانەیە بۆ ئەو کاربەدەستە باڵایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە جگەرەی ساختە بە ناوی مارکەی ئەمەریکایی دەفرۆشن.

بەپێی یاسای ئەمریکا مافی خاوەندارێکی مارکەکان پارێزراوە کۆپی کردنی مارکە و مامەڵەکردن پێوەی، دەچێتە خانەی تاوانی سڤیلی و سزای لەسەرە.

جگە لەوانە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەو یارمەتییانەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی کۆمەک و هاوکاری لەلایەن کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی بارزانییەوە لێیان براوە، وەکو چەک و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و خۆراک و ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی و کۆمەکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە. دەشڵێن کەسانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەواڵگری ئەمەریکایی دەستیان هەیە لە بردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن بارزانییەوە.

لە لاپەڕەیەکی کەیسەکە سکاڵاکاران دەڵێن، بەڵگەنامەی هەیە ئاشکرای دەکات خانمێک لە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی 26 کۆمپانیای جۆراوجۆرە و 14 هوتێل و 6 کارگە و 286 کافتریا و 540 ئەپارتمان و 48 ڕێستورانت و 8 سەنتەری جۆراوجۆر و 2 پرۆژەی گەشتیاری و نەخۆشخانەیەک و بانکێک.

لەم کەیسەدا ناوی بەلایەنی کەم 50 کەس هاتوە کە بەشێکی زۆریان لە بنەماڵەی بارزانین لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×