لهكاردانهوهی بڕیارهكانی ئهمدواییهی دادگای فیدڕاڵی عێراق، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دهڵێت، ئەمە جاری یەکەم نییە دادگای فیدڕاڵی دەستوەردان دەکات لەکاروباری دەسەڵاتەکانی دیکە، هەروەها زۆرجار دەچێتە ناو هەندێک وردەکاری کە ئیشی ئەو نییە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە، شاخەوان عەبدوڵا لهلێدوانێكی ڕۆنامهوانیدا رایگەیاند، "ئەمە جاری یەکەم نییە دادگای فیدڕاڵی دەستوەردان دەکات لەکاروباری دەسەڵاتەکانی دیکە، جا چ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت یان دەسەڵاتی یاسادانان، ئەمەش پێشێلکردنی مەبدەئێکە لەدەستور، کە زۆرجار دەچێتە هەندێک وردەکاری کە ئیشی ئەو نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پێکەوە ژیانەی لەهەرێمی کوردستان هەیە، ئەو دێت بە ئامانجی دەگرێت، کە نابێت پێکهاتەکان مافیان هەبێت و پێگەیان هەبێت، بۆیە ئەو بڕیارانە کاریگەری لەسەر بیروڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە لەسەر مافی پێکهاتەکان."
لەسەر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شاخەوان عەبدوڵا وتی، دادگای فیدڕاڵی زۆر وردەکاری داوە رەنگە لەبنەڕەتدا ببێتە بەربەست لە جێبەجێکردنیدا، دەکرا باسی ئەوەی کردبا دەبێت مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت، بەڵام هاتووە باس لە مووچەی فەرمانبەران دەکات لە چوارچێوەی بودجەدا، بەڵام لە چوارچێوەی بودجە هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، تەنیا زیاتر لە پێنج سەد هەزار فەرمانبەری تێدایە، وە فەرمانبەرانی دیکە چۆن جێ بەجێدەکرێت.
باسی لەوەشکرد، "ئێمە 100 واژۆمان ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد، بەوەی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئینفاقی فیعلی جیا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە سەر بەرنامەی کاری پەرلەمان، دەکرا بنێردرێت بۆ پەرلەمان و بەسێ دانیشتن هەموار دەکرایەوە. بۆیە ئەمە پێچەوانەی یاسایی دادگای فیدڕاڵیشە، چونکە لە یاسای دادگای فیدڕاڵی هاتووە هەر بڕیارێک دەبێت هۆکارەکەشی لەگەڵ بێت بەڵام ئەوە باسی هۆکاری ئەو بڕیارەی نەکردووە.