جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیەوە سەرجەم کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرتووەو لەئێستادا هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە دهوام ناكات. دهشڵێت، وەستاندنی کارەکانی ئەنجومەن گرفتی گەورەی بۆ کارە ئیداریەکانی هاوڵاتیان و چاودێری کردن دروستکردووە.
ئاوێنه: رۆژی 24/9/2023 دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بەنادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانو ههڵیوهشاندهوه، بڕیارەکەش دوای سكاڵایهكی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هات لەدادگای فیدڕاڵی کە لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆماری کردبو.
بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه، "لەئێستادا هیچ کارێک ناکەین وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەن هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ئەنجومەنی خستۆتە فەراغێکی یاساییەوە."
وتیشی، "لە 24ی مانگی 9 لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کارەکانمان ڕاگرتووەو پەیوەستین بەبڕیارەکەوە."
پێشتر ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەمجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندبو،" چاوەڕێدەکەین کە بزانین ڕێنمایی و وردەکاری بڕیارەکە چیە، دواتریش سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران لەدوای ڕای خۆیان دەبێت بینێرنەوە بۆ ئەنجومەنەکان چی بڕیارێک بێت جێبەجێی دەکەین."
لەو بارەیەوە بەرزان شێخ محەمەد ڕایگەیاند، " هیچ بڕیارێکمان لەسەرۆکایەتی هەرێمەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن دەوام ناکات."
ئهوهشی وت، " وەستاندنی کاری ئەنجومەنەکان زۆر کێشەیەکی گەورەیە بۆ حوکمڕانی هەرێم، چونکە یەکێک لەپایەکانی حوکمڕانی ئەو دامەزراوانەیە کە چاودێری دەکەن. دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانی، لایەنێکی بەهێزی چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاکانە، ئێستا ئەو چاودێریەنەماوە، کەدامەزراوەی چاودێری نەما تەبعەن گەندەڵی زیاد دەبێت، لە ڕاستیدا ئاگاداری بارودۆخی هاوڵاتیان نین."