پارتی لەھەولێر فشار دەکات بۆ رێگریکردن لەکردنەوەی بارەگایەکی لیستی "بەرەی گەل" کەوا بڕیارە لەهەڵبژاردنی داهاتووی کوردستاندا بەشداری بکاتو لەلایەن لاھور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە، رێکخستنەکانی لیستەکەی لاھور شێخ جەنگی کە دەگوترێت بەناوی (بەرەی گەل) بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکات، خانوەیەکی ٧٥٠ مەترییان کە دەکەوێتە ناو شاری هەولێر نزیک شەقامی ٦٠ مەتری، بەکرێگرتووە بەمەبەستی سەرپەرشت کردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵام لەلایەن بەرپرسی لقی دووی پارتی لەھەولێر فشار لەسەر خاوەنی خانوەکە دروستکراوە بۆ ئەوەی لەبەکرێدانی پەشیمان بێتەوەو گرفت بۆ لیستی بەرەی گەل دروستببێت.
لاھور شێخ جەنگی، بەنیازە بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری لەھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان بکاتو وەک خۆیان دەڵێن دەیانەوێ نەخشەی ململانێی سیاسی لەھەرێم بگۆڕن، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی نزیک لەلیستەکەی لاھور شێخ جەنگی بەئاوێنەی راگەیاند کە "ئەوان خۆیان ئامادەکردووەو ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی ئۆپۆزسیۆنیش بەشداری لەلیستەکەدا دەکەن یاخود پشتیوانی لەلیستەکە دەکەن".
سەرچاوەکە وتیشی "زەمینەیەکی زۆر باش ھەیە گۆڕانکاریی لەکوردستان دروست ببێت، چونکە حزبەکانی دەسەڵات ھیچیان بۆ خەڵک نەھێشتۆتەوەو خەڵکی لێیان ناڕازینو خوازیاری گۆڕانکاریین".