مەسرور بارزانی گەیشتە واشنتن.. له‌ئه‌مه‌ریكا سكاڵا له‌سه‌ر مەسعود بارزانی‌و مەسرور بارزانی تۆماركراوه‌
  2024-02-25       1300       

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبانگهێشتێکی ڕه‌سمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ئاوێنه‌: مەسرور بارزانی ئێوارەی ئه‌مڕۆ شەممە بەسەرۆکایەتی وه‌فدێکی حکومی گەیشتە واشنتن، وه‌ك میدیای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بڵاویكردۆته‌وه‌، بارزانی‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەکۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەو کۆنگرێس دەبێت. 

تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکاو دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە.

وه‌فدی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەزیری پێشمەرگەو بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو چەند بەرپرسێکی دیکە پێکهاتون.

ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا لەكاتێكدایە دەنگی ئەمریكا لەراپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ماوەی کەمتر لەدو هەفتە ماوەتەوە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لەدادگای فیدراڵی ئەمەریکا لەواشنتنی پایتەخت لەدژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرس و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان و هەروەها  چەند كەسایەتییەكی ئەمریكی.

هەفتەی ڕابردو، 15ی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی لەواشنتن بەفەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لەماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لەکەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لەدژی تۆمەتباران دەدات.

فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە و تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردوە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکایین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن. سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

لە کەیسەکەدا باس لەوە کراوە مەسرور بارزانی گرین کارتی هەیە، واتە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە ئەمەریکا هەیە، بەو پێیە بە کەسێکی ئەمەریکایی دادەنرێت، هەرچەندە هاوڵاتی ئەمەریکایی نییە، ئەمەش وەک هاندەرێکە بۆ دادگا کەیسەکە لە ئەستۆبگرێت.

بە پێی یاسای ئەمەریکا، ئەگەر کەسێک هەڵگری گرین کارت (کارتی سەوز) بێت و تاوانبار بکرێت دەشێت کارتەکەی لێ وەرگیرێتەوە و کۆتایی بە مۆڵەتی مانەوەی بهێنرێت. بەڵام ئەمەش دەکەوێتە سەر شێوازی تاوانەکەی کە کردویەتی.

لە یەکێک لە تۆمەتەکان نوسراوە، کەسێک کە ناوی ئاشکرا ناکرێت، ئاشکرای کردوە تۆمەتباران لەگەڵ کەسانی دیکە کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکایان ڕفاندوە کە بە فەرمی کاری لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەکرد، پاشان بە شێوەیەکی بێ بەزییانە لێی دراوە هەتا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەیان لە دۆڵی بارزان فڕی داوە. لە فایلی کەیسەکەدا وێنەی تەرمێک کە لە دارستنانێکدا کەوتوە بڵاوکراوەتە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەوە تەرمی ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکاییەیە.

لە تۆمەتێکی دیکەدا نوسراوە، لە گوندێکی هەرێمی کوردستان و لە ژێر پارێزی مەسرور بارزانی و کەسێکی دیکە وێسکی ساختە دەکرێت بە ناوی مارکەی Jack Daniel's ی ئەمەریکایی و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.

هەروەها دەرمانی ساختە بە ناوی مارکە و براندی ئەمریکایی دروستدەکرێن و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن. ساکاڵاکاران دەڵێن مانگانە بە لایەنی کەم 20 ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو دەرمانانەیە بۆ ئەو کاربەدەستە باڵایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە جگەرەی ساختە بە ناوی مارکەی ئەمەریکایی دەفرۆشن.

بەپێی یاسای ئەمریکا مافی خاوەندارێکی مارکەکان پارێزراوە کۆپی کردنی مارکە و مامەڵەکردن پێوەی، دەچێتە خانەی تاوانی سڤیلی و سزای لەسەرە.

جگە لەوانە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەو یارمەتییانەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی کۆمەک و هاوکاری لەلایەن کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی بارزانییەوە لێیان براوە، وەکو چەک و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و خۆراک و ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی و کۆمەکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە. دەشڵێن کەسانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەواڵگری ئەمەریکایی دەستیان هەیە لە بردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن بارزانییەوە.

لە لاپەڕەیەکی کەیسەکە سکاڵاکاران دەڵێن، بەڵگەنامەی هەیە ئاشکرای دەکات خانمێک لە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی 26 کۆمپانیای جۆراوجۆرە و 14 هوتێل و 6 کارگە و 286 کافتریا و 540 ئەپارتمان و 48 ڕێستورانت و 8 سەنتەری جۆراوجۆر و 2 پرۆژەی گەشتیاری و نەخۆشخانەیەک و بانکێک.

لەم کەیسەدا ناوی بەلایەنی کەم 50 کەس هاتوە کە بەشێکی زۆریان لە بنەماڵەی بارزانین لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×