ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تورکی، لە گوندێکی ناحیەی شاران لە گوندەواری عەفرین، باکووری شاری حەلەب، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی نوێی کردەوە، ئەمەش لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دووەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تورکیایە و لە هەمان گوندیشدا سێیەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە دروستدەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا، ڕێکخراوی ئەوقافی ئاینیی تورکی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی نوێی لە نزیک گوندی کفاروم لە قەزای شاران لە گوندەواری عەفرین دروستکرد، جگە لە دانانی بەردی بناغەی گوندێکی تر، ئەوەش لەگەرمەی خێرابوونی پڕۆسەی درووستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نوێیە لەو ناوچانەی باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان کە تورکیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە هاوکاریی گرووپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بە تورکیا داگیری کردوون.
سەرچاوەکان تێبینی بوونی لۆگۆی ڕێکخراوی “دەستی هاوکاری بۆ فریاگوزاریی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی” و لۆگۆی ڕێکخراوی “ئافاد”ی تورکی لەسەر دیوار و دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەو کۆمەڵگە نوێیە کرد ووەکە لەژێر ناوی “گوندی نیشتەجێبوونی دەستی هاوکاریی” لەنزیک گوندی کفاروم لە ناحیەی شاران لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عەفرین.
کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە نوێکەی تورکیا لە زیاتر لە 500 شوقە پێکدێت و سێیەم کۆمەڵگەیە لەو ئاواییەدا درووستکراوە.