عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی له دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ده‌بێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێته ئه‌لیكترۆنی، داواش ده‌كات كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی مه‌رجه‌كان بێت.
عه‌توان عه‌توانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌یان و وه‌زیری دارایی عێراق، به رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، "پاره‌داركردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م مانگه ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ی لیستی موچه ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت، بۆ مانگه‌كانی داهاتوش پابه‌ندی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان موچه‌كانیان به ئه‌لیكترۆنی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی بانكه فیدڕاڵییه‌كان موچه بكرێت و پشكی كورد 12.67% ده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبێت چونكه "ئێمه له به‌رامبه‌ر دۆخێكی مرۆییداین و ده‌بێت حكومه‌ت به گوێره‌ی لێكه‌وته‌كان و ستاندارده‌كان پابه‌ندی خۆی بنوێنێت، ده‌بێت به هه‌مو شێوه‌یه‌ك دامه‌زراوه‌كان ئاماده‌كاریه‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، پێویسته دوای ره‌وانه‌كردنی خشته‌ی موچه پاره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێردرێت".
په‌یوه‌ست به واده‌ی ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی له دارایی په‌رله‌مانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، "هه‌ركاتێك لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، ئه‌وكاته پاره‌كه ره‌وانه ده‌كرێت، له مانگه‌كانی داهاتوش ئه‌و بڕه پاره‌یه له‌ناو ئه‌و بانكانه‌دا داده‌نرێت و ئه‌و بانكانه‌ش سه‌كۆی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و ده‌چێته سه‌ر هه‌ژماری فه‌رمانبه‌ران".
رونیشیكرده‌وه، ئه‌م مانگه‌ش هاوشێوه‌ی پێشتر پاره ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت دوای ئه‌وه‌ی لیستی موچه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرا، بۆ مانگه‌كانی داهاتوش له‌گه‌ڵ بانكه‌وه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت، ده‌بێت له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران هه‌ژماریان بۆ بكرێته‌وه.