دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى پەنابەران ئاماری گەیشتنی کۆچبەران بە دوورگەکانی یۆنانى لە مانگی ڕابردوودا ڕاگەیاند و بەپێى ئامارەکە ڕێژەى کۆچ بە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 115.8% زیادی کردووە.
ئاوێنە: لەڕاگەیەندراوێکدا، دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى پەنابەران بڵاویکردەوە، گەیشتن بە دوورگەکانی یۆنان بە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 115.8% زیادی کردووە.
بەپێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، ڕێژەی زیادبوونی بەرچاوی کۆچکردنی خەڵک بۆ دوورگەکانی یۆنان بەردەوامە، لە ساڵی 2023دا هاتنی خەڵک بە ڕێژەی 240% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، پێدەچێت ئەم زیادبوونە تا ساڵی 2024 بەردەوام بێت.
دەزگای لوتکە بەدواداچوونى کردووە و روونیکردووەتەوە، لە مانگی یەکدا 35 حاڵەتی پاڵنانی نایاسایی لە دەریای ئیجە تۆمارکراوە، کە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیکەوە ئەنجامدراوە، 1.144 کەس، منداڵ، ژن و پیاو، مافی پەنابەرییان لێ زەوت کراوە، مافە مرۆییەکانیان لەلایەن یۆنانیەکانەوە پێشێل کراوە.
بە پێی ئامارەکانی بەردەست دەزگای لوتکە، لە مانگی یەکی ساڵی 2020ەوە دوو هەزار و 882 حاڵەتی پاڵەپەستۆ لە دەریای ئیجە تۆمارکراوە، کە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیکەوە ئەنجامدراوە، کە 78 هەزار و 676 پیاو و ژن و منداڵ تێیدا بەشدارن. 897 لەو حاڵەتانە بە بەکارهێنانی ئامێری فریاگوزاری/ڕافتی ڕزگارکەر ئەنجامدراون، 23,431 کەس لە 1,364 ڕافتی ڕزگارکەردا لە دەریای ئیجەدا بەجێهێڵراون.