نوێنەرى زیندانیانى بادینان بڵاوى کردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانى گەڕێکی دیکەى سکاڵا دژ بە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدرێت، دەشڵێت، چەند ڕۆژێکە دادگاکانی پارتی لەدهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە.
ئاوێنه: ئەیهان سەعید نوێنەرى زیندانیانى سیاسى، لەبارەى گەڕێکی دیکەى سکاڵا و سزادانى ئازادیخوازانی بادینان لەلایەن پارتیهوه ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە فەرمانی مەسرور بارزانى گەڕێکی دیکەى سکاڵا دژ بە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، چەند ڕۆژێکە دادگاکانی پارتی لەدهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەمجۆرەیە:-
بۆ ڕای گشتی و لایەنە سیاسیەکان
نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر و بەغداد
یۆنامی، رێکخراوە نێوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ
سەرباری نارازایەتیەکی زۆری نێوخۆیی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر پرۆسەی سزادانی زیندانیانی بادینان لە جیاتی بەخۆداچونەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئەقڵیەتێکی ئۆلیگارشی بێ حسابکردن بۆ ھیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤی، نشتیمانی، یاسایی و دیموکراسی لە تۆڵەی ئەو فشارانەی لەسەرین و ھاتنە پێشی کامپینى سکاڵاکەی دژی لەدادگای فیدڕاڵی واشنتۆن کە تیایدا کەسانی باڵای ئەمریکا بەشدارن و لەنێویشیاندا ستیفن ستدیرت راوێژکاری یاسایی سێ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەشدارە، کە یەکێک لە سکاڵا سەرەکیەکەیان تایبەتە بە پرسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و گیراوانی بادینان کە دژ بە مەسرور بارزانی بەرزکراوەتەوە، بە فەرمانی خۆی، گەڕێکی تری سکاڵا دژبە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدات، بێجگە لە سکاڵای دووەمی هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کە لەزیندان لەسەر ئەوە حوکمدراون، چەند ڕۆژێکە دادگاکانی پارتی لەدهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە ، کەپێشوتر ئازادکراون ، ئەوانیش هەریەک لە:
ئومێد بەرۆشکی بە پێ ماددەی ٢ی خراب بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە ٦ی ٢٠٠٨.
مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی ماددەی ٢٥٢ لەسەر شایتحالی ناراست (شهادة الزور)ی، لەسەر بەرگێریکردنین لە شێروان شێروانی.
دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی ١ی یاسای ژمارەی ٢١ ی تێکدانی ئەمنی نشتیمانی ھەمواری ساڵی ٢٠٠٣.
پێشتریش دژی هەرپێنج چالاکوانی ئازادکراوی شیلادزێ بەتۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایش لەناو دادگا ،سکاڵا تۆمارکرابوو لەسەر یاسا سزادان ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩.
سروشتی مەسرور و دەزگا ئەمنییە حزبی و خۆسەپێنەکەی وەهایە، هەرکاتێک هەستیان بەلاوازی و بێ دەسەڵاتی کرد پەلاماری چالاکوانان و ئازادیخوازان دەدەن، وە مەسرور بارزانی دەیەوێت فۆبیای خۆی بەرامبەر دوسیەی زیندانیانی بادینان بەو سکاڵایانە بشارێتەوە، لەگەل دەستپێکردنی دووبارە سزادانی زیندانیان بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری زیندانیانی دیکە، ئێمەش بە ھاوبەشی لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فدڕالی بەغداد و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرینە بەر .
هەروەک پێشتریش بۆ ڕای گشتیمان ڕوونکردبویەوە و فشارەکان بۆ سەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ئاشکرا کرد، دووبارە دروستکردنی سیناریۆ و دەستبەسەرکردنیان بەشێکە لەو پرۆسە نایاساییەی کە پارتی جێبەجێی دەکات لەبەر ترسی خەباتی مەدەنی و شکستهێنانیان لە ھەلبژادن لە دەڤەری بادینان، بۆیە ئەرکی ھەموو لایەکە خۆ بە خاوەنی ئەم دۆسیەیە بزانێت و ھەلوێستی جدی وەربگرن چونکە ئەمە پرسێکی گشتییە.
ئەیھان سەعید / نوێنەری زیندانیانی بادینان