ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون.
عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان دەڵێت، "سزادانی مامۆستایان دەریخست کە عەقڵیەتی ئیدارەدانی بەعسیانە لە فەرمانگەکاندا ماوە و بەعس کۆتایی نەهاتوە."
باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا سزاکانی مامۆستایان هەڵنەوەشاونەتەوە و هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی نزیکەی چوار هەزار مامۆستایان سزاداوە، لە پەروەردەکانیتریش سزادانی مامۆستایانیان جێبەجێ کراوە.
دوای ئەوەی مامۆستایان و وانەبێژانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحییەکانی دەوروبەری بۆ زیاتر لە سێ مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان هاوکات دانەمەزراندنی وانەبێژان و وەستاندنی پلەبەرزکردنە وە ،لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ فشارکردنە سەریان ژمارەیەک مامۆستا سزادران و دواتر لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیەندرا کە هیچ مامۆستایەک سزا نەدراوە بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنەوە بە ڵام ئەندامانی ئەنجومەنی ناڕازی مامۆستایان دەڵێن نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون.