بەیانی ئەمڕۆ کچە خوێندکارێک، کە تەمەنی 14 ساڵە لەماڵەکەی خۆیاندا بەدەمانچە بەشێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بەژیانی هات و پۆلیسیش دەڵێت: لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ لەناحیهی ڕزگاریی سەر بەشارۆچکەی کەلار تەرمی کچێک گەیەندراوەتەوە پزیشکی دادوەریی کەلار، کە هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی بەرکەوتنی فیشەک بووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە، کچەکە ناوی (د، ا، ع)ە و لەدایکبوی ساڵی 2010یە، کەسوکارەکەی پێیان ڕاگەیاندون، خوێندکارەو لەگەڵ دایکی لەماڵ بووە بەیانی ئەمڕۆ بەدەمانچەکەی باوکی، کە خانەنشینی پێشمەرگەیە فیشەکی بەخۆیەوە ناوەو لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
لەڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا ئەوەش هاتووە، کە لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارو چۆنێتی ڕوداوەکە کراوەتەوەو پۆلیس چونەتە شوێنی ڕوداوەکەو دەستبەسەر چەکەکەو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی قوربانییەکەدا گیراوەو پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.
چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ بۆنەی 8ـی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژنان)، کە لەپێناو پاراستنی مافی ژنان و ڕاگرتنی ژنکوژیدا دیاری کراوە، بەڵام لەدو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەمە 13یەمین ڕوداوی کوشتن یاخود مردنی گوماویی ژنانە لەههرێمی کوردستان.