ئینستتیۆتی پەی: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی چیتر پەرلەمانی كوردستان مەرجەعی خەڵكی كوردستان نابێت
  2024-03-04       415       

ئینستتیۆتی پەی، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگاكە پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانی لە پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستاندا نابێت و چیتر مەرجەعی خەڵكی كوردستان نابێت و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو خواستەی كە چیتر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی نەمێنێ و ئەمەش سەرەتای نەمانی فیدرالیەتە.

ئاوێنە: ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە.

ئینستتیۆتی پەی رایگەیاندوە، دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جگە لە بڕیاردان لەبارەی ماددەكانی (1، 9، 15، 22، 36)ی یاساكە كە تایبەت بون بە: ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان، بازنەی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران و لیستی پاڵێوراوان، "دادگا بڕیاری لە نادەستوریبونی بڕگەی (2) لە مادەی (56) یاساكە داوە، كە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی لە پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستاندا نەبێت. لەكاتێكدا ئەم بابەتە لە داواكەدا نەهاتوە."

ئینستتیۆتی پەی ئاماژەی بەوەشداوە "بەپێی ئەمە دەبێت بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانیش هەڵبوەشێنرێتەوە كە تیایدا هاتوە 'پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق.' بەپێی ئەم بڕیارە بێت ئیتر لەمەودوا دامەزراوەی پەرلەمان لەبایەخی كەمتریش دەبێتەوەو هیچیتر مەرجەعی خەڵكی كوردستان نابێت!"

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو بڕیارە "لەكاتێكدا خەباتی سیاسی بەشێكی گەورەی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمدا ئەوە بوە پەرلەمانی كوردستان ببێت بە مەرجەعی باڵا، بۆ نمونە لە پرسەكانی تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، دەستور، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ و چەندانی تر لەژێر سەقفی پەرلەماندا یەكلایی بكرێنەوە."

وتوشیەتی"لەهەموشی گرنگتر هەمیشە زۆرینەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی لای ئەو هێزانە بوە كە پارتی نەبون، چونكە سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتی و پەرلەمانیش لای لایەنەكانی تر بوە. لە ئێستادا كە مەرجەعیەتی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وەردەگیرێتەوە، ئەو هێزو لایەن و كەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرانەی چەندین ساڵە شەڕی ئەوەیان دەكرد پەرلەمان مەرجەعی باڵای چارەسەركردنی پرسە چارەنوسسازەكان بێت، لانی كەم بەپێی بانگەشەكانی رابردویان، دەبو ئەگەر ئیدانەی ماددەكانی تریش ناكەن، ئیدانەی ئەو ماددەیەیان بكردایەو بهاتنایەتە دەنگ، چونكە گورزەكە بەر ئەوانە كەوتوە، كەچی جگە لەوەی سەبەبكارن، بێدەنگیشن."

بەبڕوای ئینستتیۆتی پەی "پەیامەكانی پشت ئەم بڕیارە زۆر لەوە گەورەترە تا لە پرسی یاسای هەڵبژاردندا بچوك بكرێتەوە، چونكە جیا لەبڕیارەكانی دیكە كاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێگەو چارەنوسی هەرێمی كوردستان دەبێت و لێكەوتەكانی ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم دیاری دەكات. ئەوەش دەگەیەنێ كە تەنها ڕكابەرەكانی كورد پەنا نابەنە بەردەم دادگای باڵای ئیتیحادی بۆ بەرزكردنەوەی داوا دژ بە حكومەتی هەرێم، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەوەندە ناكۆكن! داوا لەسەر سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بەرزدەكەنەوە بۆ بە نادەستوری ناساندنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان! ڕاستییەكی تاڵە لایەنەكانی هەرێم ئەوەندە ناتەبا بن، دامەزراوەكانی ئەوەندە ناكارا بن، پەنا بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی ببرێت! دادگایەك (بەو پێكهاتەیەی ئێستای) چارەنوسی داواكارییەكانیان دیاری بكات و وەك پارێزەری مافە دەستورییەكانی گەلانی عێراق لێی بڕوانرێت."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەم بڕیارەی دادگای ئیتیحادی، درێژەپێدەری كۆمەڵێك بڕیارو یاساو هەنگاوە كە لە ڕابردودا دراون بۆ لەقاڵبدان و بچوككردنەوەو دو كەرتكردنی قەوارەی هەرێم، ئاماژەن بۆ ئەو خواستەی كە چیتر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی نەمێنێ، بەڵكو وەك یەكەیەكی كارگێڕی و هاوشێوەی هەریەك لە پارێزگاكانی تری عێراق ئەژمار بكرێت. ئەو هەنگاوە مەترسی ئەوەی لێدەكەوێتەوە لەمەودوا پەرلەمان نەتوانێت بە رۆڵی تەشریعی خۆی هەڵسێ و نەتوانێ هیچ یاسایەكی بنچینەیی چارەنوسساز لە هەرێمی كوردستان دەربكات، چونكە ئەگەر تۆزقالێك بە دڵی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبێت دادگەی ئیتیحادی هەڵی دەوەشێنێتەوە. ئەمەش وادەكات پەرلەمان لە دامەزراوەیەكی یاسادانانەوە ببێت بە دامەزراوەیەكی بێ رۆڵ و كاریگەر، كاتێكیش دامەزراوەی تەشریعی رۆڵی نەمێنێ، ئۆتۆماتیكی سیستەمەكە لە لامەركەزی سیاسییەوە دەبێت بە لامەركەزی ئیداری، ئەمەش سەرەتای نەمانی فیدرالیەتە."

ئینستتیۆتی پەی هەر لەوبارەیەوە وتوشیەتی"بەڵام ئایا لە هۆكاری بنەڕەتی ئەم ڕوداوانە تەنها نەیارەكانی بەغدان؟ یان لەئەستۆی ئەو لایەنانەیە كە سكاڵایان تۆمار كردوە؟ یاخود، بنچینەی هەڵەكان خودی هەرێمە و دوای چارەسەرنەكردنی كێشەكانی وەكو بڕینی موچە، سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێك نەكەوتن لەسەر كۆتا و چەندانی تر؟ دەبێ ئەو راستییە بزانرێت بەشێكیان جگە لەوەی ویستێكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیان لە پشتەوەیە، بەشەكەی تری دەرەنجامی بنبەستی سیاسیی هەرێم و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی و پشتگوێ خستنی دەنگە دڵسۆزەكان بو، خەسڵەتەكانی بێ ئاگایی و گەندەڵی و نادادی و نەبونی حكومەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو دەسەڵاتێكی ڕەشید لە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكین."

هەروەها ئەوشەی خستۆتەڕو"سەرباری ئەوەی بەشێكی هێزە سیاسییەكان تاكڕەوانە هەنگاویان دەنا، لە بری ئەوەی ململانێكانیان ببەنە ناو پەرلەمان، كەچی بۆ دەستشكانەوەی یەكتر هانایان بۆ بەغدا برد، لەكاتێكدا عیراق بۆخۆی بەدەست دەیان كێشەی دەستوری و سیاسییەوە دەناڵێنێ‌! هێزە سیاسییەكان دەرەقەتی ململانێكانی خۆیان نەدەهاتن لەناو پەرلەمان و حكومەت، بەغدایان بە فریادڕەس زانی تا ململانێكانیان بۆ یەكاڵا بكاتەوە. لەناو ئەو بەرداشەشدا هاوڵاتیانی هەرێم و ئەزمونەكەی زەرەرمەندی یەكەم بون. كە ناچار كران بۆ مافەكانی قوت و ژیانیان هانا بۆ بەغدا ببەن. ئێستاش لایەنە سیاسییەكان بەناچاری ئەبێ رازی بن بەوەی بەسەریاندا سەپێنراوە، چونكە ئەم بڕیارە بەپێی ماددەی (94)ی دەستور پابەند كارە، قابیلی تانەو پێداچونەوە نییەو تەنها دەبێ جێبەجێ بكرێت."

دەقی راپۆرتەكە:

بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا

               

لەئەنجامی ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم (بەتایبەت پارتی و یەكێتی) و كەمتەرخەمیان لە ئاست بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان، سەبارەت بە (یاسای هەڵبژاردن) چەند سكاڵایەك ئاراستەی دادگەی ئیتیحادی كران، دوای تاوتوێكردن و بەڕێوەچونی چەندین دانیشتن، لە رۆژی (21/2/2024)دا دادگای ئیتیحادی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە (یەكێتیی نیشتمانی كوردستان) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم ‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماریكردبو. سكاڵاكار داوای لە دادگای فیدراڵی كردبو حوكم بدات بە نادەستوری بونی ماددەكانی (1، 9، 15، 22، 36)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كە تایبەت بون بە: ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان، بازنەی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران و لیستی پاڵێوراوان. لە ئەنجامدا لە گرنگترین بڕیارەكانی دادگەی ئیتیحادی بریتی بون لەمانەی خوارەوە، كە دەكرێت هەندێكیان بە تەكنیكی و ئەوانەی تریش بە سیاسین پۆڵێن بكرێن:

1-تانە لە ماددەی (1) ی یاساكە دراوە كە تیایدا هاتبو "پەرلەمانی كوردستان لە 111 ئەندام پێكدێت"، سكاڵاكار نوسیویە هیچ پێوەێك نییە بۆ دانانی كورسییەكان، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕگەی (1)ی ماددەی (49)ی دەستوری عیراق بەستوە كە هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران بێت: "یەك كورسی بۆ سەد هەزار كەس لە دانیشتوان". لەئەنجامدا دادگە بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی رێژەی كورسیەكان بۆ (100) كورسی، لەكاتێكدا دیار نییە ئاخۆ دادگەی ئیتیحادیش لەكەمكردنەوەی كورسییەكان پشتی بە چ پێوەرێك بەستوە! ئەگەر بەپێی دەستور بوایە هەر سەد هەزار كەس لە دانیشتوان كورسییەكی بۆ دەستنیشان بكرایە، دەبوایە بكرێت بە (61) كورسی گشتی، چونكە بەپێی دوا ئاماری بەڕێوەبەرێتی گشتی رەگەزنامەی هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بریتییە لە (6103274) كەس. جگە لەمە دانانی ژمارەی (100) كورسیش لەگەڵ كاری پەرلەمانی و راسپاردنی كوتلەی گەورەو پێكهێنانی حكومەتدا وێكنایەتەوەو ئەگەری دروستبونی كێشەی هەیە.

2-تانە لە مادەی (9) ی یاساكە دراوە سەبارەت بە گۆڕینی جوگرافیای هەڵبژاردنی هەرێم لە یەك بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی، كە لە چوار بازنە كەمتر نەبێت، ئەم خاڵەشیان كارێكی بەجێیەو بەهۆیەوە نوێنەرایەتی ناوچەكان باشتر بەرجەستە دەبێت و بواری گزی و ساختەكاریش كەمتر دەبێتەوە. بەڵام ئەو چوار بازنەییەی لەلایەن دادگەی ئیتیحادیەوە هێنرایە كایەوە، دەكرا لە پەرلەمانی كوردستانیش بكرێت، لەكاتێكدا هەمو لایەنەكان رازی بون لەسەری.

3-تانە لە مادەی (15)ی یاساكە دراوە سەبارەت بە پێداچونەوەو رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، ئەمەیان كارێكی یاسایی و لەجێیەو جێگەی دەستخۆشییە، ساڵانێكە دەبوایە خودی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم پێی هەڵسن. لەكاتێكدا ئامادەكردنی تۆمارێكی پاك و بێگەرد ئەركی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمە، ئەو كۆمسیۆنە لە ساڵی (2015) دروستبوە، راپرسییەك و تەنها یەك هەڵبژاردنی ئەنجامداوە، هەردوكیانی بە تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كردوە،  بە تەكلیف وەری گرتوە، لەكاتێكدا (9) كۆمسیاری بە پلە وەكیل وەزیر و (12) بەرێوەبەری گشتی و (518) فەرمانبەری هەیە، ماوەی (9) ساڵە مانگانە نزیكەی (900) ملیۆن دیناری وەك موچەی نەسریە بۆ خەرج دەكرێت، كەچی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە تۆمارێكی دەنگدەرانی بێگەرد دروستبكەن، كە ئەو كاتە كۆمسیۆنەكە هیچ كێشەیەكی یاسایی و سیاسی نەبو، پرسیار ئەوەیە كۆمسیۆنێك كە نوێنەری لایەنی سكاڵاكاری تیادایە، بودجەو توانای مرۆییان هەبوە، بۆچی لەو ماوە دورودرێژەدا هیچ كارێكیان لەسەر ئەو تۆمارە نەكرد؟ كەچی ئێستا ئەو داوایە لە بەغدا دەكەن؟ ئەوە چ باوەڕبونێكە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و چ بەهەدەردانێكی داهاتی هەرێمە؟

4- تانە لە مادەی (22) ی یاساكە دراوە سەبارەت بە نادەستوری دانانی لیستی هەڵبژاردن كە ڕێگە بە لیستی تاكەكەسیش بدات، بە مەرجی پاراستنی ڕێژەی ژنان. لایەنە سیاسییەكان دەیانتوانی لە پەرلەمانی كوردستاندا كار لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

5- تانە لە مادەی (36)ی یاساكە دراوە سەبارەت كورسی كۆتاكان، سكاڵاكار داوای دابەشكردنی كورسی كۆتاكانی كردوە بەسەر پارێزگاكاندا، بەڵام دادگا بڕیاریدا بە لابردنی هەر (11) كورسی كۆتا. بەپێی بڕیارەكە بونی كورسی كۆتا نادەستورییە، ئەمەش لەگەڵ دەستور و یاسا و واقیعدا وێك نایەتەوە، بەتایبەتی كۆتای مەسیحییەكان، چونكە لەلایەك سیانزە ساڵ بەر لە دەركردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق كۆتای مەسیحییەكان لە ساڵی 1992ەوە لەپەرلەمانی كوردستاندا هەبوە و لە مادەی (141) ی دەستوریشدا هاتوە: "كاركردن بەو یاسایانەی كە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە دەركراوە بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو بڕیارانەش كارپێكراون كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دراون – لەوانەش بڕیارەكانی دادگا و گرێبەستەكان، بە مەرجێك پێچەوانەی دەستور نەبێت". لەلایەكی تریشەوە بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، (9) كورسی كۆتا لە ئەنجومەنەكەدا هەیە، كە پێنج لەوانە بۆ مەسیحییەكان تەرخان كراوە، بەمەش ئەو پرسیارە دێتەكایەوە: ئاخۆ نادەستوریبونی كۆتای مەسیحییەكان لەكوێدایە؟ دادگای فیدراڵی ئەگەر سیستەمی كۆتای كوردستان بە پێچەوانەی دەستوری عێراق دەزانێ، دەبوایە پێشتر كۆتا لەعێراقدا هەڵوەشێنێتەوە، ئینجا بڕیار لەسەر نادەستوریبونی كۆتا لە كوردستان بدات. كە بڕیارەكەیشی دەركرد، دەبوایە ئەلتەرناتیڤێكی بۆ مافی پێكهاتەكان پێشنیاز بكردایەو ڕەچاوی كێشە سیاسی، كولتوری، كۆمەڵایەتی و ئایینییەكانی كردبایە، بە جۆرێك چارەسەری یاسایی بكردایە بەبێ ئەوەی مافەكانیان بەیەكجاری فەرامۆش بكات. لەلایەكی ترەوە دەبوایە سكاڵاكاران ئەوەیان بە ئەگەر وەربگرتایە لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكاندا كاریگەری لەسەر پرسی بەیەكەوە ژیان دەبێت كە چەندین ساڵە لە هەرێمدا بەرقەرارە، كاریگەری لەسەر دۆخی شاری كەركوك دەبێت كە شاری بەیەكەوە ژیانەو كورد تیایدا زۆرینەیەو خواستی سەركردایەتی كوردستانە كە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێم. ئەو شەڕەی لە بەغدا كردیان دەكرا لە كوردستان بیانكردایە، ئەو لایەنانەی ملیان نەدەدا كورسی پێكهاتەكان دابەش بكرێ، سەری كێشا بۆ نەهێشتنی یەكجارەكی كورسییەكان وەدەرنانیان لە پەرلەمانی كوردستان. ئەگەر لە كوردستان چارەسەر بكرابوایەو لە دو پارێزگەدا چڕ نەكرابونایەوە سەری نەدەكێشا بۆ ئەوەی رەت بكرێنەوەو نەمێنن.

6-جگە لەمانە دادگا بڕیاری لە نادەستوریبونی بڕگەی (2) لە مادەی (56) یاساكە داوە، كە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی لە پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستاندا نەبێت. لەكاتێكدا ئەم بابەتە لە داواكەدا نەهاتوە، بەپێی ئەمە دەبێت بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانیش هەڵبوەشێنرێتەوە كە تیایدا هاتوە "پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق." بەپێی ئەم بڕیارە بێت ئیتر لەمەودوا دامەزراوەی پەرلەمان لەبایەخی كەمتریش دەبێتەوەو هیچیتر مەرجەعی خەڵكی كوردستان نابێت! لەكاتێكدا خەباتی سیاسی بەشێكی گەورەی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمدا ئەوە بوە پەرلەمانی كوردستان ببێت بە مەرجەعی باڵا، بۆ نمونە لە پرسەكانی تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، دەستور، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ و چەندانی تر لەژێر سەقفی پەرلەماندا یەكلایی بكرێنەوە. لەهەموشی گرنگتر هەمیشە زۆرینەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی لای ئەو هێزانە بوە كە پارتی نەبون، چونكە سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتی و پەرلەمانیش لای لایەنەكانی تر بوە. لە ئێستادا كە مەرجەعیەتی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وەردەگیرێتەوە، ئەو هێزو لایەن و كەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرانەی چەندین ساڵە شەڕی ئەوەیان دەكرد پەرلەمان مەرجەعی باڵای چارەسەركردنی پرسە چارەنوسسازەكان بێت، لانی كەم بەپێی بانگەشەكانی رابردویان، دەبو ئەگەر ئیدانەی ماددەكانی تریش ناكەن، ئیدانەی ئەو ماددەیەیان بكردایەو بهاتنایەتە دەنگ، چونكە گورزەكە بەر ئەوانە كەوتوە، كەچی جگە لەوەی سەبەبكارن، بێدەنگیشن.

پەیامەكانی پشت ئەم بڕیارە زۆر لەوە گەورەترە تا لە پرسی یاسای هەڵبژاردندا بچوك بكرێتەوە، چونكە جیا لەبڕیارەكانی دیكە كاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێگەو چارەنوسی هەرێمی كوردستان دەبێت و لێكەوتەكانی ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم دیاری دەكات. ئەوەش دەگەیەنێ كە تەنها ڕكابەرەكانی كورد پەنا نابەنە بەردەم دادگای باڵای ئیتیحادی بۆ بەرزكردنەوەی داوا دژ بە حكومەتی هەرێم، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەوەندە ناكۆكن! داوا لەسەر سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بەرزدەكەنەوە بۆ بە نادەستوری ناساندنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان! ڕاستییەكی تاڵە لایەنەكانی هەرێم ئەوەندە ناتەبا بن، دامەزراوەكانی ئەوەندە ناكارا بن، پەنا بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی ببرێت! دادگایەك (بەو پێكهاتەیەی ئێستای) چارەنوسی داواكارییەكانیان دیاری بكات و وەك پارێزەری مافە دەستورییەكانی گەلانی عێراق لێی بڕوانرێت.

لەراستیدا ئەم بڕیارەی دادگای ئیتیحادی، درێژەپێدەری كۆمەڵێك بڕیارو یاساو هەنگاوە كە لە ڕابردودا دراون بۆ لەقاڵبدان و بچوككردنەوەو دو كەرتكردنی قەوارەی هەرێم، ئاماژەن بۆ ئەو خواستەی كە چیتر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی نەمێنێ، بەڵكو وەك یەكەیەكی كارگێڕی و هاوشێوەی هەریەك لە پارێزگاكانی تری عێراق ئەژمار بكرێت. ئەو هەنگاوە مەترسی ئەوەی لێدەكەوێتەوە لەمەودوا پەرلەمان نەتوانێت بە رۆڵی تەشریعی خۆی هەڵسێ و نەتوانێ هیچ یاسایەكی بنچینەیی چارەنوسساز لە هەرێمی كوردستان دەربكات، چونكە ئەگەر تۆزقالێك بە دڵی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبێت دادگەی ئیتیحادی هەڵی دەوەشێنێتەوە. ئەمەش وادەكات پەرلەمان لە دامەزراوەیەكی یاسادانانەوە ببێت بە دامەزراوەیەكی بێ رۆڵ و كاریگەر، كاتێكیش دامەزراوەی تەشریعی رۆڵی نەمێنێ، ئۆتۆماتیكی سیستەمەكە لە لامەركەزی سیاسییەوە دەبێت بە لامەركەزی ئیداری، ئەمەش سەرەتای نەمانی فیدرالیەتە. چونكە نیەتێك هەیە لە عیراقدا كە دەوڵەتەكە ببێتەوە بە مەركەزی و فیدرالیەت هەڵوەشێتەوە، ئەو راستیەش لەمەوە سەرچاوە دەگرێ كە تا ئێستا رێگری لە پێكهێنانی هەرێمێكی تری شیعی یا سوننی دەكرێت و بەئاشكرا بەر بەو هەوڵانە دەگیرێت كە لە خوارو و ناوەڕاستی عیراقدا هەن، كە ئەمەش پێچەوانەی دەستورە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم مەرامە و داخستنی دەرگەی پێكهێنانی هەرێمی تر، دەخوازن بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەست پێبكەن.

 بەڵام ئایا لە هۆكاری بنەڕەتی ئەم ڕوداوانە تەنها نەیارەكانی بەغدان؟ یان لەئەستۆی ئەو لایەنانەیە كە سكاڵایان تۆمار كردوە؟ یاخود، بنچینەی هەڵەكان خودی هەرێمە و دوای چارەسەرنەكردنی كێشەكانی وەكو بڕینی موچە، سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێك نەكەوتن لەسەر كۆتا و چەندانی تر؟ دەبێ ئەو راستییە بزانرێت بەشێكیان جگە لەوەی ویستێكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیان لە پشتەوەیە، بەشەكەی تری دەرەنجامی بنبەستی سیاسیی هەرێم و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی و پشتگوێ خستنی دەنگە دڵسۆزەكان بو، خەسڵەتەكانی بێ ئاگایی و گەندەڵی و نادادی و نەبونی حكومەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو دەسەڵاتێكی ڕەشید لە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكین. سەرباری ئەوەی بەشێكی هێزە سیاسییەكان تاكڕەوانە هەنگاویان دەنا، لە بری ئەوەی ململانێكانیان ببەنە ناو پەرلەمان، كەچی بۆ دەستشكانەوەی یەكتر هانایان بۆ بەغدا برد، لەكاتێكدا عیراق بۆخۆی بەدەست دەیان كێشەی دەستوری و سیاسییەوە دەناڵێنێ‌! هێزە سیاسییەكان دەرەقەتی ململانێكانی خۆیان نەدەهاتن لەناو پەرلەمان و حكومەت، بەغدایان بە فریادڕەس زانی تا ململانێكانیان بۆ یەكاڵا بكاتەوە. لەناو ئەو بەرداشەشدا هاوڵاتیانی هەرێم و ئەزمونەكەی زەرەرمەندی یەكەم بون. كە ناچار كران بۆ مافەكانی قوت و ژیانیان هانا بۆ بەغدا ببەن. ئێستاش لایەنە سیاسییەكان بەناچاری ئەبێ رازی بن بەوەی بەسەریاندا سەپێنراوە، چونكە ئەم بڕیارە بەپێی ماددەی (94)ی دەستور پابەند كارە، قابیلی تانەو پێداچونەوە نییەو تەنها دەبێ جێبەجێ بكرێت.

ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم نیشتمانیانەو دڵسۆزانە كاری بكردایە، خەڵكی بە هی خۆیانیان دەزانی و هانایان بۆ هیچ لایەنێكی تری دەرەكی نەدەبرد! ئەگەر لە هەرێمدا دەستور پەسەندبكرایە، ئێستا نە دەستوری عێراق لە هەمو ڕویەكەوە دەكرایە مەرجەعیەتی یاسایی بۆ كوردستان و نە بەغداش دەبوە قیبلەگای چارەسەر، بەڵام لایەنە سیاسییەكان، ئەوەندەی سەرقاڵی بابەتی لاوەكی و بەرژەوەندی حزبی بون، نەپەرژانە سەر بەجێگەیاندنی بڕیارە ستراتیژییەكانی تایبەت بە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.

یەكێكی تر لە هۆكارەكان سیاسەتی نادروستی هێزە سیاسییەكانە لەهەمبەر شەرعیەتی دامەزراوەكان و بێبایەخ كردنیان،  كە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان لەلوتكەی ئەو بێ ئەرزش كردنەدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیەش بەرپرسیاری یەكەم لەو پاشاگەردانییە مێژوییەی روی لە ئەزمونەكە كردوە، خولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی بون، كە جێبەجێكاری ئەو سیاسەتە قێزەونە وێرانكەرە بون. چونكە هیچكام لە گرفتەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بژاركردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دۆسیەی كۆتاكان، نوێكردنەوەی دامەزراوەو دەستەكانی وەك كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی ئەوەندە قورس نەبون تا پەرلەمان نەتوانێ چارەسەریان بكات، لاوازی و دەستەمۆیی و بێ ئیرادەییان وای كرد لەئاست بەرپرسیارێتی و بەجێگەیاندنی ئەركە سەرەتاییەكانی پەرلەمان و ئەو سوێندە یاساییەدا نەبن كە خواردبویان!

ئەو پاشاگەردانی و گەڕەلاوژەیەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت، ئاسۆی بینینی لای تاكی كورد لێڵ كردوە، تا ئاستێك دۆست و دوژمنی لێتێكەڵ ئەبێت و سەركەوتن و شكست لە یەك جیا ناكاتەوە. پارتی و یەكێتی، وەك دو هێزی سەرەكی، لەبری پاراستنی شوناسی كورد و سەروەریی نیشتمان، خەریكی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیانن، دەبێ لەو راستییە بگەن، ئەو شێوازە حوكمرانییەی تا ئێستا لە هەرێمدا پەیرەویان كردوە شكستی خواردوە، بەردەوامبون لەسەری هەم كۆتایی بە ئەزمونەكە دەهێنێت و هەم لەبەردەم مێژودا تۆمەتبار دەبن بە لەباربردن و بەفیڕۆدانی خەبات و قوربانیدانی قۆناغێكی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بۆ دەربازبون پێویستمان بە لێبوردەیی و بنیاتنانی سیستمێكی سەردەمیانەی نوێ هەیە، پێویستە ئەو مەترسیانەی ببنە هۆی راچڵەكینی سەركردایەتی كوردستان و بیكەن بە دەرفەتێك بۆ دەرچون لەو میحنەتانەی بەسەر خەڵكی كوردستان و ئەزمونەكەیاندا هێناوە.

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

4/3/2024

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×