حیزبی کۆمۆنیست داوا دەکات هەردوو حکومەتی عێراق‌و هەرێم پابەند بکرێن بەدانی موچەی مامۆستایان‌و کارمەندان
  2024-03-04       406       

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، لەراگەیاندراوێکدا داوا دەکات موچەی مامۆستایان‌‌و کارمەندانی هەرێمی کوردستان بەبێ دواکەوتن و لێبڕین بدرێت‌و دەڵێت "دەبێت هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێم پابەند بکرێن بەدانی موچەی مامۆستایان‌و کارمەندان".

 

ئاوێنە: دەقی راگەیاندراوەکەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:

 

پابەندکردنی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە دانی موچە، تەنها هەنگاوی یەکەمە!

وەک بەرئەنجامێک لە دۆخی ناهەمواری کارمەندان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لەژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چەند مانگەی مامۆستایاندا، سەرەنجام دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری پابەندکردنی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی بە دابینکردنی موچەی کارمەندانی کوردستانی لە بڕیارێکدا ڕاگەیاند. بەم جۆرەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، کە ساڵانێکە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و کێشمەکێشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، دەرگایەکی یاسایی بۆ چارەسەر و دەرکێشانی لە بازنەی کێشمەکێشێکی سیاسیدا بەڕوویدا کراوەتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیاڕەی دادگای فیدراڵی دەستکەوتێکە، بەڵام هەرگیز لە خەمخۆری و دڵسۆزی ئەو دادگایەوە نییە بۆ مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان و نابێ لەلایەن موچەخۆران و مامۆستایانەوە، وەک "فریشتەی نەجات" لێی بڕوانرێت. چونکە خودی ئەم دادگایە سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە ئامڕاز و نیهادەکانی سیستەمێکی شکستخواردوی ئەو فیدرالیزمەیە، کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لە سەرانسەری عێراقدا، بە کوردستانیشەوە، لە نەهامەتی و بێعەدالەتیەکی زەقدا ڕاگرتووە، هاوکات وەک چەکێکی قانونی و سیاسی بۆ ڕێکخستنەوە و بەلاداخستنی ناکۆکی و بەرژەوەندییەکانی لایەنە شیعی و سوننی و قەومییەکان و هاوپەیمانێتیەکانی نێوانیانەوە بەدەستەوە گیراوە. بەتایبەتیش لەماوەی ڕابردوودا و لەسەر ئەو بابەتانەی کە خاڵی ناکۆکی بوون لەنێوان بەغدا و هەولێردا، بە ئاڕاستەی باڵادەستکردنەوەی حکومەتی عێراق و فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و تەسلیم بوونی هەرچی زیاتریان بە حکومەتی ناوەندی ڕۆڵی گێڕاوە و هیچ کاتێکیش ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی لەبەرچاونەگرتووە.    

بەڵام ئەوەی کە پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە دژی "مافە دەستوریەکان و قەوارەی" هەرێم لێکدەداتەوە و یەکیەتی نیشتمانییش بە دەستکەوت و هەوڵە دیبلۆماسیەکانی خۆی لە بەغدا دەزانێ، هاوکات ئەو ناکۆکیانەی کە لە پەیوەند بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە سەری هەڵداوە و خودی ئەو کێشەیەش کە موچە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بانكەکانی بەغداوە یان بانکەکانی هەرێمەوە بدرێت، خۆی نیشانەیەکە لەوەی کە پرسی موچەی موچەخۆرانی کوردستان هێشتا لە ناکۆکی و کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان و هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە یەکجاری دەرنەکێشراوە، هێشتا لایەنەکان دەیانەوێت بەپێی بەرەژەوەندیەکانیان درێژە بەو یاریە سیاسیە بدەن کە ساڵانێکە موچەی کارمەندانی کوردستانیان خستۆتە گیروگازەوە. لەکاتێکدا ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و هەردوو حکومەتی عێرا ق و هەرێمە، کە لە سایەی فیدراڵیزمێکی شکستخواردو و دادگاکەیدا، دوو دەهەیە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کارمەندان و موچەخواران و هاوڵاتیانیان چ لە کوردستان و چ لە شارەکانی عێراق، لە گەندەڵی و تالانچێتیدا خنکاندووە و ژیانێکی سەخت و ناهەمواریان بەرەوڕووکردوونەتەوە. بۆیە دەبێ مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران و سەرجەم خەڵکی بێبەش و برسیکراوی کوردستان ئەم بڕیارەی دەدگای فیدڕال وەک دەستکەوتێکی خۆیان و هەنگاوێکی سەرەتایی وەربگرن، بۆ ناچارکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند بە دانی مووچەکانیان و گێڕانەوەی هەموو ئەو مووچانەشی بەزۆر لێیان زەوتکراوە بەناوی پاشەکەوتەوە، لە مەیدانی ناڕەزایەتیەکاندا بمێننەوە و نابێ بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ خۆشخەیاڵ بن و چاولەبەری حکومەتەکەی سودانی بن بەوەی کە کێشەی موچە بە چارەسەری کۆتایی خۆی دەگەیەنن. بەپێچەوانەوە ئێستا کاتی ئەوەیە کە ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و کارمەندان پتەوتر و ڕێکخراوتر و فراوانتر خۆی بنوێنێ و ڕێگانەدات، دەسەڵاتداران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یاری بە پرسی موچەوە بکەن و ئەو دەستکەوتەی بەدەستهاتوە لە نیوەی ڕێگادا ڕابوەستێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەرجۆرە خۆشخەیاڵییەک بە دادگای فیدڕاڵ و حکومەتەکەی سودانی توڕهەڵدرێ و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مامۆستایان فشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتداران چ  لە کوردستان و چ لە عێراق توندتر و فراوانتر بکەنەوە.

مامۆستایان، کە وەکو پێشەنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مووچەخۆران و بگرە خەڵكی ناڕازیش دەرکەوتوون، دەبێ نەک هەر لە سازدانەوە و یەکگرتووکردنی ڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خۆیاندا بن، بەڵکو لە هەوڵدابن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی هەزاران کرێکار و کارمەندی کەرتی تایبەت کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە موچەکانیان دەبڕدرێ و لەکاتی خۆیاندا پێیان نادرێ، هاوکات دەبێ بە هێنانە گۆڕی خواستەکانی بێکاران و زەحمەتکێشان و کوڕان و کچانێکی گەنج کە دەرچووی زانکۆکانن و چەندین ساڵە دانەمەزراون، سەرنجی بەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان ڕاکێشن. بزوتنەوەی مامۆستایان بۆ ئەوەی بتوانێ پرسی موچە بە یه‌کجاری یەکلابکاتەوە، دەبێ بەشێوازی گونجاو شەقام و ناوەندی شارەکان وەک بزوتنەوەیەکی چینایەتی سەربەخۆ بەدەستەوەبگرێ و بە ڕۆشنی ڕابگەیەنێت کە:

١/ هەرجۆرە یاریکردنیك بە موچەی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستانەوە، قبوڵکراو نییە ودەبێ هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان بە فەوری بەبێ لێبڕین و دواخستن، ڕاستەوخۆ موچە دەستەبەربکەن.

٢/ ئێمە مامۆستایان و کارمەندان، لە ناکۆکی و کێشەی ێیوان بانکەکانی هەرێم و بەغدادا، تەرەف نین، ئێمە خوازیاری موچەکانمانین بەبێ دواکەوتن و لێبڕین.

٣/ هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێ لە زوترین کاتدا پرسی پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆران و بە هەمیشەیی کردنی مامۆستایان و کارمەندانی گرێ بەست ڕابگەیەنن.

٤/ داوادەکەین کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، کرێکاران و موچەخۆرانی کەرتی تایبەتیش، سەبارەت بە دانی موچە لەکاتی خۆیدا بێ لێبڕین بگرێتەوە.

٥/ داوادەکەین هەردوو حکومەت چارەنوسی موچە نەدراوەکانی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستان لە زوترین کاتدا، مەعلوم بکەن.

 

مامۆستایان کارمەندانی کوردستان، موچەخۆران!

پابەند کردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دانی موچەکانمان، بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ڕابردوومانە، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی یەکجاریمان بە هەموو داخوازیەکانمان، بۆیە دەبێ بە چاوی کراوەوە لە هێزی خۆمان و دۆخەکە بڕوانین، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا بە حزبەکانیان و دامودەزگا و دادگاکانیانەوە، جێگای بڕوانین و هەمیشە پاساو و پلانیان هەیە تا خۆیان لە جێبەجی کردنی خۆاستەکانمان دەرباز بکەن.

ئەزمونی خەباتی جەماوەری سەلماندویەتی کە بەدەستهێنانی یەکجاری خواستەکانمان بەندە بە دابینکردنی ڕابەرییەکی یەکگرتووی پشت بەستوو بە جەماوەر و ڕاوەستانە لە بەرامبەر ئەو کۆت و بەربەستانەی کە دەسەڵاتداران لەبەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچونی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەکەماندا دروستی دەکەن. سازدانەوەی دەستەکانی جەماوەری ناڕازی و مامۆستایان و هەڵبژرادنی نوێنەران و فراوانکردنەوەی ئەنجومەنەکان و یەکگرتوکردنیان لە دەوری ئاسۆیەکی خەباتکارانە و سەربەخۆ لە حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆن مەرجێکی سەرکەوتنە. هاوکات دەبێ ڕێگانەدەین حزبەکان پرسی موچە و خواستەکانمان ببەستنەوە بەو بەرژەوەندیانەی خۆیانەوە و وەک کارتێکی سیاسی بەکاری بهێنن. نابێ هیچ چاوەڕوانیەکمان نە لە حکومەتەکەی سودانی و نە لە دادگای فیدڕاڵ هەبێ لە چارەسەرکردنی کێشه‌کانماندا، ئەمانە نە دۆست و نە پشتیوانی ئێمەن، بگرە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەریماندا، ناچاربون کە لەسەر خواستەکانی ئێمە هەڵوێست بگرن. دۆست و پشتیوانی ئێمە خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێشی شارەکانی عێراقە و دەبێ لەگەڵیاندا لەهەوڵی بەدەستهێنانی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی بین.

 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣/٣/٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×