یەكێتی: هەڵبژاردنی داهاتو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕین
  2024-03-04       180       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە یادی راپەڕیندا داوا لە هاوڵاتیان دەكات بە بەشداریكردنی فراوان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت رێڕەوی حکومڕانی "چاکترو گەشەپێبدەن" و داواش دەكات پێكەوە "هەڵبژاردنی داهاتو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین."

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی یادی 33 ساڵەی راپەڕینی خەڵكی كوردستانەوە، رایگەیاند"ئەمڕۆش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا رومان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستانە و دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتەکایەوە تا بەگیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی ڕاپەڕینی دێرینەوەو بە دەنگدانی دیموکراتی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا ئەزمونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە."

وتوشیەتی"پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری رێڕەوی حکومڕانیمان چاکترو گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕاپەڕین بەدیبهێنین. بە جۆرێک هەڵبژاردنی داهاتو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین."

دەقی پەیامەكە:

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

یادی 33 ساڵەی راپەڕینی گەلەکەمان لە هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، بەتایبەتی لە کچان و کوڕانی کوردەواری کە لە سایەی ئەزمونی خۆبەخۆ و دیموکراتی وڵاتەکەماندا پێگەییون و ئەمڕۆش دیمەنی هەرە گەشی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان  پێکدێنن.

لە 5ی ئازاری دەروازەی راپەڕین، لە ڕانیەوە، بۆ زەماوەندی ڕزگاری لە سلێمانی و روخانی قەڵای ستەمی بەعس لە هەولێری هۆلاکۆ بەزێن و دهۆکی رەنگین و خانەقینی بوکی گەرمسێرو تەواوی شارو شارۆچکەکانی تر تا نەورۆزی ڕزگاری کەرکوکی قودسی کوردستان، هەڵمەتی راپەرین  داستانێکی نیشتمانیی گەلەکەمان بو بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەری خۆراگری بەعس بەزێن.

ئەمڕۆش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا رومان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستانە و دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتەکایەوە تا بەگیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی ڕاپەڕینی دێرینەوەو بە دەنگدانی دیموکراتی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا ئەزمونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوەو پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری رێڕەوی حکومڕانیمان چاکترو گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕاپەڕین بەدیبهێنین. بە جۆرێک هەڵبژاردنی داهاتو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین.

لە بیرەوەری هەمیشە گەشاوەی بڵێسەی راپەڕیندا

سڵاو لە شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و خەباتی دیموکراتی لە عیراقدا

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان و رێکخستنەکانی داینەمۆی راپەڕین.

گەلی کوردستانیش، بە هەمو پێکهاتەکانییەوە، هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوبن

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 

٥-٣-٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×