یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێم: كاردەكەین بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور
  2024-03-05       197       

سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور ئاشكرادەكات و دەڵێت، لەسەر هێڵن بەمەبەستی گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سورو لەوبارەیەشەوە پێشنیارێكیان كردوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

ئاوێنە: شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ ئەندامان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور و هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو، داواشمان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ کردوە کە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکاری هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پێشنیارمان کردوە گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵبگیرێت و رێگری بكرێت له‌ هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵی خۆماڵی بۆ بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق."

سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئەوشی خستەڕو"بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور بەشێکی پەیوەستە بەبەرزبونەوەی نرخەکەی لە جیهانداو بەشێکیشی پەیوەستە به‌وه‌ی ئێران هەناردەکردنی ئاژه‌ڵی له‌ رێگەی سنورەکانییەوە قه‌ده‌غه‌ كردوه‌ چ ڕاستەوخۆ بێت یان تڕانزێت، له‌به‌رئه‌وه‌ نرخی گۆشت له‌ بازاڕه‌كانی عێراق له‌ 25 هه‌زار دینار زیاتره‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش‌ 20 هه‌زار دینارە."

سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا "جێی دەستخۆشییە وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ چەند پێشنیارێكیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، ئاسانكاریی ته‌واویان بۆ هاوردەکاران كردوە، ئه‌وه‌یش له‌ رێگەی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و ماوه‌ی هاورده‌كردن به‌پێی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان، پشتیوان بە خوای گەورە لە چەند ڕۆژی داهاتودا ئەنجامەکەی دەبینین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×