پارێزگاری هەولێر داوای خەرجكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەكات
  2024-03-05       301       

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی پەرەپێدانی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق داوای خەرجكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەكات و دەڵێت، ئەوە "مافێکى یاسایی هاوڵاتییانە و پەیوەندى بەهیچ کێشە و گرفتێک نییە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بەئامادەبونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، پێشوازیکرد لە خالید حەسەن ساڵح، سەرۆکى لیژنەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق و ئەندامانى دیکەى لیژنەکە و شاندێکى هونەرى یاوەریان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە دیدارەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى پشکى هەرێمى کوردستان بەگشتی و هەولێر بە تایبەتى لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى عێراق کرا. پارێزگارى هەولێر "تیشکى خستە سەر ئەو نا دادپەروەرییەى کە لە ساڵى (2012)ەوە بەرامبەر هەرێمى کوردستان گیراوەتەبەر و تاوەکو ئەمساڵ کە 2024، پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدان ڕەوانە نەکراوە"

پارێزگاری هەولێر وتوشیەتی"خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان، مافێکى یاسایی هاوڵاتییانە بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندى بەهیچ کێشە و گرفتێکى دیکەوە نییە، هيوادارين ئەو پرسە نەبەسترێتەوە بە کێشەکانى دیکەى نێوان هەرێم و بەغدا."

ئومێد خۆشناو داواشى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو کرد، هەماهەنگ و هاوکاربن لە خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ ئەمساڵ 2024 و ڕێگە نەدەن وەک ساڵانى ڕابردوى لێبکرێت.

وتیشى"هەولێرى پایتەخت لە ڕوى ژمارەى دانیشتوانەوە نزیکەى (2 ملیۆن کەسە) ئەوە سەربارى ئەوەى زیاتر لە (300 هەزار) ئاوارە و پەنابەرانى کەمپەکان و بارەگاى کونسوڵخانەو نوێنەرایەتى وڵاتان و سەرجەم ئوفیسەکانى UN لە سنورى پارێزگاکەمانە، بۆیە خوازیارین لیژنەى ناوبراو ڕەچاوى ئەوە بکەن کە پارێزگاى هەولێر لە ڕوى پێویستى خزمەتگوزاریى و پڕۆژەکان و داواکارى هاوڵاتییان، زۆر جیاوازترە لەگەڵ پارێزگا و ناوچەکانى ترى ناوەڕاست و خواروى عێراق".

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەو پڕۆژە و داواکاریانەى پارێزگاى هەولێردا کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردودا لە بارەى چارەسەرى "وشکەساڵى، گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا و کێشەى کەم ئاوى شارى هەولێر" ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵ کراوە و "تاوەکو ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە"، بۆ ئەو مەبەستەش داواى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو کرد، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بۆ ئەو داواکارى و خواستانەى پارێزگاى هەولێر بکەن.

لەلایەن خۆیانەوە لیژنەى پەرەپێدانى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق، بە وردى باسیان لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت کرد و تەئکیدیان لەوە کردەوە "ئەرکى ئەوان گەیاندنى پەیام و داواکارى پارێزگارانى هەرێمى کوردستانە بە حکومەتى فیدراڵ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لیژنە پەرلەمانییەكە، سەبارەت بە پڕسى پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە پڕۆژە یاسای بودجەى عێراق، ڕایانگەیاند، "بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان مافێکى ڕەوای پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان وەک پارێزگاکانى ترى ناوەڕاست و خواروى عێراق، لەمنزیکانەش بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتى وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵ بۆ پەرلەمانى عێراق دەکەین و ڕێگە نادەین چیتر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بێبەشبکرێن لە بودجەى پەرەپێدان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×